کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدبوون لە پێناو ئازادیدا شانازی و جاشایەتی و نۆکەرییش سەرشۆرییە

14:57 - 16 خەزەڵوەر 2722

عومەر باڵەکی

ماوەی زیاتر لە نیو سەدەیە وشەی جاش هاتۆتە نێو ئەدەبییاتی سیاسیی بزوتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کوردەوە. لە فەرهەنگی دەستەواژە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کورددا جاش بەو کەسانە دەگوترێ کە بە ڕەگەز کوردن و کوردستان نیشتمانیانە، بەڵام بە دژایەتیی بزوتنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەونە بەرەی دوژمن و دەبنە چاوساغی هێزە سەرکوتکەر و داگیرکەرەکانی دوژمن و لەپێناو کەمەپارە و پارووە نانێک ڕەحم بە برا و خۆشکی هاوخوێن و هاوزمان و هاوشار و هاوگەڕەک و هاوگوندیی خۆیان ناکەن و تەنانەت زۆر جاران لە دوژمن زیاتر دەبنە دوژمنی گەل و نیشتمانی خۆیان.

دیاردەی جاشایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەر هەیە. لەو ماوەیەشدا کە بە هۆی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی سەقزی لە تاران بە دەستی پۆلیسی بەناو گەشتی ئیڕشاد، شۆرشێک لە کوردستان و ئێران بەدژی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی سەری هەڵدا کە لە ٤٣ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ‌وێنەیە و ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە و لەلایەن خەڵکی ناڕازی لە شەقامەکانی ئێران دروشمی پێکهاتەشکێنی وەک مەرگ بۆ ڕێبەری نیزام و بڕووخێ نیزامی کۆماری ئیسلامی لە پاڵ دروشمی ئەسلی ژن، ژیان، ئازادی دەگوترێنەوە؛ بەشی زۆری سەرکوتی خەڵک لە کوردستان لەلایەن هێزی جاشەکانەوە دەکرێت.

سروشتی ڕاپەڕینەکە لە کوردستان جیاوازترە، لە کوردستان بیجگە لەو دروشمانەی لە هەموو شار و ناوچەکان بەرز دەکرێن، دروشمی نەتەوەییش بە زەقی دەبیسترێت کە دەرخەری ویست و داخوازە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هاوکات لە پاڵ ئەو دروشمانەدا بە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروشمی "جاشی حرامزادە، ڕەنجی کوردی بە با دا" و زۆر دروشمی دیکە کە ئەوپەڕی بێزاری و نەفرەتی خەڵک لە کەسانی جاشیان لێ دەخوێندرێتەوە، لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا دەبیسترێت. ئەمە لەلایەک جێگەی داخە کە بۆ دەبێت لەو هەلومەرجە ناسکەدا کە ورد و درشتی خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بە دژی نادادپەروەریی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقام، دەستەیەک خۆوڵاتی لە جلوبەرگی جاشایەتیدا ڕووبەڕووی خەڵکی خۆیان ببنەوە و سیلە لە خەڵک بگرن. لەلایەکی دیکەشەوە جێگەی تێڕامانە کە خەڵکی کوردستان وریا و وشیارن و بە بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانە دەیانەوێت پەیامێک بدەن بەو کەسانە کە بە هەر هۆکارێک بوونە هاوکاری هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شیکردنەوەیەکی کورتی ئەو دروشمانەش کە ڕوو لە جاشەکان و لەدژی ئەوان دەگوترێت، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ئەی ئەو کەسەی بوویەتە هاوکاری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات! ئەگەر باوەڕت بە ئەسڵ و نەسڵی خۆت هەیە دەبێت ڕیزی خۆت لە ڕیزی دوژمن پاک و جیا بکەیەوە، دەنا لەو نەتەوە بێبەریت و حاشات لێ دەکرێت. لەو بەشەی دروشمەکەشدا کە دەڵێت "ڕەنجی کوردی بە با دا"، ڕاست دەیهەوێت وەبیر ئەو کەسانەی بەرگی جاشایەتییان کردووەتە بەر بێنێتەوە و بڵێ، ئەگەر ئەتۆ نەبی بە کەواسووری پێش لەشکر، هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم لە کوردستان ناتوانێت بەرەنگاری خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەرشەقام بێتەوە. واتە ئەوە ئەتۆی کە سیخوڕی بۆ دەکەی و دوژمن بە کەلێن و کەلەبەری شار و گوند و کوێستانەکانی کوردستانی ئاشنا دەکەی!

ڕەنگە لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەدا ئەو کوردانەی چەکی جاشایەتییان لە شاندا بووە بەو دروشمانە زۆر تووڕە بووبن، بۆیە واباشترە بە جێگەی تووڕەبوون و هەڵکوتانە سەر خەڵک و شەهید و بریندارکردنی گەنج و لاوی ئەو کوردستانە، ڕیزی خۆیان لە ڕیزی دوژمن جیا بکەنەوە و ئەگەر لە کاتی ئێستادا بە هەر هۆکارێک ناتوانن ئەو بڕیارە قورس و یەکلاکەرەوەی ژیان و چارەنووسیان بدەن، خۆ دەتوانن لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا بەشدار نەبن، تەنانەت گەلێک جاران بتوانن یارمەتیدەری هاووڵاتی و هاونیشتیمانیی خۆشیان بن. واتە لانی کەم ئەگەر ناتوانن چەک دابنێن، بە کردار و هەڵسوکەوتیان وا بکەن چەند خاڵێکی باش لە کارنامەی ژیانتاندا تۆمار بکەن کە لە دواڕۆژدا بەکاریان بێت.

