كه‌ریم په‌رویزی
له‌و كاته‌دا كه ده‌سه‌ڵاتی تێزاری نه‌خۆش بوو و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی خه‌ڵكی ڕووسیه به گشتی ڕووی له هه‌ڵكشان بوو، لێنین كه ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی سۆسیال دێموكراتی ڕووسیه بوو و ڕێبه‌ری جه‌ناحی بۆلشویك واته ئه‌قه‌لییه‌ت له‌نێو ئه‌و حیزبه بوو، وتارێك و دواتر نامیلكه‌یه‌كی به‌ناوی "چی بكرێ؟"، بڵاو كرده‌وه كه تێیدا باسی له هه‌نگاوه‌كانی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری بۆ سه‌ركه‌وتن و ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی تێزاری كردبوو. له‌و نامیلكه‌یه‌دا به‌كورتی سێ شتی سه‌ره‌كیی ڕوون كردبۆوه كه بریتین له ڕوانینی سیاسی كه به زمانی ئه‌و كات پێی دەگوت ئاژیتاسیۆنی سیاسی یان به زمانی ئه‌مڕۆیی بڵێین ڕوانگه و دیمه‌نی سیاسی كه بۆ كوێ ده‌ڕۆین. دووهه‌م پرس، دیاریكردنی ئه‌ركی ته‌شكیلاتی وه‌كوو خۆی ده‌یگوت خه‌باتكارانی حیرفه‌یی، و پرسی سێهه‌م ڕێكخستن و به‌رنامه بۆداڕشتنی ئه‌و چینه‌ی كه به‌شداری شۆڕشه.
دوای نزیك به سه‌د ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌وكاتی ڕووسیەدا، ئێستا ڕێژیمی خومه‌ینی- خامنه‌یی، گه‌یشتۆته وه‌ها نوخته‌گۆڕانێك. ئێسته له مله‌یه‌كی زۆر توندی مێژوویی‌دایه و کۆمەڵگە ده‌ستی له بینه‌قاقای ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیهی ناوە و به دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ده‌یه‌وێ، ڕووناكی به‌سه‌ر تاریكی‌دا زاڵ بكا. ده‌سه‌ڵاتی خامنه‌یی له دوای ئه‌و هه‌موو ئاژاوه‌گێڕییه له نێوخۆ و ده‌ره‌وه و ناوچه‌كه، ئێسته هه‌م نه‌خۆش و لاره‌مله و هه‌م چاره‌نووسی خۆی گرێ داوه به‌و دڕۆنانه‌وه كه به ڕووسیه‌ی ده‌دا و خه‌ڵكی ئۆكراینی پێ بێ ئاو و بێ كاره‌با و بێ ژیان ده‌كا.
ده‌سه‌ڵاتی نه‌خۆش له سه‌ره‌مه‌رگ‌دایه و خه‌ڵك ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر وره ده‌گرن و ده‌یانه‌وێ ئه‌م ماڵوێرانی و نه‌گبه‌تییه له كۆڵی ئێران و ناوچه و جیهان بكه‌نه‌وه. ڕۆژانه هه‌واڵ و ڤیدیۆیی خۆپیشاندانی خه‌ڵك و ڕاپه‌رین له كونج و قوژبنی جۆربه‌جۆری ئێرانه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه و ئیتر له قۆناغی ڕژانی ترسی خه‌ڵك تێپه‌ریوه‌و گه‌یشتۆته قۆناغی ترسانی هێزه‌كانی ڕێژیم.
سروشتییه كه له‌م دۆخه‌دا كه كه‌شوهه‌وای شۆڕش و ڕاپه‌رین به‌سه‌ر ئێران‌دا زاڵه و ڕۆژانه و شه‌وانه خه‌ڵك هه‌ناسه‌ی ئه‌وه هه‌ڵده‌مژن تاكوو بزانن كه‌ی بۆنی مزگێنینی ئازادی ده‌بیسن، هه‌ر لایه‌ك و هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له بیری ئه‌وه‌دا بێ كه بۆ ئێستا و سبه‌ینێی ڕاپه‌رین و درێژه‌دان به‌م ڕاپه‌ڕینه چی بكرێ؟
ئه‌وه‌ی خاڵی گرنگ و بنه‌ماییه، دۆزینه‌وه‌ی دیمه‌نی سیاسی، یان ئه‌و خه‌ونه‌یه كه کۆمەڵگەی ئێران به‌گشتی هان بدا یان قبووڵیان بێ و خۆی تێدا ببیننه‌وه. هه‌روه‌ك لێنین ده‌یگوت، فاكته‌ری دیكه، ئه‌ركه ته‌شكیلاتییه‌كانه كه تێكۆشه‌رانی حیرفه‌یی ده‌بێ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن و خاڵی كۆتاییش ڕێكخستن و به‌رنامه‌رێژیی جه‌ماوه‌ری سه‌رشه‌قامه كه به كات و به شوێن و به چین و به توێژی جیاوه، لێییان ڕوون بێ كه هه‌ركه‌س چی بكا و چۆنی بكا.
