کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: کۆمەڵگەی ئێران گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕیندا

22:03 - 14 رەزبەر 2722

ڕاپەڕینی خەڵکی ئیران بەدژی تەواوەتیی ڕێژیم لە سێهەمین حەوتووی خۆی‌دایە. ئەم ڕاپەڕینە هەتا دێ پتر لەنیو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا پەل داوێ و هەنگاوەکانی بەرەوپێش دەبڕێ. خامنەیی پاش هەموو ئەو ڕۆژانە لە کۆبوونەوەیەک لەنێو هێزە سەربازییەکانیدا ئەو ڕووداوانەی بە کەم‌بایەخ دانا و بڕیاری خڕکردنەوە و سەرکوتکردنی دا. لە پێوەندی لەگەڵ دواگۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتدا و تاوتوێی دوورەدیمەنی ناڕەزایەتییەکان "کوردستان" دیمانەیەکی لەگەڵ کەماڵ کەریمی، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک‌هێناوە:

خامنەیی لە بارودۆخی ڕاپەڕین و هەستیاری ئێستادا لە زانکۆی ئەفسەری دەرکەوت و قسەی کرد. ئەم بابەتە چۆن لێک دەدەنەوە؟ بۆ چی لە زانکۆی ئەفسەری؟

ڕاستییەکەی نزیکەی سێ حەفتەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە، بە بەردەوامی لە ئێران بەڕێوە دەچن، هەر ئەوەی کە لەو ماوەیەدا خامنەیی لە هیچ شوێنێک دەرنەکەوت بۆ خۆی زۆر جێگای پرسیار و گومان بوو، ئایا ترس و نیگەرانی بوو لەوەی کە دەرکەوێت، یا نەیدەزانێ چی بڵێ، یا بەرفراوانیی خۆپێشاندانەکان ئەوەندە زۆرە کە جێگەی قسەی بۆ خامنەیی نەهێشتبۆوە، یا شتی دیکە. بەڕاستی زۆر زۆر گرینگ بوو، ئەمەش کە دوێنێ دەرکەوت و ئەوەش دیسان زۆری گومان لەسەرە، لە ڕاستیدا هەست کرا کە تەواو دەرکەوتنێکی نمایشی بوو، چون ئەگەر گوێ لە قسەکانی خامنەیی دەگری، هیچ بابەتێکی تایبەتی نییە و جیا لە هەڕەشە و دەسخۆشی لە هێزە ئینتیزامییەکان و جیا لە پشتگیری لەو کوشتارانەی کە دەکرێ و بە قەولێك هاندانی هێزەکانی ئینتیزامی و سپا بۆ ئەوەی کە بەرەوڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە، لە ڕاستیدا دەرکەوتنی لەو شوێنە ڕەنگە زۆرتر شتێکی نمادین بێ، بەڵام زۆرتر ئەوە دەردەخات کە خامنەیی بۆ خۆی لەو مەوقعیەتەدا نییە کە ئێستا لە شوێنێکی بەرفراوانتر یا شوێنێکی گەورەتر یا لە شوێنێکی ڕەسمیتر دەرکەوێت. ئایا خامنەیی ئێستا لە چ شەرایتێک‌دایە کە ناوێرێ بچێتە شوێنی وا زۆر پرسیاری لەسەرە، بەڵام دیسانیش هەر ئەم دەرکەوتنەی نیشانی دا کە خامنەیی لەڕاستیدا بەو توانایی و بەو گوڕوتینانەی کە پێشتر لە ساڵەکانی ڕابردوودا دەهات لەسەر خۆپێشاندانەکان قسەی دەکرد، دیسانیش ئەو تواناییەی لێ نەبینرا و ئەو گوڕوتینەی کە هەیبوو لە بەرخورد کردن و لە جۆری قسەکانی جۆرێک لە نیگەرانیی یەکجار زۆری پێوە دیار بوو و دەرکەوت کە ئێستا خامنەیی لە مەوقعییەتێکدا نییە کە جیا لە هاندان بۆ سەرکوت هیچ ڕێنماییەکی هەبێت بۆ هیچ لایەنێک.

