کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی کانادا بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی باڵای ژن لە نەتەوە یەکگرتووەکان

14:57 - 10 خەزەڵوەر 2722

پارلمانی کانادا لەگەڵ ڕێککەوتنی هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە داوای کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی باڵای ژن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەر بکرێ.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی کانادا لە گەڵاڵەیەکدا بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، داوای لە کۆمسیۆنی باڵای ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربکرێ، ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن "مێلیسا لانتێسمەن" جێگری سەرۆکی حیزبی بەرگریکاری کانادا خراوەتە بەرباس و لە پارلمان بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە و بە ڕەزامەندیی هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە بەزووترین کات کۆماری ئیسلامی لە کۆمسیۆنی باڵای ژن دەربکرێ.

پارلمانی کانادا یەکەمین پارلمانی یاسادانەرە کە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خوێناویی ژنان و کچانی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران هاتە سەر هێڵ و داوای دەرکرانی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی باڵای ژنی کرد کە یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە درێژەدا "لانتێسمەن" وتی: وێڕای سەرنجی زۆر لەسەر مەرگی تراژیکی "ژینا ئەمینی" لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە، سەرکوتکردنی مافی ژنان، ئازادییە مەدەنی و سەرەتاییەکان، پێشینەی زۆری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و توندوتیژی بەدژی ژنان لەژێر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، پارلمانی کانادا بە تەواوی پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی باڵای ژن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێ.