کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی کوردستان و ئێران پەسند کرد

19:07 - 14 رەزبەر 2722

پارلەمانی ئورووپا بۆ پشتیوانی لە خەڵكی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بڕیارنامەیەکی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بە توندترین شێوه مەحکووم کرد.

لەو بڕیارنامەیەی پارلەمانی ئورووپادا هاتووە ئێمە وێڕای ئەوەیکە لێبڕانەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکەین بە هەمان شێوەش پشتیوانی لەو لاوانە دەکەین کە ڕۆڵی ڕێبەرییان لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە.

پارلەمانی ئورووپا کەڵکوەرگرتن لە هێزە ئەمنییەتییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردووە و داوای کردووە سەرجەم دەسبەسەرکراونی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکرێن.

چەند کاتژمێر پێش پەسندکردنی ئەو بڕیارنامەیە لە پارلەمانی ئورووپادا "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوی ڕێژیمی تاران هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئورووپایی کردبوو.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی تاران وتبووی کە ئەگەر ئەو یەکیەتییە پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی بکات کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وڵام دەداتەوە.

"ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" خەڵكی ناڕازی بە "تێرۆریست و و ئاژاوگێڕ" لە قەڵەم داوە.

قسەکانی ناوبراو لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی جیهانی دژی ڕێژیمی ئێرانە و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی دەکەن.