خامنەیی ئەمجاریش ناڕازییانی ئێران و کوردستانی بە ئاژاوەچی و خائین و پیلانگێڕیی وڵاتانی دوژمن و دەستی دەرەکی ناو برد. بۆچی خامنەیی هەمیشە بەم شێوەیە خەڵکی ناڕازی پێناسە دەکا؟ کەی قەرارە دەنگی ئەوان ببیستێ؟ پێوەندیی ڕاپەڕینی خەڵک و دروشمەکانی ڕاپەڕین و ویستەکانی خەڵک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل چییە کە خامنەیی پێکەوەیان دەبەستێتەوە؟

ئەگەر تەواوی قسەکانی ساڵەکانی ڕابردووی خامنەیی لەگەڵ ئەوجارەی بە بەری یەک بگرین، دەبینین کە کۆمەڵێک سەردێڕن کە بەردەوام دووپاتەیان دەکاتەوە، واتە حەشیمەتی چەندین میلیۆنیی ئێران بەستراوە بە دەرەوەن، هەر خۆپێشاندانێک لە ئێران بە هاندانی ئامریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی بەڕواڵەت دوژمنی ئێرانن، ئەوەی کە خۆپێشاندان دەکا بەشێکی بەکرێگیراوی بێگانەن و لە دەرەوە هان دەدرێن و بەشێکیشی هەڵفریوان و نازانن، یانی هیچ گۆڕانێک لەم سەردێڕانەدا بەدی ناکەی، لە ساڵی ٩٦، لە ساڵی ٩٧، لە ساڵی ٩٨، لە ١٤٠٠ ، لە ساڵی ١٤٠١ ئەگەر سەرنج دەدەیتە سەر قسەکانی لە واقیعدا ئەمە مانشێتی قسەکانیەتی، هەموو یەک شتە کە ناگۆڕدرێ، هۆکارەکەشی دیارە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ناتوانن بەرخوردی فکری بە خۆیان بکەن کە هۆکارە ڕاستەقینەکەی ئەم خۆپیشاندانانە دەردەخا، کە سەرچاوەی ئەم خۆپیشاندانە نە دنیای دەرەوە بەڵکوو خودی جمهووریی ئیسلامییە، خودی نیزامە کە بە دروستکردنی ئەو هەموو موشکیلاتە کە لە ئێراندا بەهۆی ئەوانەوە دێتە پێشەوە ئەو خەڵکە دێنە خیابانەوە، بۆ ئەوەی کە خۆی دوور بخاتەوە، هەمیشە لە هەندێ کێشە و گیر و گرفتەکانی خەڵکی ئێران بەگشتی، کە خودی ڕێژیم سەرچاوەی دروسکردنیەتی بە ناچار پەنا دەباتە بەر ئەم سەردێڕانە کە ئەوە دەزگای CIAی ئامریکایە، ئەوە سەهیۆنیستەکانن، تەنانەت دوێنیش باسی عەرەبستانی سعوودیی کرد. قەتیش نایە بەرخورد بەوە بکا کۆمەڵگەیەک کە بە دەیان میلیۆن جیرەخۆر و بەکرێگیراوی بێگانەی لێ بێ، دیارە کە کۆمەڵگەیەکە کە لەگەڵ ئەوان نەماوە، بەڵام بۆ خۆ دوورخستنەوە لە واقێعی مەسەلەکە و بۆ خۆ دوورخستنەوە لە باس لە سەر ئەسڵی کێشەکان هەمیشە هەوڵ دەدات کە پێی بێگانە بێنێتە نێو مەوزووعەکە، لە واقیعدا ئەمەش جۆرێک دنەدانی ئەو هێزە بونیادگرایانەیە بێ کە لە دەوری خۆیدا ماون، کە ئەویش ئێستا ئیتر زۆریش ئەو جۆر بیرکردنەوە لە دەوری نەماوە، زۆرتر بۆ تەحریکی ئەمانەیە بۆ ئەوەی کە سەرقاڵی مەسائیلی دەرەوەیان بکا، وا بکات کە ئیتر ئەمەیان لە بیر بەرێتەوە کە لە واقیعدا ئەمانیش بەشێکن لەو خەڵکە و موشکیلاتێکیان هەیە کە ئەوانیش خۆیان لەگەڵیان دەرگیرن.