به‌ڵام له‌م دۆخه‌ی ئێستادا پێویسته ڕاوه‌سته‌یه‌ك له سه‌ر هه‌ندێ شت بكه‌ین كه بریتییه له‌و شتانه‌ی كه ئه‌نجامدانیان خه‌ساری هه‌یه و نه‌كردنیان باشتره. له ڕاستیدا چیكردنه‌كان ڕه‌نگه زۆر كه‌س لێیان ڕوون بێ، به‌ڵام چی نه‌كردنه‌كان خاڵی گرنگن كه له ئێستا ده‌بێ خۆیانی لێ به‌دوور بگرین.
ڕه‌نگه جێی پرسیار بێت كه له ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌كی به‌ره‌و پێشدا كه ڕاپه‌ڕینیێك ڕوو به داهاتوو گرتوویه‌ته به‌ر، ده‌بێ باس له داهاتوو و هه‌نگاوه كرده‌ییه‌كان بكرێ و له حاڵه‌تی بزاوتنی به‌ره‌و پێشدا ئیدی ئه‌وه‌ی كه زێهنت پێوه‌ی خه‌ریك ده‌بێ ڕۆیشتنه نه‌ك بیركردنه‌وه له شتی دیكه و نه‌ڕۆیشتن! به‌ڵام له هه‌ر قۆناخێكی شۆڕش و خه‌باتدا هه‌ندێ كرده‌وه و هه‌ندێ ڕۆیشتن و به‌ره‌و لا ڕۆیشتن هه‌یه كه خه‌ساره‌ت ده‌گه‌ینێ و هێزت به‌لاڕێدا ده‌با و بیرت په‌رته‌وازه ده‌كا. هه‌ندێ كرده‌وه‌ش هه‌یه كه گه‌ر وشیاری نه‌بی و له دۆخی هه‌ستیاری جه‌ماوه‌ریدا ئه‌نجامی بده‌ی، به قازانجی دوژمن ته‌واو ده‌بێ.
ئه‌و شتانه‌ی كه نه‌كرێن باشتره، چین؟
هه‌روه‌ك لێنین له‌و سێ خاڵه‌دا كورتی كردبۆوه كه چی بكرێ، پێویسته له ئێستا دا باسی سێ خاڵی سه‌ره‌كی بكه‌ین كه نه‌كردنه‌كان له‌و خاڵانه‌دا كۆ بكرێنه‌وه.
خاڵی یه‌كه‌م دیمه‌نی سیاسیی داهاتوو بریتی نه‌بێ له وێناكردنه‌وه‌ی دیمه‌نی ترسناكی ڕابردوو. ڕوونتری بكه‌ینه‌وه، کۆمەڵگەی ئێران چۆن ده‌بینین؟ ئایا کۆمەڵگەیه‌كی یه‌كده‌سته كه خه‌ڵك هه‌مووی یان زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری یه‌ك ڕه‌نگن و ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ڕووی داوه، ته‌نیا بریتی بووه له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌زان و سه‌ره‌ڕۆ له‌سه‌ركار بووه؟ گه‌ر وابێ ئیدی ته‌نیا باسكردن له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو هه‌موو خه‌ڵك وه‌كوو یه‌ك ده‌بینێ و كه‌سانی زانا و پسپۆڕ به‌كار دێنێ و له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌رپرسانی وڵات دیاری ده‌كرێن، وه‌ڵامده‌ری پرسه‌كه‌یه و ته‌نیا هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دێموكراتیك له وڵات هه‌بێ، گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كا.
