کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی جەماوەریمان لە پێگەی مووشەکیی ئەوان بەهێزترە

21:29 - 14 رەزبەر 2722

پژمان شەریعەتی

پێگەی جەماوەری یان کۆمەڵایەتی  چەمکێکە لە کۆمەڵناسی و فەلسەفەی سیاسی، کە هەڵدەگەڕێتەوە سەر جیاوازیی نێوان گرووپەکان لە بواری ڕێزگرتن و وەرگرتنی پۆزتیڤی ڕەوتێکی ئەندیشەیی و پاڵپشتیی هەمەلایەنە.

لێرەدا ئێمە هەڵسەنگاندنێک دەکەین لە پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان.

حیزبی دێموکرات کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەپێناو ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بۆ کیانێکی کوردی و دێمۆکراسی و کەرامەتی مرۆیی تێ‌دەکۆشێ، لەسەر ئەندیشەیەکی نیشتمانی و فەلسەفەی ئازادیی مرۆڤ‌تەوەرانە بونیات نراوە.

لە دەسپێکی دامەزرانی ئەم حیزبە مودێرنە سیاسییەوە، بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بە خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، پلان و ستراتژی و ئامانجی دواڕۆژ دیاری دەکەن کە پرسە سیاسییەکان و چەمک و پەیویستییەکانی بە جەماوەری کردنی خەبات بۆ ڕزگاری دەکاتە نەخشەڕێگایەک بۆ سەرکەوتن.

فەلسەفەی دامەزران و عەقڵییەت و شێوازی خەباتی فرەڕەهەندی حیزبی دێموکرات وا دەکات کە سەرنجی هەموو چین و توێژ و سەندیکا، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، چ لە بواری ئایینی چ لە بواری دابەشکردنی کۆمەڵایەتی بەلای خۆیەوە ڕادەکێشت و لە ماوەیەکی کورت لە دامەزرانی، ببێتە گەورەترین حیزبی سیاسیی کوردستان، چ لە بواری ڕێژەی ئەندامان، چ لە بواری پاڵپشتیی جەماوەری کۆمەڵگە.

ئەوەیکە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکرات لە دریژەی ٧٧ ساڵ خەباتی بێ‌وچانی چین و کامانەن، پەیویست بە باس و بابەتی جیاواز و خوێندنەوەی وردی بڕگەکانی مێژوویی دەکات، بەڵام لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەوەیکە ئەم حیزبە چەندە لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاون ئێعتبارە.

حیزبی دێموکرات کە خەباتی ئاشکارای خۆی دەست پێ دەکات، لەنێو جەماوری خەڵک تێکۆشان دەکات و شەقام دەبێتە بنکەی سەرەکیی ئەم حیزبە و گوفتومانی خۆی بە پرەنسیپێکی سیاسی و عەقڵانی دەخاتە بەرچاو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە وریایی و تێگەیشتن ئەدەبیاتی تایبەتیی دەبێت بۆ هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە و؛ پێوەری سەرەکی بۆ ئۆرگانیزم و ڕێکخستن دەکاتە پرسی نەتەوەیی و پێداگر دەبێت لەسەری.

ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەیکە تاکی کورد بە ئاسانی خۆی تێدا ببینێت و ئەو ئەدەبیات و پرەنسیپی سیاسی و دیسکورسە بە هی خۆی بزانێت و خاونداریەتی بکات لە ئەندیشەی نیشتمانی کە ڕەمزی سەرەکیی یەکگرتن و پیشکەوتنی هەمووان تێدا بەدی دەکرێت، هەربۆیە حیزبی دێموکرات بە تایبەتی لە پاش شوڕشی گەلانی ئێران دەبێتە زمانحاڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەمەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە ئەم حیزبە پێگەی جەماوەریی خۆی بە شێوازی خەبات، سیاسەت، پلان و تێکۆشانی بەردەوام بە دەست دەیهێنێت، واتە بە شێوەی ئیکتسابی دەبێتە پێشەنگ و ڕێزی لێ دەگیردرێت و لە هیچ بڕگەیەکی مێژوویی بە شێوەی ئینتسابی، لەلایەن هیچ جەریانێکی فکری و سیاسی و تاک نەبووەتە حیزبی یەکەم و لە ڕاستیدا لە ئاستی کەلان بەپێی پێوەری کولتووری و ڕووناکبیری جێگای خۆی دەدۆزێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە هیچکات ئەم حیزبە و ڕێبەرانی پشتیان لە خەڵک نەکردووە و لەبیریان نەچووە و ناچێت کە لە خەڵکن و بۆ خەڵک تێ‌دەکۆشن و ئەمەیش وای کردووە کە حیزبی دێموکرات ببێتە سەرمایەیەکی مرۆیی و ئەندیشەیی کە کوردستانییەکان خۆیان بە خاونی بزانن.

تەنانەت لەو کاتەیشدا کە حیزبی دێموکرات ناچار دەبێت بەشیک لە بەدەنەی ئاشکرای خۆی بباتە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچکات بنکەی سەرەکیی خۆی لە دەرەوە نەزانیوە و هەمیشە شەقامی کوردی بنکەی سەرەکی ئەو حیزبە بووە، لە لایەکی دیکەشەوە لە شاخ کە بەرگری دەکات لە خەڵکی شار، هەر ئامانج شەقامە و بەرگری و هەموو شێوازەکانی ڕەوا لە خەباتی لە بەرچاو گرتووە بۆ پاراستی خەڵکی ڕۆژهەڵات.

کە واتە حیزبی دێموکرات لە زەین و دڵی خەڵک‌دایە و بەشی هەرەزۆری بەدەنەی ئەم حیزبە لە نێوخۆی وڵاتن و ڕێژیم بە سەدان جار ئەو هەڵەیەی کردووە و وانەی لێ وەرنەگرتووە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندیشەیە و لە زەینی تاکەکان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتە و لەوپەڕی دۆشداماوی پەلاماری چەند بنکەیەکی حیزب لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات دەدات.

مێژووی حیزبی دێموکرات پێمان دەڵێ بە سەدان جار ئەم حیزبە کەتووەتە بەر پەلاماری مووشەک‌باران و هزاران جار توپباران کراوە و کەوتووەتە بەر هێرشی تێرۆریستی، سەرەڕای ئەوە هەر بەردەوام بووە و نەک لاواز نەبووە، بەڵکوو هەرجارە و تینی خەباتی زۆرتر بووە.

جینایەتی ٦ی ڕەزبەر بە مووشەک‌بارانی بنکە مەدەنی و سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات و وڵامدانەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە مانگرتنێکی سەراسەری، دیسان ئەو پەیامەی بە ڕێژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامیدا کە حیزبی دێموکرات چەند بینایەیک نییە کە بە مووشەکەکانی بیڕۆخێنێت و بەو خەیاڵە خاوە بێت کە ڕادەوستێت، بەڵکوو حیزبی دێموکرات ئیرادەیەکی کوردستانییە کە بە هیچ هێزێک ناڕۆخێت و لەم ململانێیەدا دیسان حیزبی دێموکرات براوە بوو و سەرکەوت.

بۆیە بە دڵنیایی و قورس و قایم دەتوانین بڵێین کە پێگەی جەماوەریی ئێمە لە پێگەی مووشەکیی ئەوان بەهێزترە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.