کوردستان و بەلووچستان لە قسەکانی خامنەییدا بۆڵد بوو. لە کاتێکدا ڕاپەڕینەکان هەموو ئێران، تەنانەت قوم و مەشهەدیشی گرتۆتەوە، بۆچی  خامنەیی بەتایبەت باسی ئەم دوو ناوچەیە دەکات؟

لە ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام کۆماری ئیسلامی ویستوویەتی کۆمەڵگەی ئیران لە تەوەهۆمێکدا ڕابگرێ ، ئەویش تەوەهۆمی جودایی‌خوازی و لە نەزەری ئەوانەوە تەجزیەی ئێرانە، کە ئەم دوو شوێنەش بە بەردەوامی و بەتایبەت کوردستان شوێنێک بووە کە بە بەردەوامی قسەیان لەسەر کردوە و بە بەردەوامی خەڵکی ئێرانیان پێ ترساندوە. لەم وەختەدا لەڕاستیدا دەیانەوێ بە زەقکردنەوەی ناوی ئەم دوو شوێنە دیسان ئەو سیاسەتە وەبیر خەڵک بێننەوە کە ئەوە مەترسییەکە لە جێگای خۆی‌دایە کە ئەوان ساڵانیکە باسی کوردستان و بەلووچستان دەکەن، بەتایبەت کوردستان کە دەڵێن دەیانهەوێ ئێران تەجزیە بکەن، دەیانەوی تەداعیی ئەو فکرە بکەنەوە بۆ خەڵک کە ئەوە دیسان لەم دوو شوێنەیە کە دیسان کێشەکە گەورەتر بووەتەوە، لەحاڵێکدا کە ئەو چەندین جار وڵامەکەی وەرگرتۆتەوە، ئەو میللەتە شەریفەی کە ئەو باسی دەکات، کە دەڵێ میللەتی کورد میللەتێکی شەریفن، هەر لەو دوو سێ حەفتەی ڕابردوودا دوو جار نیشانیان دا بە مانگرتنی گشتی کە ئیتر ئەم میللەتە شەریفە لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی نییە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران نیشانی داوە کە ئەم میللەتە بیر لە جیابوونەوە و بیر لە دابەشبوونی ئێران ناکاتەوە، بەڵکوو هەماهەنگیی خەڵكی کوردستان و خەڵكی بەلووچستانیش لەگەڵ شارەکانی دیکە لە دروشمەکانیاندا دیارە کە زۆرتر باس لە ئازادی دەکەن. بیرە نەتەوەییەکە لە جێگای خۆی، بەڵام ئێستا هەموو خەڵک بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خامنەیی لە ڕاستیدا لەسەر ئەوە کۆکن کە لە قۆناغێک‌دان کە دەبێ بیر لە ئازادی بکەنەوە و دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە.

ئەگەر خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ قسەکانی خامنەیی بکەن، پێتان وایە ئەم دەرکەوتنە چی لە دۆخەکە دەگۆڕێ؟

بەدوای قسەکانی دوێنێی خامنەیی و بە دوای ئەو هەموو تەحریکە و بەدوای ئەو هەموو جۆرێک ڕوو لە خەڵک کردنەکەی کە خەڵك ئەوە نەکەن، هەر ئەوڕۆ دەرکەوت کە خەڵكی ئێران هیچ گرینگییەکان بە قسەکانی دوێنێی خامنەیی نەداوە، جیاواز لەوەی کە لە زانکۆکان خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوامە، هەر دوێنێ دوای قسەکانی خامنەیی بە دەیان مامۆستای زانکۆ بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و هێندێک داواکارییان کردووە، هەر ئەمڕۆ دەبینین نەتەنیا لە زانکۆکان، لە زۆر ناوچەکانی ئێران و تەنانەت لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان مانگرتن و نەچوونە سەر کلاس کێشاویەتە نێو دەبیرستانەکان، هەر دوای قسەکانی خامنەیی خەبەر بڵاو بۆتەوە کە لە ئیسفەهان بەشێک لە بازاڕی ئیسفەهان داخراوە، لە ڕاستیدا دەردەکەوێ کە ئێستا ئیتر خەڵکی ئێران هیچ گرینگییەک بەوە نادەن کە خامنەیی چی دەڵێ، بەڵکوو ڕیگایەکیان گرتۆتە پێش کە پێیان وایە دەبێ ئەو ڕێگەیە بپێون و بە ئەنجامی بگەیەنن ئەویش لەکۆڵ‌کردنەوەی خامنەیی و نیزامەکەیەتی لە سەر کۆمەڵگەی ئێران.

