پژمان شەریعەتی
شۆڕشیک کە کورد دیکتەی کرد بە هەموو ئێران و بووەتە مەکتەبێک بۆ وانەوەرگرتنی گەلانی ئێران و قیبلەی ئازادیخوازان لە ئێران و ناوچەکە و جیهان، چەند خاڵی سەرەکیی تێدایە کە خاڵی هەرە گرینگی هێز و ئیرادەی ژنە لەم شۆڕشەدا.
بەرەو پەنجا ڕۆژ دەڕوات کە بە پێشەنگایەتیی کوردستان، هەموو نەتەوەکانی نێو قەوارەی جوغرافیای سیاسیی ئێران، لە خەباتێکی فرەڕەهەند و یەک ئامانجدا بەشدارن و بێوچان لە شەقام دان بۆ گەیشتن بە ئازادی.
ئازادی بە واتای مودێرن، کە هانا ئارێنت لەیەک جیایان دەکاتەوە لە شێوە نەریتییەکەی و هەر بەو شێوە ڕوانینەی مونتێسکیۆ دەتوانین ببینین کە ئازادی بە پاراستنی ماڵی و گیانی دەزانێت، بەڵام لە شێوازی مودێرندا ئازادی هەموو بەشەکانی ژیان لە خۆی دەگرێتەوە و بە نیسبەت داخوازییەکان بەشداری لە دەسەڵات و ئاڵۆگۆڕ پێکهێنان لە دەسەڵاتە و حکوومەت و خەڵک لەیەک جیا ناکرێنەوە.
لەم ڕۆژانەدا کە دروشمی ئازادی دەدرێت، ئەم ئازادییە زۆر چەمک و بابەت لە خۆی دەگرێت وەکوو: مافی دیاریکردنی چارەنووس چ لە بواری نەتەوەیی چ لە بواری تاک و خۆڵقاندنی داهاتوویەک کە کەرامەتی مرۆیی تێیدا بەدی بکرێت و ئینسان بگاتە پلەی تەعالی، بەم هۆیەوە دەتوانین بڵێین لەنێو ئەم شۆڕشەدا دەیان شۆڕشی دیکە لە ڕسکاوە.
شۆڕشی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس، شۆڕشی ڕەگەزی و سەرهەڵدانی ژنان، شۆڕشی نەوەی نوێ، شۆڕشی ئەندیشەیی و... ئەم گۆڕانکاری و هەڵتەکانە ڕەوتێکی پێک هێناوە کە چیی دیکە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە قازانجی خۆی قەبزەی بکات و بەلاڕێدا بچێت، لە چەشنی ئەوەی لە ڕێبەندانی ساڵی ٥٧دا بینیمان.
لێرەدا کە ئاور دەدەینەوە بۆ شۆڕشی نەتەوەکان بە تایبەتی لە کوردستان، باشتر بۆمان دەردەکەوێت شۆڕشێکی دیکە لە فۆڕمی نەتەوەیی سەری هەڵداوە، کە بە دروشمەکانی خەڵکی بەئیرادەی سەر شەقامی کوردستانەوە دیارە. کاتێک دەبینین لە دێهلوڕانی ئیلام دروشمی "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات دریژەی هەیە" یان لە شابادی کرماشان دروشم دەدرێت " ئێرە خاکی کوردستانە، گۆڕستانی فاشیستانە"، یان کاتێک دەگۆترێت "سنە تەنیا نییە، کرماشان پشتیوانییە"؛ بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە تەوەر و سەنگی کوردایەتی و پێشەنگایەتی لەو ناوچانەدا فورمی گرتووە.
بەتەوەربوونی کوردایەتی چەندین زەروورەتی ستراتژیکی هەیە. کرماشان وەکوو شادەمارێک لە کوردستان، بەردەوام کراوەتە ئامانجی سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و ئەوان بەباشی دەیانزانی کە ئەگەر ئەم شادەمارە لاواز بکەن، خوێن بەباشی ناگەڕێتە جەستەی شۆڕشی نەتەوەیی کوردستانەوە.
بە شێوازێکی دیکەیش لە بواری هەڵکەوتەی جوغرافیایی، حەشیمەت، ئابووری و ڕابردووی سیاسی و کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتی ئێران، کرماشان دەبێ بکرێتە تەوەری سەرەکی و لە ئیستادا دەتوانین ئەم تەوارەیەتییە ببینین. کاتێک لەجیاتی دروشمی "جاوید شاه"، دەگوترێت "ژن، ژیان، ئازادی" بەو واتایەیە کە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دەرکەوتووە کە لە ناوەند و چاوڕوانی لە سیستمێکی ناوەندگەرادا تەنیا فەلاکەت دەبێتە بەرهەمی و تەنیا کوردایەتییە کە هەموو مافەکان بەدی دێنێت.
لەلایەکی دیکەشەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت بەو چاوکراوەییەوە بڕواننە محوەرییەت دروستکردن لە خەبات و سەرهەلدان کە بە خۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەردەوامی بە خوێندنەوەیەکی ورد و هەڵسەنگاندنی ستراتژیک بەردەوام لە هەوڵدا بووە کە سەنگەری سەرەکی بکاتە کرماشان کە ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە کاتێک دەگوترێت کرماشان، تەنیا جوغرافیایەک و نێوی پارێزگایەک نییە، بەڵکوو مێحوەرێکی فەرهەنگی و بەربڵاوە کە باشووری زاگرۆس لە خۆی دەگرێت و سنوور و ڕەمزی یەکگرتوویی کوردستانە. لە لایەکی دیکەشەوە و لە ئاستی دەرەوەی کوردستان واتە ئێرانیشدا، محوەرییەتی کرماشان چارەنووسسازە بۆ گەلی کورد و پاش ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزرانی سیستمێکی دێمۆکراتیک، ناوەند ناتوانێت بەئاسانی هەوڵی قەبزەکردنی دەسەڵات بدات، کە بەداخەوە لە وێژمانی بەشێک لە خەڵک و ئۆپوزیسیۆنی فارس بەردەوام باسی لێ دەکرێت کە ئەوانن دیاریی دەکەن کە دەسەڵات چۆن دابەش دەکرێت.
ئەزموونی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ و نەبوونە مێحوەری کرماشان بووە هۆی ئەوەیکە نە تەنیا کورد بە ئامانجەکانی نەگات، بەڵکوو بە هەلی دابڕانی کرماشان و پیلانگێڕی ڕێژیمەوە خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار کرا و بە قەتیس مانەوەی لە هەندێک ناوچەدا لە فورمی کەلانەوە گەیشتە فورمێکی ناوچەیی.
کۆی ئەم باسە بۆ ئەوە بوو تا بگوترێ کە لە ئیستادا دەبێت بە پلانی تایبەت و وێژمانێکی کەلان و دیاریکردنی محوەرێکی سەرەکی بۆ ئێرانی پاش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بین.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.