کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێنی "ژینا"ی کورد ڕژاوەتە نێو گەرووی کاربەدەستانی ڕێژیم و خەریکە بیانخنکێنێ

13:21 - 15 رەزبەر 2722

مستەفا شەڵماشی

بەهۆی شەهیدبوونی کچێکی لاوی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی تیمەکانی "گەشتی ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەوەخت و بەجێ مانگرتن و خۆپێشاندانی ڕاگەیاند و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاتنە سەر خەت و پشتیوانییان لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان کرد. خەڵکی تێکۆشەر، زیندوو و  دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەڵامی بانگەوازی حیزبەکانیان دایەوە و دوکان و بازاڕ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گاڵە دران.

وەڵامدانەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە داوای حیزبە کوردستانیەکان بۆ مەحکومکردنی ئەو جینایەتەی ڕێژیم ئەوەندە بەربڵاو و بەهێز بوو کە لە ماوەی بیست‌وچوار سەعاتدا تیشکی هاویشت بۆ شەقامەکانی زیاتر لە سەد شاری گەورەی ئێران بە تارانی پایتەختیشەوە. درووشمی زۆر بەجێ وگشتگیری "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشمی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو چین‌وتوێژ و گرووپ‌بەندییە سیاسیەکانیەوە و تەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەلەرزە خست. هەروەها کچە شەهیدی کورد ژینا "مهسا" بوو بە ڕێبەر و پێشەنگی خەبات بۆ کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی ئێران. جگە لەوە ناوی ژینا لەنێو مێدیای کوردی، ئێرانی و جیهانیدا لاپەڕەکانی یەکەمی مێدیا و سۆشیال مێدیای بۆخۆی داگیر کرد.

لە ماوەیەکی کەمدا شەقامەکانی زۆربەی نیزیک بە تەواوی شارەکانی ئێران بوون بە مەیدانی بەربەرەکانێی لاوەکانی ئێران لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم. خوێندکارەکانی زانستگاکان، وەرزشوانان، کەسایەتییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتییە سیاسیەکان، ڕۆژنامەنوسەکان و بەشێکی بەربڵاو لە کەسایەتیە ناسراوەکان پشتیوانییان لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان کرد و بە دەربڕینی مێدیایی، لە مەیدانەکانی تۆپی پێدا، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و لە هەر ڕێگایەکی دیکەوە کە بۆیان گونجاو بوو، پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی بەربڵاو وشکۆداری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان دەربڕی. لە دەرەوە دیاسپۆڕای کوردی و ئێرانی دەستی کرد بە چالاکی لە شەقامی ئورووپا و ئامریکادا و هەر لە کاناداوە تا ئوستوڕالیا خۆپێشاندانی هەزاران و تەنانەت دەیان هەزارییان پێک‌هێنا. تەنیا لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەردا لە نیزیکەی دوو سەد شاری گەورەی جیهاندا خۆپیشاندانی بەشکۆ کرا. ژمارەی خۆپیشاندەران لە تۆرنتۆی کانادا تەنانەت لە پەنجا هەزار کەس تێپەری و لە زۆربەی شارەکانیش بە هەزاران، یا دەیان هەزار بوو.

یەکەم چەخماخەی ئەو ڕاپەڕینە بەشکۆیە، بەهۆی شێوەی بێبەزەییانە کوشتنی کچە لاوێکی سەقزی کە بۆ دیتنی پایتەختی وڵاتەکەی و بۆ چەند ڕۆژێک لەگەڵ براکەی سەفەری کرد بوو و تەنیا بە بیانووی بەدەرەوە بوونی بەشێک لە قژی شەهید کرا ، لێ درا. بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێ کە بڕیاری لێبڕاوانە و بەوەختی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانیی حیزبە کوردستانیەکانی دیکەش لە مانگرتن و ڕاپەرین، ڕۆڵێکی واتاداریان هەبوو لە وەڕێخستنی ئەو ڕاپەڕینە و گەورەکردنەوە و هاندانی بەرەو ئاستی شۆڕشێکی تازە لە ئێراندا. هەر بۆیە ڕێژیم هێندەی دیکە ڕق و تووڕەیی لە حیزبە کوردستانیەکان هەڵگرت و وەک هەمیشە وەڵامی جووڵانەوەی مەدەنیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە موشەک‌باران و بۆمبارانی فڕۆکەی درۆن بۆ سەر بنکە و بارەگا و کامپەکانی حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و بەزەیی بە منداڵی قوتابخانەشدا نەهاتەوە و قوتابخانەشی کردە ئامانجی مووشەکەکانی.

بەداخەوە لەو کردەوە جینایەتکارانەیەدا ١٧ کەس شەهید بوون کە ژنی دووگیان، منداڵی دوو ڕۆژە و ژنی بەتەمەنی تێدا بوو، هەروەها زیاتر لە پەنجا کەسیش بریندار بوون.