ئەگەر بێینە سەر دۆخی ئێستای وڵات، هەمیشە باس لەوە دەکرا کە نەبوونی ئالترناتیڤ یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی ڕێژیمە. ئایا ئێستاش دەکرێ ئەو بۆچوونە بەهێز بێت؟ ئایا شەقام لە ئێستادا وێنایەک لەو ئاڵترناتیڤە نادا بەدەستەوە؟

ئەمە ڕەنگە وڵامێکی دوو لایەنەی هەبێت، بەڵێ ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنیکی یەکگرتووی بەهێز هەبوایە لەم خۆپێشادانەدا و ڕاستەوخۆ بیتوانیایە ڕێبەریی ئەم خۆپێشاندانانە بکات، چونکە خۆپێشاندانێکی ئاوا بەربڵاو پێویستی بەوەیە کە بەرنامەڕێژیی بۆ بکەی و هیدایەتی بکەی و لانیکەم ڕوانگەکانی بەنیسبەت داهاتووەوە بۆ خەڵک ڕوون بێت، ئەمانە هەموو کێشەیەکن کە تا ئێستاش ڕەنگبێ هەبێ. هەرچەند ئۆپۆزیسیۆن ڕۆڵی خۆی هەبووە و لە زۆر ڕێگاوە توانیویە دەنگی خۆی بە خەڵک بگەینێ، بەڵام لە لایەکی تریشەوە دەبینین لە ئێران مودیرییەتێک هەیە بۆ خۆپێشاندانەکان، کاتێ ئەبینین لە زانکۆیەکی ئێراندا خۆپێشاندان دەست پێ دەکات، ئەو پەیامە دەگاتە زانکۆکانی دیکە و پشتیوانیی لێ دەکەن، لە واقیعدا حەرەکەتە سێنفییەکان لە ئێراندا ئەمڕۆ لە ئاستی زانکۆکان، لە ئاستی مامۆستایان و فەرهەنگییاندا بەتایبەتی و ئەمە کە بەدڵنیاییەوە دەکێشرێتە ڕیزەکانی تر بۆ خۆی دەتوانێ ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێ و مودیرییەتی ئەم حەرەکەتانە بکا لەم بەشانەدا، هەتا ئەوکاتەی کە دەکرێ یەکگرتووییەک لە نێوان خۆیاندا درووست بکەن و لە واقیعدا ببێتە حەرەکەتێکی هەمەلایەنە و هەماهەنگ لە نێوان بەشە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەدا. بەڵام هەر شۆڕشێک قۆناغ‌گەلێک دەبڕێ، شۆڕش شەرت نییە ڕاستەوخۆ و لەلایەن ئۆپۆزسیۆنێکەوە بەرنامەی بۆ دابڕێژرێ و هیدایەت بکرێ، شۆڕش قۆناغەکانی خۆی دەبڕێ و لێرەدایە کە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێ ڕۆڵی ئەساسیی خۆی بگێڕێ، بەڵام ئێستا و لەم قۆناغەی ئێستای ئێراندا یەکێک لە شتە پێویستەکان ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات لە ڕاستیدا لەگەڵ بەشە چالاکەکانی نێوخۆی وڵات بتوانن هەماهەنگی بکەن و ئەمە یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی کە نەخشی ڕێبەری لەئەستۆ بگرن لە ئەم حەرەکەتانەی ئێراندا، کە بەدڵنیاییەوە من پێم وایە قۆناغی یەکەمی بڕیوە.

قۆناغی یەکەم زۆر گرینگە کە کۆمەڵگە بتوانێ لەم حەرەکەتە بەردەوام بێت و بەرەبەرە گەشەی پێ بدات ئەم قۆناغە بڕدراوە. ئێستا ئیتر کۆمەڵگەی ئێرانی گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان لە حەرەکەتەکانی خۆی، بە ڕای من ئەم خاڵە زۆر زۆر گرینگە کە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەرتری هەبێت، دەتوانێ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو بەشە چالاکەی نێوخۆ کە دەوری کاریگەرییان هەیە دەتوانێ هەماهەنگی بکەن و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوەیە بکەن هەتا کۆتایی‌هێنان بە ئەرکەکەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە بباتە سەرەوە.

کەمایسییەکانی ئێستای ئەو ڕاپەڕینە لەچیدا دەبینن؟

ڕەنگە نەکرێ لەو دۆخەی کە ئێران تێی‌دایە بەتایبەت لە هەندێ ناوچەکاندا کە هەوڵی داوە تەنانەت حکوومەتی نیزامی بسەپێنی بە سەر ناوچەکاندا، وەکوو کەمایەسی باسی بکرێ، چون نیگەرانییەکانی خەڵك هەست پێ دەکەین و دەزانین لە هەموو شوێنێ بەداخەوە دەزگای سەرکوت چالاکە و دەبینین لە شوێنی جۆراوجۆر لە ئێران کەس دەکوژێ، دەسبەسەرکرانەکان یەکجار زۆرە، بەتایبەت لە یەک حەفتەی ڕابردوودا، بینیمان کە خەڵکێکی زۆر ناسراو لەنێو هونەرمەندان، لەنێو نووسەران، لەنێو چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەسبەسەر کراون و لە کۆمەڵگە دووریان خستوونەتەوە، کە ئەوە بۆ خۆی کاریگەریی نێگەتیڤی خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر بڵێم یەکێک لە کەمایەسییەکان گەیاندنی پەیامێکی گشتییە بۆ کۆمەڵگە کە دەبێ هەموو بە یەکەوە حەرەکەت بکەن، ئێمە ئێستا لە هەموو زانکۆکاندا ئەم حەرەکەتانە دەبینین، کە هەماهەنگییەکی باش لەئارادایە، بەڵام لە نێوان شارەکاندا، لە ناڕەزایەتیی سەر شەقامکاندا ئەم هەماهەنگییەی ئێستا بەتەواوی نییە، دەبینین لە هەندێ شاردا بە بەردەوامی ئەم حەرەکەتانە هەیە بەڵام لە شارەکانی تر بە شێوەی مەوزەعی یان کاتی ئەم حەرەکەتانە هەیە، ئەگەر ئەمە پڕ بکرێتەوە و هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەی کە خەڵک ئەم پەیامە وەربگرن، هەماهەنگییەک دروس ببێ لە نێوان هەموو شارەکاندا، هاوکات پێویست ناکا بە توندوتیژی بێ، دیسان جەخت دەکەینەوە، حەرەکەت‌گەلێکی ئارام لە هەموو شارەکاندا بەیەکەوە درێژە بدرێت بێگومان تواناییەکانی سەرکوتیش دیسان کەم دەبێتەوە.

دوێنێ هەواڵمان پێ گەیشت لە هەندێ شوێنی کوردستان هێزە تایبەتەکانیان کێشاونەتەوە بۆ تاران، لە ڕاستیدا دوو هۆکاری هەیە، یەکیان ئەوەی کە وا دیارە لە تاران فشارێکی یەکجار زۆر لە سەر هێزە سەرکوتکەرەکان هەیە و بەشێکی ڕەنگبێ ئەوە بێ ئەو هێزەی لەوێ هەیە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو هەموو خۆپێشاندەرانە نییە، بەشێکیشی ئەوەیە کە ڕەنگبێ لەو شوێنانە ئەو فشارەی کە پێویستە لە سەر ئەوان نییە. ئەگەر یەکێک لە کەمایەسییەکان ئێستا ببینین لە ڕاستیدا ئەوەیە کە هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەموو شارەکاندا نییە، دیارە لە زۆر شاری ئێران ڕۆژانە ئەمە بەڕێوە دەچێ بەڵام سروشتییە ئەگەر ئەمە پەرە بگرێ و لە هەموو شارەکان بە بەردەوامی ئەم ڕێپێوان و خۆپێشاندانە ئارامانە بەڕێوە بچێت بێگومان ئەوانیش ماندووتر دەبن، و ئەوانیش توانانی سەرکوتیان دێتە خوارەوە و بەرەبەرە تووشی هەڵوەرین دەبن، ئەگەر شتەکە گشتگیرتر بێ لەوەی کە ئێستا هەیە، دووەمیان ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ئیستا ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات دەبێ هەماهەنگیی خۆی نیشان بدات، ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات پێویستە هەماهەنگ بێت و پەیامێکی هاوشێوە و هاوبەش بدات بە خەڵكی ئێران بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بزانن پەیام لە کوێ وەردەگرن و بزانن مەسیری حەرەکەتیان بە کوێ دەگات.

دوورەدیمەنی ڕاپەڕینەکە چۆن دەبینن؟ ئەرک و بەرپرسایەتییەکان چین و لەئەستۆی کێن؟

ڕەنگە زۆر شت پێشبێنی نەکرێ بەڵام، ئەم حەرەکەتەی ئەمساڵ کە لە ڕاستیدا وەک ڕاپەڕینیكی گشتیی بەخۆیەوە گرتوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی تردا هەڵدەسەنگێنێن. لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا زۆر خۆپیشاندانی گەورەمان بینیوە لە ئێراندا، لە خۆپێشاندانی خوێندکاران لە ساڵی ٧٨دا دەستیان پێ کرد و بە بەردەوامی دواتر هەتا ساڵی ٨٨ و ٩٦، ٩٧ و ٩٨ و هەتا ئەمساڵیش، ئەگەر بە بەراورد لەگەڵ ئەمانەدا چاوی لێ بکەین، ئینسان گەشبین‌ترە بەنیسبەت داهاتووی ڕاپەڕێنەکە، ئەگەر دەڵێین ئەمەیان ڕاپەڕینە و جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەوانی تر، بەو مانایەیە کە ئێستا ئەمەیان گشتگیرترە لە هەموو حەرەکەتەکانی تر، ئەگەر پێشتر خۆپێشاندان بوو لە ناوچەگەلێکی تایبەت، لە شارێکی تایبەت دەبینین کە لە ڕاستیدا ئەمە ڕاپەرێنی گشتیی هەموو خەڵکی ئێرانە، لە بەلووچستانەوە هەتا ئازەربایجان، لە مەشهەدەوە هەتا خووزستان، لە باکووری ئێرانەوە هەتا بەندەرعەباس، ئیتر شوێنێک نەماوە کە ئەم حەرەکەتەی تێدا نەبینیت، ئەمە ڕەنگە بۆ خۆی ئومێدێکی زیاتر بدات بە هەموو ئەوانەی کە هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ ئەم ڕاپەڕینە، بۆ هەموو ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ لەم ڕاپەڕینەدا بەشدارن، ئەمن پێم وایە ئەمەی کە ئێمە ئێستا پێی دەڵێین ڕاپەرینی خەڵکی ئێران دەتوانێ هیوادار بێ داهاتووی خۆی، هەرچەند دەڵێم، زۆر شت پێشبێنی ناکرێ بەڵام ئەوەی کە دەزانین نیزامی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی‌دایە، دەزانین هێزە سەرکوتکەرەکانی توانای ئەوەیان نییە کە ڕووبەڕووی هەموو خەڵکی ئێران ببێتەوە و بەردەوام ڕیزش دەکات، تەنانەت چەندە ڕاست بێ یا نا، دەبینین ڕۆژانە پەیام لە فەرماندە نیزامییەکانەوە بڵاو دەبێتەوە کە واز لە سەرکوت دێنن. تەنانەت باس لە فەرماندەکانی هەرەبەرزی ئەرتش دەکرێ لە یەک لەوان بینیمان لە کۆبوونەوەکەی خامنەییشدا حزووری نەبوو. ئەوە ئەمە دەردەخات کە ئەگەری هەیە دەسبەسەر کرابێ یا بۆخۆی بەشداریی نەکردبێ، ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە؛ لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم کە ئەگەر ئینسان دەڕوانێتە داهاتووی ئەم ڕاپەڕینە، ئەو جیاوازییانەی کە لە نێوان ئەم ڕاپەڕینە و خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵەکانی پێشوو دەیبینین جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەمە بەربەرینە و بەرەو ئایندەیەکی ڕوون دەڕوا و تەنیا ئەوەندە دەڵێم ئەگەر ئەم هەماهەنگییەک لە نێوان خەڵکدا لە ئێران بپارێزرێ، لە ڕاستیدا ئەم حەرەکەتە بەم هەماهەنگییەوە درێژە بکێشی کە بەدڵنیاییەوە درێژە دەکێشی، ئەگەر ئەمە هاندەر بێ بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات لە نێوان خۆیاندا هەماهەنگییەک پێک بێنن، ئەو بەشە چالاکەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی لە نێو خۆیاندا هەماهەنگییەک پێک بێنن و پەیامێکی ڕاستەوخۆ بدەن بە خەڵك. من پێم وایە ئەم دوو شتە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەم ڕاپەڕینە ئاکامێکی ئەرێنی بە دوای خۆیدا بێنێت و بگاتە ئەو ئاکامەی کە بتوانێ زیاترین فشار بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی تا ئەو جێگایە کە کۆماری ئیسلامی، لە ڕاستیدا تووشی ڕووخان بکات، ئەمە ڕەنگە وەکوو ئەوەی خامنەییی باسی دەکا هیچ پێویستی بە دەستێوەردان و پاڵپشتیی دنیای دەرەوە نەبێ، ئێمە بینیمان لە دنیای دەرەوە بە میلیۆنان کەسی ئێرانی و خەڵكی پشتیوانی ڕاپەڕینەکەی گەلانی ئێران هاتنە مەیدان، لە زیاتر لە ٢٠٠ شار لە یەک ڕۆژدا لە مەیدانە گەورەکانی شارە گەورەکانی دنیادا خۆپێشاندانیان کرد، ئەمە بۆ خۆی دەتوانێ پشتیوانییەکی مەعنەوی بێت، ڕەنگە ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتە ئورووپاییەکان و ئامریکاییەکان کە خامنەیی بە دەستێوەردانی ناو دەبات کاریگەریی هەبێت تەنانەت کاریگەیی لەسەر سیاسەتی ئەوان و پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی ئەوان لەگەڵ ئێران بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە گرینگە پشتیوانیی خەڵکە لە هەموو دنیادا لەم ڕاپەڕینە.

