ڕه‌حمان سه‌لیمی
زیاتر له 50 ڕۆژه خه‌ڵكی ئێران سه‌ره‌ڕای سه‌ركوت و زه‌برو زه‌نگی بێ‌سنووری داموده‌زگا سه‌ركوتكاره‌كانی كۆماری ئیسلامی له ڕاپه‌ڕینێكی به‌رده‌وام و ئامانجدار به‌رده‌وامن. به‌ده‌ر له چه‌ندوچۆنیی به‌ڕێوه‌چوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و نه‌بیستنی ده‌نگی گه‌لانی ئیران له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه ڕاپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌لانی ئێران داهێنه‌ری كولتووری جێگای هومێدی بۆ داهاتوو لێ به‌دی ده‌كرێ كه جیای ده‌كاته‌وه له شۆڕشه‌كانی ده‌یه‌ی ڕابردووی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی كه له ڕووی كاته‌وه نزیكترین شۆڕشه‌كانن له ئێمه‌وه. ئه‌و نه‌سله‌ی ئێستاكه له ئێران پێشه‌نگی شۆڕشه، نه‌سڵێكه به‌ده‌ر له هه‌ر ئیدئۆلۆژییه‌ك عه‌وداڵی ژیان و ئازادییه. نه‌سلێكه پێچه‌وانه‌ی نه‌سله‌كانی پێش خۆی له كۆمه‌ڵێك به‌های كلاسیكی وه‌ك ئیدەئالیزم و په‌ڕگیریی چه‌پ و ڕاست تێپه‌ڕیوه. دیسكۆرسی ئه‌و نه‌سله به‌ها واقعی و به‌رهه‌سته‌كانی ژیانه، نه‌سلێكه به‌دوای ژیانێكی ئاسایی‌دا ده‌گه‌ڕێ و وه‌ك هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو له داهاتوو ده‌ڕوانێ.
ئه‌وه‌ی ده‌كرێ له په‌یامه‌كانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه و له ئه‌كته شۆڕشگێڕانه‌كان له نێوخۆی ئێران به‌دی بكه‌ین، له‌دایكبوون و بیچم‌گرتنی كولتوورێكی نوێیه كه له كۆنتێكستی ئه‌و كولتووره‌دا ئه‌و به‌هایانه ده‌بینرێن كه ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی مۆدێڕنی پێ ده‌ناسرێنه‌وه:
- یه‌كێك له ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامییه‌وه ئه‌و فره‌ییه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایینزاییه بووه كه له ئێران‌دا هه‌یه. ئه‌وه وایكردبوو كه ده‌سه‌ڵات به سانایی بتوانێ ئه‌تۆمیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگە و په‌ره‌دان به دڕدۆنگیی نێوان ئه‌و پێكهاتانه به قازانجی خۆی بقۆزێتەوە. له كوردستان شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ی وه‌ڕێ خست و كه‌لێنی نه‌ته‌وایه‌تیی زه‌ق ده‌كرده‌وه، له به‌لووچستان په‌ره‌ی به فراوانكردنی كه‌لێنی شیعه و سوننی ده‌دا و له ئه‌هواز و ئازه‌ربایجان و ناوچه نافارسه‌كان په‌ره‌ی به دژایه‌تیی نه‌ته‌وه نافارسه‌كان ده‌دا.
له ڕاپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌ی گه‌لانی ئێران‌دا ده‌سه‌ڵات هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و سێناریۆیانه خسته‌گه‌ڕ. له كوردستان به هێرش‌كردن بۆ سه‌ر بنكه‌كانی حیزبه ساسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی نیشته‌جێی باشووری كوردستان، هه‌وڵی دا مه‌ترسیی جیاییخوازیی كوردستان زه‌ق بكاته‌وه. له به‌لووچستان و ته‌نانه‌ت له ئازه‌ربایجانیش به ئاژاوه‌گێڕی له سنووره‌كانی وڵاتی ئازه‌ربایجان هه‌وڵی هاوشێوه‌ی دا. به‌ڵام له هه‌موو ئه‌و پیلانانه‌دا نه ته‌نیا تێیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو به‌ڵكوو یه‌كگرتوویی پێكهاته جیاوازه‌كانی نێو ئێران ڕۆژ له دوای ڕۆژ پته‌وتر ده‌بێ. به‌جۆرێك كه له ناوه‌ندی ئێرانه‌وه دروشم بۆ پشتیوانی له كوردستان و به‌لووچستان ده‌درێ. ئه‌و هاوپه‌یوه‌ندییه بێ‌وێنه‌یه له‌نێو گه‌لان و ئایینزا جیاوازه‌كانی ئێران هیوای پێكه‌وه‌ژیانێكی دێمۆكراتیكی لێ به‌دی ده‌كرێ. ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێك له ئۆپۆزیسیۆنی ناوه‌ندگه‌رای ئێرانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به كه‌ڵك وه‌رگرتن له نۆستالژی نه‌ته‌وه‌ی دروستكراوی ئێرانی و به پاڵپشتیی میدیای فارسی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به خه‌ستی كار له‌سه‌ر شۆڤێنیزمی ڕه‌زاخانی ده‌كه‌ن و شه‌و و ڕۆژ باس له مه‌ترسیی دابه‌شبوونی ئێران و مه‌ترسیی به وته‌ی ئه‌وان قه‌ومییه‌ته نافارسه‌كان به تایبه‌ت كورد له داهاتووی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی گه‌وره‌شاره‌كانی ئێران ڕوو ده‌دا نه ته‌نیا هیچ بایه‌خێك به‌و گوتاره نادا، به‌ڵكوو هاواری ئازادی و به‌رابه‌ریی گه‌لان ده‌كا. خه‌ڵكی ئێران باش له‌و ڕاستییه گه‌یشتووه كه مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئێران، كۆماری ئیسلامییه نه‌ك فره‌یی له ئێران‌دا. له ماوه‌ی 50 ڕۆژه‌ی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا هه‌رگیز نه‌مانبینی بچووكترین ئاماژه به كه‌لێنه نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینزاییه‌كان بكرێ.
- له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران‌دا پێچه‌وانه‌ی ساڵی 57 هیچ هێز و لایه‌نێكی سیاسی له ئاستی سه‌راسه‌ریدا نه‌یتوانیوه خواست و دروشمه‌كانی خۆپێشانده‌ران ئاراسته بكا. خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی خۆڕسك و به دوور له هه‌ر چه‌شنه ده‌مارگرژییه‌ك ویسته‌كانیان ده‌رده‌بڕن. گه‌لانی ئێران پرسی ده‌سه‌ڵاتداریی داهاتووی ئێرانیان به سندووقه‌كانی ده‌نگدان و بێگومان پێرسپێكتیڤێك له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان سپاردووه. باوه‌ڕ به پلۆرالیزم و فره‌یی، كه له ڕه‌فتاری خۆپێشانده‌راندا به‌دی ده‌كرێ ده‌توانێ ڕێگه له هه‌ر چه‌شنه پاوانخوازییه‌ك بگرێ كه به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان به‌تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ڕا هه‌ر له ئێستاوه كیسه‌یان بۆ هه‌ڵدرووه. سیاسه‌ت لای ئه‌و نه‌سله بریتییه له پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌و لایه‌نانه‌ی ده‌توانن زیاترین خزمه‌تگوزاری و ئازادی بۆ خه‌لك دابین بكه‌ن به‌ده‌ر له هه‌ر چه‌شنه ئیدئۆلۆژییه‌ك. بۆیه ده‌توانین بڵێین پایه‌كانی دیمۆكڕاسی له داهاتووی ئێران‌دا ئێستا له شه‌قامه‌كان داده‌كوترێن و ئه‌سته‌مه هێزێك بتوانێ به‌رامبه‌ر به‌و ئاراسته‌یه ڕاوه‌ستێ. ئه‌و هێزانه له ئێرانی داهاتوودا ده‌توانن ده‌ور بگێڕن كه بڕوایان به ڕێساكانی ئه‌و یارییه ژیرانه‌یه بێ كه له شه‌قامه‌كانه‌وه ده‌نووسرێنه‌وه. كاتێك ئه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه سیاسییه كه له ده‌ره‌وه‌ڕا كێبڕكێی ده‌ست‌به‌سه‌رداگرتنی شۆڕش ده‌دا به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه و شۆڕشگێڕان دروشمی نه ئه‌مبه‌ر و نه ئه‌وبه‌ر به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڕوونی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه پێوه‌ره‌كانی خه‌ڵك بۆ پشتیوانی له لایه‌نه سیاسییه‌كان پڕۆژه و به‌رنامه سیاسییه‌كه‌یانه نه‌ك به‌ستراوه‌یی ئیدئۆلۆژیك.
