کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێ ئامریکا بە دژی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران

12:25 - 15 رەزبەر 2722

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا گەمارۆی خستەسەر وەزیری نێوخۆ و پێوەندییەکان وهەروەها ٤ بەرپرسی باڵای سپا و پۆلیسی ڕێژیمی ئێران.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی لە بیستەمین ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و بە تایبەتی کوردستان، بە دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ٧ بەرپرسی باڵای ڕێژیمی ئێرانی وەکوو "ئەحمەد وەحیدی وەزیری نێوخۆ، عیسا زاڕع پوور،وەزیری پێوەندییەکان، حوسێن ساجدی نیا، جێگری عەمەلیاتی هێزی ئینتزامی، یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای پاسداران، وەحید مەجیدی بەرپرسی پۆلیسی سایبێری، حوسێن نەجات، فەرماندەی قەرارگای سارۆڵڵا و حوسێن ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تارانـ"ـی بەهۆی سەرکوت و پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران خستە لیستی گەمارۆکانیەوە. 

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەدژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئامریکا وتی:" ئامریکا هەموو ئەو کەسانەی کە خەڵكی ئیران بێبەری دەکەن لە بوونی ژیانێکی ئازاد ناچار بە وڵامدانەوە دەکا".

ئەو حەوت کاربەدەستە باڵایەی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەیکە دەستیان لە سەرکوتی بێ بەزەیانەی خەڵکدا هەبووە و هەروەها ئینتێرنێتیان لەسەر خەڵک پچڕاندووە لەلایەن ئامریکاوە سزا دراون.

لە دوای خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێراندا ڕێژیمی ئێران جیا لەوەیکە بە توندی خەڵکی خۆپیشاندەری سەرکوت دەکات لە هەمان کاتدا ئینتێرنێتی لەسەر خەڵک پچڕاندووە.