 دەبینین کە تا ئێستا هەشتەگی مەهسا ئەمینی نزیکەی ٢٢٠ میلیۆنی تێپەڕاندوە، ئەمە ئەم پشتیوانییەیە کە یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی ئێران بتوانن درێژە بە حەرەکەتەکەیان بدەن و ئەم هاوپێوەندییە گشتییەیە، پشتیوانیی خەڵك لە دنیادا نە دەوڵەتەکان، بە ڕای من هۆکارێکی گرینگە کە خەڵک لە ئێراندا هان بدات کە درێژە بەو حەرەکەتەیان بدەن. بۆیە دەبێ بە هیواوە چاو لەم حەرەکەتە بکەین، هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنەسەرکاریەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکی ئاوا و بەرەوڕووی ڕاپەڕین نەبووەتەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و زۆر شت بووبێتەوە. لە ساڵی ٨٨ دا بینیمان ساڵ و نیوێک درێژەی کێشا بەڵام لە ڕاستیدا چون سنووردار بوو و شێوەیەک ناڕەزایەتیی بە یەک شتی تێدا بوو ئەویش ئەوەی کە "دەنگی من چی لێ هات"، لە ڕاستیدا نەیتوانیوە ببێتە دەنگی گشتیی خەڵكی ئێران بەڵام ئێستا مەسەلەی ئازادی بۆ ئێران و ئەم دروشمە جوانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە کەوتووەتە سەر زاری هەموو ئێرانییەکان و ئەو هاوپێوەندییە کە لە نێوان ئێرانییەکان درووس بووە، کە زەمانێک دەڵێن لە کوردستان تا تاران و ئێستا دەڵێن لە بەلووچستان تا تاران، لە تەورێز دروشمی هاوپێوەندی لەگەڵ کوردستان دەردەکەن، لە ڕاستیدا من پێم وایە، ئەمانەن کە دەتوانن زیاتر هیوادارمان بکا کە داهاتووی ئەم حەرەکەتە ڕوونە و بە ئاکام دەگات.

سپاس کە لەو بارودۆخەدا کاتت بۆ ئەو دیمانەیە دانا

ئێوەش ماندوو نەبن کە لەو دۆخەدا نەتانهێشت دەنگ و ڕەنگی حیزبی دێموکرات لەکار بکەوێ و ئەو شوێندانەرییە گرینگەی هەبێت.