- له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا ئایین نه‌خشێكی دیار و گرنگی له بیاڤی گشتی و له سیاسه‌ت و سه‌ره‌نجام له ده‌سه‌ڵاتداریدا هه‌بووه، پێگه‌ی ڕووحانیه‌ت و كه‌سایه‌تییه ئایینییه‌كان و هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی ڕه‌وته ئیسلامییه‌كان، كۆمه‌ڵگەی ئێرانی به‌ته‌واوی خستۆته ژێر كاریگه‌رییه‌وه. به‌تایبه‌ت به‌دوای هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی و په‌یڕه‌و كردنی په‌روه‌رده‌ی ئیدئۆلۆژیك و قۆرخكردنی سه‌رجه‌م كایه فه‌رهه‌نگی و میدیایی و په‌روه‌رده‌یی و سیاسییه‌كان له لایه‌ن ڕووحانییه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵگە تا ڕاده‌یه‌ك به‌ره‌و كۆنزێرڤاتیزمی ئایینی هه‌نگاوی نا. ئه‌وه له كاتێك‌دایه نه‌سلی نوێی سه‌ر شه‌قامه‌كان كه به‌رهه‌می په‌روه‌رده‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌نده‌و سه‌رچاوه‌كانی زانیاری و تێگه‌یشتنی له كاناڵه ماهواره‌یی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دۆزیوه‌ته‌وه، بڕوامه‌ندبوون به ئایینی خستۆته حه‌وزه‌ی شه‌خسی و تاكه‌كه‌سییه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی باوه‌ڕی به بنه‌ماكانی سێكۆلاریزم هێناوه. پێشه‌نگایه‌تیی ژنان و پرسی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی حیجابی زۆره‌ملێ و بێزراوبوونی ڕووحانیه‌تی به‌ستراوه به‌ده‌سه‌ڵات، له ئاماژه ڕوونه‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ن. گۆڕانكارییه‌ك كه له‌وانه‌یه تا دوو ده‌یه له‌وه پێش نه خه‌ڵكی ئێران و نه ده‌سه‌ڵاتدارانیش پێیان وانه‌بوو لانیكه‌م به‌و خێراییه ڕووبدا. ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه ئه‌و نه‌سله بڕوای به ئایین نه‌ماوه یان ڕێز له كه‌سانی بڕوادار ناگرێ. ئێمه ده‌بینین ژنان به حیجاب و بێ حیجاب له په‌نای یه‌كتر دروشمی ئازادی ده‌ڵێنه‌وه. پیاوانی ئایینیی سه‌ربه‌خۆ و نه‌به‌ستراوه به ده‌سه‌ڵات كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان هه‌یه‌و زۆر ئاماژه‌ی دیكه‌ش له ئاستی ته‌حه‌ممولی جیاوازییه ئایینییه‌كان ده‌بینرێن. سێكۆلاریزم وه‌ك یه‌كێك له پایه‌كانی دیمۆكڕاسی و پێكه‌وه‌ژیان له ده‌سكه‌وته دیاره‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌یه.
تێپه‌ڕینی ئه‌و نه‌سله له گوتاری پاوانخواز و شۆڤێنیستی، ڕێزگرتن و نه‌هادینه بوونی بنه‌ماكانی سێكۆلاریزم و پلۆرالیزم له ڕه‌وتی ئه‌و شۆڕشه‌دا له ده‌سكه‌وته گرینگه‌كانی ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ی گه‌لانی ئێرانه. دیمۆكڕاسی وه‌ك زامنی پاراستنی مافه‌كانی پێكهاته جیاوازه‌كان و هاووڵاتیان به‌بێ بوونی ئه‌و بنه‌مایانه نایه‌ته دی. به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ڕه‌وته له لایه‌ن ئه‌و نه‌سله‌وه‌و تێگه‌یشتنی ئۆپۆزیسیۆنی سه‌راسه‌ری له‌و واقعیه‌تانه، ده‌رفه‌تێكی به‌نرخ بۆ داهاتووی ئێران ده‌خاته به‌رچاو. شۆڕشی ژینا به دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ده‌روازه‌یه‌كی مێژوویی و قه‌ڵه‌مبازێكی گرینگی ئێرانه به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی دیمۆكڕات و فیدڕاتیو.