کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیخوازانی بەلووچ: هەینیی داهاتوو بە هێزی زۆرترەوە دێینە سەرشەقام

11:31 - 16 خەزەڵوەر 2722

ئازادیخوازانی بەلووچ لە دژکردەوە بە جینایەتەکانی ڕێژیم کە لە سێ هەینیی ڕابردوودا لە شاری زاهیدان و خاش خوڵقاندی، ڕایانگەیاند کە هەینیی داهاتوو بە هێز و ڕێخکستنی تۆکمەتر دێنەوە سەر شەقام.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ئازادیخوازانی بەلووچستان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێدا هاتووە: ''لە دژکردەوەی سەرکوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی بۆ سەر خەڵکی زاهیدان و خاش لە سێ هەینیی خوێناویی ڕابردوودا، ئێمە هەینیی داهاتوو بەشێوەیەکی توندوتوڵ و بە هێزێکی زۆرەوە دێینەوە سەر شەقام و دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران کە بەسەر خەڵکی بەلووچیدا هێناوە شەقام دەهەژێنین''.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکە‌دا ئازادیخوازانی بەڵووچ داوایان لە کۆمەڵگای گشتیی بەلووچ کرد کە سەبارەت بە خوێنی شەهیدانی زاهیدان و خاش کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کراون بێدەنگ نەبن و بە ئامادەبوونیان لە شەقامەکان هێزی خۆیان وەکوو خەڵکی بەلووچستان بە خامنەیی و هەموو دنیا نیشان بدەن. ئەوان رایانگەیاندووە کە ئێمە ناهێڵێن خوێنی شەهیدانمان بە فیڕۆ بچێ و بە هەژاندنی شەقامەکان و ڕووخانی ڕێژیمی ئێران تۆڵەیان دەستێنینەوە.