کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢٧ نوێنەری ڕێژیم داوایان کردووە خۆپیشاندەران لە سێدارە بدرێن

14:44 - 16 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەزەلوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ٢٢٧ بەناو نوینەر لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێراندا لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەزگای دادوەری کردووە کە خۆپیشاندەران لە سێدارە بدەن.

ئەو ٢٢٧ نوێنەرەی ڕێژیم هەروەها خۆپیشاندەرانی کوردستان و ئێرانیان وەکوو کردەوەی داعش وەسف کردووە کە بە ئیدعای ئەوان "بە چەکوچۆڵی سارد و گەرم هێرشیان کردووەتە سەر گیان و ماڵی خەڵک و بەشێک لە نوێنەرانیان داوەتە بەر هێرشی خۆیان".

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران، جگە لە شەهید و بریندارکردنی سەدان خۆپیشاندەر، بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر کراون و زۆربەیان لە سەر داوای دادگا بە تاوانی "دژایەتی لەگەڵ خودا" حوکمیان بۆ دەر کراوە.

لە یاسای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، ئەو کەسانەی "دژایەتی لەگەڵ خودا" دەکەن حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت.

پێشتر "ئەحمەد خاتمی" یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە خۆپیشاندەران ڕوو لە دەزگای دادوەری وتبووی کە دەبێ بە‌شێوەیەک ئاژاوەگیڕان سزا بدەن کە دیسان نەوێرن ئاژاوە بگێڕنەوە.

"محەممەد باقر قاڵیباف" سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ئیدعای کردووە کە ''مووساد، سی ئای ئەی'' و گرووپە شوێنکەوتووەکانیان، "داعشی نوێـ"ـیان خستووەتە کارنامەی خۆیانەوە.

لەلایەکی دیکەوە "موحسینیی ئێژەیی" سەرۆکی دەزگای داد، باسی ئەوەی کردووە کە نابێ حوکمی ئاسان بەسەر خۆپیشاندەراندا بسەپێنن.

ڕێژیمی ئیران لە حاڵێکدا خۆپیشاندەران بە ''داعش'' ناو لێ دەبات کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا، لە پیلانێکی تێرۆریستیدا بۆ خوڵقاندنی کەشێکی تۆقێنەر و ترسناک، لە "شاەچراغـ"ـی شیراز، بە دەیان کەسی کوشت و خستییە سەر شانی داعش، کە بۆ هەموو کەس ئاشکرا بوو کە ئەو جینایەتە خودی ڕێژیم خوڵقاندی.

ئەو هەڕەشانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە  خۆپیشاندانەکان زیاتر لە ١٢٠ شاری ئێرانی گرتووەتەوە و زیاتر لە  ٢٨١ کەسیان شەهید کردووە،  لەوانە ٦٦ کەسیان کورد بوون و ١٢٠ کەسیان هاووڵاتیی بەلووچ بوون و شارەکانی دیکە ٩٥ کەسیان شەهید بوون و زیاتر لە ٤٥٠٠ کەس لە شارە غەیرەکوردەکان بریندار و زیاتر  لە ١٢٥٠٠ کەسیش دەسبەسەرکراون.