له كاتێكدا گه‌ر به وردی چاو له کۆمەڵگەی ئێران بكرێ، کۆمەڵگەیه‌كی فره‌ڕه‌نگ و فره پێكهاته‌یه و ته‌نیا به یه‌ك ڕسته‌ی ساده و ساكار وه‌ڵامی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌م کۆمەڵگەیه نادرێته‌وه. نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان به درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو سته‌میان لێ كراوه. ده‌سه‌ڵاتی پاڵه‌وی و ده‌سه‌ڵاتی خومه‌ینی- خامنه‌یی، هه‌موو نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌كانیان چه‌وساندۆته‌وه. ئایا ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی ئازاد وه‌ڵامی برینه قووڵه‌كانی ڕۆحی ئه‌م نه‌ته‌وانه‌یه؟
ژنان له ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیهیدا وه‌كوو جێنسی دووهەمیش هه‌ڵسوكه‌تیان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه، به‌ڵكوو وه‌كوو كاڵایه‌كی به‌رده‌ست كه ده‌كرێ به‌كار ببرێ و دوایه‌ش بێ هیچ نرخێك فڕێ بدرێ چاویان لێ كراوه و سووكایه‌تی به بوونیشیان كراوه. ئایا ته‌نیا ئازادكردنی حیجاب هه‌موو ده‌رد و ئازاره‌كانی ژنانن چاره‌سه‌ر ده‌كا و ئیدی ژنان خۆشبه‌خت ده‌بن و به‌ختیاری بۆ كۆمه‌ڵ دابین ده‌بێ؟ هه‌روه‌ها پێكهاته‌كانی دیكه و ئایین و ئایینزاكان و چین و توێژه جیاوازه‌كان و نه‌سڵه جیاوازه‌كان به شێوه‌ی جیاواز سته‌میان لێ كراوه و چه‌وسێندراونه‌ته‌وه و په‌راوێز خراون. به ڕسته‌یه‌كی ساده ناكرێ هه‌موویان تێراو بكرێن و ساده‌كردنه‌وه‌ی ڕسته‌ی داخوازییه‌كان، دووباره ئه‌وه‌یان لا دروست ده‌كاته‌وه كه خه‌ریكن درۆیه‌كی دیكه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ و له‌باتی دیمه‌نی دڵڕفێنی داهاتوو، فریوكارییه‌كی تاوانبارانه‌ی ڕابردوویان وه‌بیر ده‌هێنرێته‌وه. بۆیه نابێ ویست و داوا و سته‌م و ئازاره‌كان ساده بكرێنه‌وه تاكوو كه‌سانێكی فێلباز سواری شه‌پۆله‌كان بن، ده‌بێ وه‌ڵام و دیمه‌نی سیاسیی داهاتوو وه‌ڵامی بۆ هه‌موو پێكهاته‌ی کۆمەڵگەی فره نه‌ته‌وه و فره ڕه‌نگی ئێران پێ بێ و به‌خته‌وه‌ری و یه‌كسانی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان به دیاری بێنێ.
خاڵی گرنگی دیكه له چی نه‌كردنه‌كان، بریتییه له وه‌داوی پڕوپاگه‌نده‌ی ڕێژیم نه‌كه‌وتنه. له‌م دۆخه‌دا كه کۆمەڵگە به هه‌موو لایه‌ك هاوار ده‌كه‌ن كه ئه‌م ڕێژیمه‌مان ناوێ، دیار و ڕوونه كه ڕێژیمیش هه‌ست به مه‌ترسی ده‌كا و په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌موو جۆره سه‌ركوت و فر‌ت‌وفێڵێك بۆ مانه‌وه‌ی خۆی. ڕێكاره فیزیكییه‌كانی بۆ سه‌ركوت دیارن و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتووه بۆ ترساندن و زاڵكردنی دۆخی تۆقێنه‌ر كردوویه، به‌ڵام تاكتیكه چه‌په‌ڵه‌كانی بۆ به‌لاڕێدا بردنی ڕاپه‌رین و سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵكانی ئێران، زۆر و ئاڵۆزن و ده‌بێ به وشیارییه‌وه هه‌موو ئه‌و تاكتیكانه‌ی له‌قاو بدرێن.
له‌قاودانی تاكتیكه فریوكارانه‌كانی ڕژیم زۆرن و پێویستیان به وردبینی هه‌یه. هه‌ر له مووشه‌كباران كردنی بنكه و بنه‌ماڵه‌كانی حیزبه كوردییه‌كانه‌وه بگرە تاكوو سووتاندنی زیندانی ئێڤین و تا كرده‌وه‌ی نمایشیی شاچراخ له‌و تاكتیكانه‌ن كه بۆ به‌ڵاڕێدابردنی ڕای خه‌ڵك و ئاژاوه‌نانه‌وه و ته‌نانه‌ت زه‌مینگیركردنی هێزه‌كانی ئاماده له گۆڕه‌پانی خه‌باتدا به‌ڕێوه بردووه.
یه‌كێك له‌و تاكتیكانه ده‌توانێ ئاژاوه‌خستنه نێو نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان بێ، یان سووتاندنی به‌سیجییه‌ك و نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه خۆپیشانده‌ران له مرۆڤایه‌تی به‌دوورن یان ده‌كرێ ژنان وا تێ بگه‌یه‌نێ كه داخوازیی ئازدی ته‌نیا بۆ ئازادیی حه‌یوانییه وه‌ك ئه‌وی ئاخوندێكی نوێنه‌ری خامنه‌یی وای گوت؛ یان زۆر تاكتیكی دیكه‌ی كه ته‌نیا و ته‌نیا بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه و په‌رته‌وازه‌كردنی هێزه‌كان و به‌گژیه‌كداكردنیان و به‌ڵارێدابردنی ویسته‌كان و زه‌مینگیركردنی هێزه‌كان بێ.
