ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی باشووری کوردستان سپاس و پێزانینیی خۆی دەربڕیوە.
دەقی بەیاننامەکە:
لەپاش هێرشی مووشەكی و درۆنەكانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حیزبەكان و ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون، شەپۆلێكی بەرین لە هاودڵی و هاوخەمی لەلایەن خەڵكی باشوری كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و بەتایبەتی لەو ناوچانەی بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لێ بووە ئاراستەی حیزبەكان كرا؛ هەر كەس لەلایەن خۆیەوە باوەشی گەرمی بۆمان كردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك نیشان دا و بەمەش هەستی ئینسانی و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەیی خۆیان بە گەرموگوڕی سەلماندەوە.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەم ڕێگەوە سوپاسی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی باشووری كوردستان و هەموو ئەو كەسانە دەكات كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمیی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد، ئەگەرچی هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكرا. سوپاسی ئەو دوكتور و پەرستارانەش دەكەین كە لەكاتی ڕووداوەكەدا خۆبەخشانە و بەخێرایی بەدەممانەوە هاتن و چارەسەری بریندارەكانیان كردین.
ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی باشور جارێكی دیكەی ئەوەی سەلماند كە هەر خۆمان پشتوپەنای یەكترین و ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی كورد وەك كۆماری ئیسلامی كە هەمیشە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان كوردانی باشور و ڕۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە دەدات.
ئەزمونی هەرێمی كوردستان گلێنەی چاوی هەموو كوردێكە و فەرزە لەسەر هەموومان وەك گلێنەی چاو بیپارێزین.
سڵاو لە خەڵكی بەشەرەف و نیشتمانپەروەری هەرێمی كوردستان
بڕوخی كۆماری پەت و سێدارە
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی
٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