ئەو کەسانە جا بە هەر هۆکارێک بوونەتە جاش و هاوکار و چاوساغی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دەبێت بەو یاسا سروشتییە بزانن کە دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکان ماوەی بەسەرچوونیان هەیە، جا دەرنگ یان زوو لەسەر دەسەڵات نامێنن و دەبن بە بەشێک لە مێژوو، بەڵام نەتەوە و خەڵک دەمێنن، ئەویش لە سەردەمی ئێستادا زەحمەتە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەک لەنێو بچێت و لە ئاکامدا سەرکەوتن هەر هی گەلە. بۆیە ئەگەر بیر لە خۆیان و چارەنووسیان ناکەنەوە، لە فکری خێزان و منداڵەکانیاندا بن. ئەو منداڵانە ناچارن هەر لەنێو ئەو نیشتمانەدا بژین و لەگەڵ ئەو خەڵکە هەڵسوکەوت بکەن، جا با لە ڕوویان هەڵبێت نازناوی باوکیان هەڵبگرن و بە ئاسوودەیی بژین، نەک هەتا مردن ئەو ناونیشانە دزێوە بە ناوچاوانیانەوە بێت.

هەموو مرۆڤێک بەشی خۆی هەست و سۆزی مرۆڤایەتی هەیە، ئەگەر لە بەرانبەر خەڵکی دیکەشدا نەیبێت و کردەوەی دڕندانە دەرحەق بە هاونیشتمانییانی بکات، لەو کاتەدا کە خۆی تووشی کارەسات دەبێت ئەو هەست و سۆزە مرۆڤایەتییەکان سەر هەڵ دەدات، باشە ئەو جۆرە کەسانە بۆ جارێکش بێ وێنەی ئەو هەموو گەنج و لاوە کەم تەمەنانە کە لەو ماوەدا بەدەست و فیەشکی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید و بریندار و نقوستان بوون، بێنە بەرچاوی خۆیان و پرسیار لە خۆیان بکەن، چۆنیان لە ڕوو هەڵدێت وەک هاونیشتمانی و هاوشاری و هاوگەڕەک و هاوماڵی چاو لە چاوی بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بکەن. پرسیارە و بەرەوڕووی ئەوان دەکرێ کە ئێوە چیتان بەسەر هاتووە و دەسکەوتتان چ بووە کە بێبەری بوون لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی؟ بۆیە با جارێکی دیکەش پێیان بڵێین کە ئێستا لە هەموو کات گونجاوترە وێژدانی نووستووتان وەخەبەر بێت و خۆتان لە شەرمەزاریی گەل و نیشتمان ڕزگار بکەن. بەڕاستی ئێوەی چەکی دوژمن لەشان ئەو دەنگە دلێرانەی سەر گۆڕی شەهیدە جوانەمەرگەکانی دەستی زۆرداری نابیستن؟ نابینن کە دایکی جەرگ‌سووتاو و باوکی ڕۆڵە لەدەست‌چوو چۆن لەنێو ئاپۆڕای هەراوی خەڵکی ماتەم‌گرتوو و و دڵ پڕ لە قیندا هاوار دەکەن و دەڵێن شانازی دەکەین ڕۆڵەکانمان لە ڕێبازی بەختەوەریی خەڵک و نیشتماندا شەهید بوون! گوێتان لە هاواری ئەو پیاوە نییە لەسەر گوڕی ژنە شەهیدەکەی پڕ بە گەرووی هاوار دەکات و دەڵێت "فریشتە" چ شانازییەکی گەورەیە کە تۆ چوویە نێو کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە! گوێتان لە دەنگی ئەو باوکە نییە کە لەسەر گۆڕی کوڕە شەهیدە جوانەمەرگەکەی بە شانازییەوە دەڵێت لە بەر خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات و ٢٥ی گەلاوێژ ناوم ناوبوو "کۆمار".... . ئەگەر ئێوەی نازناوی جاشایەتیتان بۆ خۆتان بە خۆتان بڕاندووە تۆزقاڵێک وێژدانتان بجووڵێت و گوێی بیستنتان بکرێتەوە، حەتمەن ئەو دەنگانە دەبیستن کە لە گەرووی تاک بە تاکی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان دێنە دەرێ و نەک پانتاییی ئێران، بەڵکوو سەرانسەری جیهانی تەنیوەتەوە. دڵنیا بن ئەو ڕۆژەش دێت گەردەلوولی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان تاج و تەختی کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێت.

لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی دیاردەی جاشایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا بنەبڕ یان ڕوو لە کزی بدات، تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان لە سەریانە لە هەموو ئەو کەسانە نزیک ببنەوە کە کەوتوونەتە بەرەی دوژمن و هەوڵیان لەگەڵ بدەن واز لەو کردەوە قیزەونە و دوژمنکاریی نەتەوەی خۆیان بێنن و لانی کەم ئەگەر ناتوانن هاوڕێ و هاوبەمەستی خەڵکی خۆیان بن، هاوکار و چاوساغی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش نەبن و بەشداری ئەو جینایەتانە نەبن کە لە کوردستاندا لەسەر دەستی ئەو هێزانە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان لە ئارادایە. چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنیان هەوڵیان داوە تۆوی نیفاق و دووبەرەکێی لەنێو ڕیزەکانی گەلدا دروست بکەن و ئەگەر ئەو نیزامە توانیوویەتی ڕێژەیەکی یەکجار کەم لە خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بە جۆرێک لە نێوان ئەو ڕادە کەمە و خەڵکی کوردستان دوژمنایەتی دروست بکات، ئەو هەلومەرجەی ئێستە باشترین دەرفەتە بۆ ئەوانەی فریۆیان خواردووە تا بگەرێنەوە باوەشی خەڵکی خۆیان، چونکە سبەینێ زۆر دەرنگ دەبێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.