کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان لە ڕۆژ چوارشەممەدا بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە

10:07 - 10 خەزەڵوەر 2722

لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و سەڵماندنی ئەو ڕاستییە کە خوێنی ڕۆڵە گیانبەختکردووەکانی ڕێگای ئازادی بەفیڕۆ ناچێت، بانگەوازێکیان ڕوو لە خەڵکی تێکۆشەری شاری مەهاباد و دەورووبەری بڵاو کردەوە.

لەو بانگەوازەدا هاتووە:

خەڵکی خەباتکار و کۆڵنەدەری مەهاباد

هەروەک دەزانن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای شەهیدکردنی ڕۆڵەی نیشتمان شەهید "سمکۆ مەولوودی" ڕووبەڕووی حەماسەی لاوانی شۆڕشگیری شار بووەوە و لە چەند کاتژمێردا شکستی هێنا، بۆیە ناچار بوو لە ڕێگای خۆفرۆشەکانیەوە کە هەموو خەڵکی مەهاباد دەیانناسن دەست بە کوشتنی گەنج و لاو و خوشکانی ئێمە بکا و پۆڵێک لە هاوشارییانی ئێمە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوون.

لێرەدا وێڕای ئەوەیکە ڕادەگەیەنین لە خوێنی ئازیزانمان خۆش نابین، ڕۆژی چوارشەممە "سەرلەبەیانی لە زانکۆ و قوتابخانەکان دەست بە شۆڕش دەکەین، لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە مان دەگرین و بە داخستنی دووکان و بازاڕ پەیوەست بە خەباتی سەر شەقام دەبین".

بە خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد ڕادەگەیەنین کە "لە تەواوی گەڕەک و شەقامەکانی شاری مەهاباد، شاری گۆکتەپە، شاری خەلیفان و ناوچەکانی مەحاڵ، شاروێران، شامات، مەنگۆڕایەتی و گەورکایەتی" بە کردنەوەی ئاگر و ڕێبەندان، بە گڕوتینەوە دڕێژە بە خەبات دەدەین.

ئاگادار بین کە بەرگریکردن لە خۆمان مافی خۆمانە و مانەوەمان زۆر گرینگە و

بەربڵاوی و گشتگیربوونی شۆڕش هۆکاری سەرکەوتنمانە.