![](/content/upload/1/news/55961_w920.jpg)
لە بەردەوامیی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا ١٥٤ کەس لە ئاستی ئێراندا کوژراون کە ٢٥ کەس لەوان کوردن. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ژمارەی کوژراوەکان زۆر لەوە زیاترە و ئەوان توانیویانە تەنیا ناو و نیشانی ئەوەندە کەسە پشتڕاست بکەنەوە.
لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکان لە کوردستان کە بۆ ناڕەزایەتی بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانەوە دەستی پێ کرد و پاش مانگرتنەکەی ٢٨ی خەرمانان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری کە دواجار مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە؛ ئەو ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییانە لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش گواسترانەوە.
بەپێی ئامارەکان لە کوردستان هەتا ئێستا ناوی کوژرانی ٢٥ کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە خەڵکی شارەکانی سەقز، دیواندەرە، ورمێ، پیرانشار، شنۆ، کرماشان، دێولان و مەریوانن.
لە ئاستی گشتیی ئێرانیشدا هەتا ئێستا کوژرانی ١٥٤ کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لەوان منداڵ و خوار تەمەن ١٨ ساڵن.