بۆ پاته‌ك یان ئیفشاكردنی ئه‌و تاكتیكانه‌ی ڕێژیم، ده‌بێ یه‌ك ئه‌سڵی سه‌ره‌كی له‌به‌ر چاو بگیرێ كه له هه‌ر كرده‌وه و ده‌ربڕینێكدا له‌پێشدا لێی وردبینه‌وه و دوایه بزانین كه ئایا ڕژیم قازانجی تێدا ده‌كا و خه‌باتكاران خه‌ساری تێدا ده‌بینن یا به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی؟ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك وره و بڕوا به خه‌باتكاران ببه‌خشێ وله سه‌ر ڕێگه‌ی دروست و شۆڕشگێرانه بیانهێڵێته‌وه به قازانجه و هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك هێزه‌كانی ڕژیم قازانجی تێدا بكه‌ن و هێزی خه‌بات به‌لاڕێدا ببا مه‌ترسیی له‌داوكه‌وتنی تاكتیكه‌كانی ڕێژیمی لێ به دی ده‌كرێ.
فاكته‌ری سێهه‌م بۆ ئه‌وه‌ی چی نه‌كرێ. بریتیه له قه‌تیس نه‌كردنه‌وه‌ی شۆڕش و ڕاپه‌رین چ له نێو ئێران و چ له ده‌ره‌وه. قه‌تیس نه‌كردنه‌وه به چ مانایه‌ك دێ؟ گه‌ر چاو له ڕووداوه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی خه‌ڵك بكه‌ین كه له مێژوودا به‌ڕێوه چوون، هه‌ر ڕاپه‌ڕینێك له نوخته‌یه‌كی جوغرافیایی به‌رته‌سكدا به‌ڕێوه چووبێ یان ته‌نیا توێژێكی گرتبێته‌وه شانسی سه‌ركه‌وتنی كه‌م بووه. هه‌ر ڕاپه‌ڕینێكیش له ده‌ره‌وه‌ی جوغرافیا سیاسیه‌كه‌دا نه‌یتوانیبێ پشتیوان په‌یدا بكا، یان سه‌رنه‌كه‌وتوه و یان به هه‌زینه‌ی یه‌كجار زۆرتر و درێژمه‌وداتره‌وه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه.
بۆ ئه‌و دوو مه‌به‌سته ده‌بێ دوو شت له‌به‌رچاو بگرین:
گه‌ر ده‌مانه‌وێ له نوخته‌یەكی جوغرافیاییدا به‌رته‌سك نه‌بێته‌وه و بۆ وێنه ته‌نیا كورد تێیدا به‌شدار نه‌بێ و ته‌نیا ژن و لاو نه‌بن، ده‌بێ په‌یامێكی سیاسی و دیمه‌نێكی وه‌ها و كرده‌وه‌یه‌كی وه‌هامان نیشان بده‌ین كه نوخته‌كانی دیكه بۆ نێو ڕاپه‌ڕینه‌كه ڕابكێشین. ناكرێ به سیاسه‌تی په‌راوێزخستنه‌وه پێمان وابێ ئه‌وان وه‌دوامان ده‌كه‌ون. ناكرێ چاوه‌ڕوانیمان بێ كه سووكایه‌تی به پێكهاته‌یه‌ك یان به‌شێك بكه‌ین و له‌كاتی ته‌نگانه‌شدا وه‌فریامان بكه‌وێ! بۆیه ده‌بێ زمانی ڕاپه‌رینمان زمانی ڕاكێشان بێ نه‌ك دوورخستنه‌وه و كرده‌وه‌كان جۆرێ پێناسه بكه‌ین كه خه‌ڵی زۆرتر و به‌شی زیاتر په‌یوسه‌ت بن.
له ئاستی ده‌ره‌كیشدا ده‌بێ به‌دوای پشتیواندا بگه‌ڕێین و ئه‌ركی دیاسپۆرا و خه‌باتكارانی نێو گۆڕه‌پانه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پشتیوانیه بدۆزنه‌وه. نابێ كرده‌وه و وپه‌یامێكمان پێ بێ كه دونیای ده‌ره‌وه‌مان لێ بسڵه‌مێنته‌وه و نابێ ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆمان قسه بكه‌ین! ئێمه له قسه‌ی یه‌ك حاڵین! گه‌ر ناڕوونیه‌كیشمان هه‌بێ دوایه ده‌ره‌تانی تێگه‌یاندنی یه‌كترمان هه‌یه! ئێسته كاتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی وا له ئێمه تێ‌ناگه‌ن ئه‌وان تێ بگه‌یه‌نین. تێگه‌یاندنیش زمانی سیاسی و تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.