ئەو ڕاپەڕینە بوو بەهۆی تەقینەوەی ڕق و قینی چەندین ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران. چین و توێژە جۆراوجۆرەکان بە بیر و بۆچوونی جیاوازەوە لە دەوری ژیلای کورد و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە کوردستانەوە کەوتە سەرزاران، کۆ بوونەوە. کۆمەڵانی خەڵک بە تێکڕایی خۆیان لە خۆشەویستی بۆ ژینا و ئەو درووشمەدا دیتەوە کە ویستی هەموویانی تێدا بوو. ژنانی ئێران کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمەوە کەوتبوونە بەر زەبرو زەنگی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت مافی هەڵبژاردنی جۆری لیباس لەبەرکردن و دەسەڵات بەسەر جەستەی خۆشیان لێ وەرگیرابۆوە، لە یەکەم وشەی دروشمەکەدا وێنا کران و لە دوو وشەکەی دیکەدا بەڵێنی وەرگرتنەوەی مافەکانیان پێ درا. دووەم وشە و سێهەم وشەی درووشمەکە، واتە ژیان و ئازادی، ویستی هەموو کۆمەڵانی خەڵکن. خەڵک نان و ئازادیی دەوێ، تا بە سەربەستی بژی. بەڵام دەزانێ کە لە کۆماری ئیسلامیدا هەرگیز ئازادی نابینێ و بەو هەموو ئاژاوەگیڕی و تێرۆریزمەی کۆماری ئیسلامی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیشدا وەڕێی خستوە، هیچ کاتێک ناتوانێ خاوەنی ژیانێکی شیاوی ئەم سەردەمە بێ. هەر ئەوەش وای کرد کە درووشمەکانیش توندتر بن و سەری نیزامی کۆماری ئیسلامی بکەنە ئامانج و سەرەڕای دووپاتەکردنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، درووشمی بمرێ خامەنەیی و بمرێ کۆماری ئیسلامییش دووپاتە بوونەوە.

بەرهەمی ئەو بەدەنگەوە هاتنەی کوردستان بووەتە هۆی پێکهاتنی یەکیەتییەکی بێ‌وێنە لەنێو هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاکانی ئێراندا. ئەو هەوڵەی ڕێژیم بە درێژایی مێژووی چل‌وسێ ساڵەی خۆی داویەتی تا گەلانی غەیرە فارس بە تەجزییە‌تەڵەب تۆمەتبار بکا و فارسەکان بە مەترسیی دابەشبوونی ئێران بترسێنێ، هەمووی بوو بە بڵقی سەر ئاو و لە شەقامەکانی تاران و تەورێزدا دروشمی "کردستان، چشم و چراغ ایران" دەنگی دایەوە و گەلی ئازەری لە شەقامەکانی شارە گەورەکانیدا بە پێچەوانەی ویستی کاربەدەستانی ڕێژیم هاواری کرد، کورد برامانن و پشتیوانیانین.

هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ئەوڕۆش کاربەدەستانی ڕێژیم شۆکە بوون و نەیاندەزانی و نازانن چ بڵێن و چ بکەن. تەنیا شتێکی کە لەلای خۆیان شکی دەبەن و هەمیشە کەڵکیان لێ وەرگرتوە و تا ئێستاش بە کاری دێنن، سەرکوتکردنی ئەو کەسانەیە کە دێنە سەر شەقامەکان و تا ئێستا لەو سەرکوتکردنەدا لانی کەم سەد و پەنجا خۆپێشاندەر لە شەقامەکاندا شەهید بوون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها بە هەزاران کەس خراونەتە نێو سیاچاڵەکانی زیندانەوە.

دوی دوو حەوتوو خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە شاشەی مێدیاکاندا خۆ وەدەرخست و لە کاتێدا دەنگی نووسابوو، هێندێک وەڵامی کۆنی بۆ ئەو پرسیارانەی تازە لە سەری کەڵەکە بوون، لە ساکە ڕزیوەکەی دەرهێنان و دووپاتی کردنەوە. خۆپیشاندەرانی بە نۆکەرانی دەزگای هەواڵگریی ئامریکا و ئیسڕائیل لە قەڵەم دا و حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوە بەشخوراوەکانی دیکەی ئێرانی وەک تەجزیەتەڵەب ناو برد. خوێنی ژینا قوڕگی گووشیبو و باش قسەی بۆ نەدەکرا و جگە لە لێدانەوەی قەوانە کۆنەکە و هێندێک مەزلوم‌نمایی بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی، وەک سپای پاسداران و بەسیج کە گۆیا خەڵک زوڵمی لەوان کردووە، هیچ قسەیەکی دیکەی بۆ گوتن پێ نەبوو. دیارە زەبوونانە دیسان هەڕەشەشی کردنەوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕاسپارد کە بە حیسابی هەموو ئەو کەسانە بگەن کە لە خۆپیشاندانەکاندا بون، دەستیان هەبووە، یا پشتیوانیان لێ کردوون.

ئێستا ڕاپەڕینە مەزنەکە لە شۆڕش نیزیک بووەتەوە. گومان لەوەدا نییە کە ئەوەندە بەربڵاو و گەورە بۆتەوە کە ڕێژیم پێی کۆ ناکرێتەوە. ئاساییە ئەگەر هەڵکشان و داشکانی هەبێ و زۆریش ئاستەمە ڕۆژی سەرکەوتن دیاری بکرێ، بەڵام بێگومان دەتوانین بڵێین کە ئەم بڵێسەیە تازە ناکوژێتەوە. چوونکە چەند تایبەتمەندییەکی تێدایە کە لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی پێشوودا نەبووە.

یەکەم: هێزی شۆڕش و ڕاپەڕین لاوە تازە پێگەیشتووەکانی دەیەی هەشتان. ئەو نەوەیە سەرەڕای نەترسانی، بە هۆی چالاکبوونی لە سۆشیال مێدیادا شارەزایی لە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی دژواردا هەیە و دەتوانێ زوو خۆی بگۆڕێ. جگە لەوە نەوەیەکە کە بەهاسانی لە مەیدان  وەدەر نانرێ. ئاخرەکەی دەتوانێ پشتیوانیی دایک و بابەکانیش بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و کارەکە یەکسەرە بکا.

دووەم: یەکیەتییەکی بێوێنە لەنێو گەلانی ئێراندا پێک‌هاتووە. وێدەچێ ترسی دابەشبوونی خاکی ئێران بە دوای گۆڕانی ڕێژیمدا بە یەک شەو تواوەتەوە و کۆمەڵانی خەلکی ناوەندنشین چیدیکە بەو درۆیەی ڕێژیم ناخاپێنرێن و ئەوەش دەبێتە هۆی یەکگرتن و هاوکاریکردن و دروستبوونی ئاڵتەرناتیڤ بۆ ڕێژیمی ئاخوندەکان.

سێ: بەهۆی مانگرتنەکانەوە چینی مامناوەندی و بازاڕی دێتە نێو شۆڕشەکە و بە دوای منداڵەکانیدا دەکشێ و ناتوانێ چیدی بێ پشتیوان لە شەقامدا بەجێیان بێڵێت.

چوار: بە درێژبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم ماندوو دەبن و شک و گومانیان تێدا دروست دەبێ. ئەوان کە زۆرتر بە خاتری ئیمکاناتی ماددی ڕەگەڵ ڕژیم کەوتوون، بەرەبەرە لە مانەوەی ڕێژیم وەشک دەکەون و پشتی بەر دەدەن و هەڵدەوەرن.

پێنچ: دیاسپۆڕای ئێرانی و کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر و باشتر دێنە مەیدان و بە تەوژمێکی زۆرترەوە شوێن لەسەر بیروڕای گشتی وڵاتان دادەنێن و بڕیاردەرانی وڵاتە شوێندانەرەکان هان دەدەن کە پێداچوونەوە بە سەر پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەنەوە و چیدی ئەو ڕێژیمە بە نوێنەری خەڵکی ئێران نەزانن. تەنانەت خەریکن سیاسەتەکانیان بە نیسبەت ڕێککەوتنی "بەرجام"یش بگۆڕن.

شەش: ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بە ناوەندگەرا و نوێنەرانی نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێرانەوە، گەیشتوەتە ئەو ئەنجامە کە پێویستە هەرچی زووتر یەک بگرێ و ئاڵتەرناتیڤێکی دێموکڕاتیک بۆ ڕێژیمی ئاخوندەکان پێک بێنێ. ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر هەموولایەک ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە بە پاراستنی بۆچوون و تایبەتمەندییەکانی خۆیانەوە لەگەڵ هێزەکانی دیکە یەک بگرن بۆ تێپەڕبوون بەسەر کۆماری ئیسلامیدا. ئیدی بۆ کەس ئەو شک و گومانە نەماوە کە کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بتوانێ هێندێک شت بگۆڕێ. بۆیە ئیسڵاح‌تەڵەبی و دڵخۆشکردن بە ئیمکانی ئاڵوگۆڕ لەنێو ڕێژیمدا هیچ نەماوە. ئێستا هێزەکان بە تەواوەتی لە دوو بەرەدا جێ دەگرن: بەرەی کۆماری ئیسلامی و بەرەی خوازیارانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

تازە خوێنی ژینا گەرووی گرتوون و لە کۆڵیان نابێتەوە هەتا نەیان‌خنکێنێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.