کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چلەیەک بۆ کۆتایی

15:11 - 16 خەزەڵوەر 2722

سەلیم حەقیقی

ئێستاش هەر ئەو ڕۆژەیە کاتێک لە تاران سەفەرێک بوو بۆ ناسینەوە ژوانێکی پڕ دهۆ وەک یەکەم ڕۆژی وانیار، دانیشتنێک لە ڤییەن و میکۆنووسی ئازاد و سەربەست، دەیان و سەدان مەرگی ناوخەت بە مەودایەکی نزیک لەوبەری ئاوەکان هەتا هەتەر کا مەرگ و کوشتن و مووشەک بەسەر جەستەی نەچەماوی کورد، نامرێ قەت هەر زیندوو دەمێنێ لەنێو گڕ و ڕەشاش و بەند و سێدارە دەپچڕێ، لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ژیانێکی بەختەوەر بەگژم دادێ بەکرە شۆفارەی شەوێکی مەیو لە وەرزی هەموو ساڵێک و لە ڕۆژیی هەموو دەمێک بێ‌وچان ناکەوم، نانەوێ قەت ئەژنۆی ئاڵایەکم.

ئەو ڕۆژانە بێ‌تۆیی وەک ژنێکی تینووی خولیای ئازادی و سەوداسەری ئەوین لە پێدەشتەکانی ڕەشماڵ و بێر بە سەر پشتی هەسپێکی قەدەم هەموو گەردوون و شارەکان دەپێوم. بە چل ڕۆژ کۆشک و تەلاری درونجێکی نامۆ بە پەڕۆکێکی ڕەشی چڵکن گڕ دەگرێ و بە چل کەزی و پرچی هۆنراوەی شابەیتێکی وەکوو ژینا ژینی نوێ وێنا دەکەم، ژان دەگرێ نیشتمان بە کۆرپەیەک، لەسەر خوانی ژنێکی خولیای ئازادی، چۆپییەکی چل گەڕ بە سێ‌پێ بەسەر کەلاکی بۆگەنی ڕدێن چەرمووکی خەرفاوی سەرشێت و پیس... ئیتر چل مۆم داناگیرسێم، گەڕیان دەگێڕم بۆ چلەیەک لە نەمانی تەواری کوردستان کە بە مەرگی خۆی ژن و ژیان و ئازادی دەهۆنێتەوە بۆ گەلانی جیهان؛ بۆ مەرگێکی پیرۆز و چ بەختەوەر و ڕووسوورە ئەو ژینایانەی ئاخ لە باوەش دەگرن و بە بۆنی پەرێز بەکاتی باران سەرمەستی بۆنی ژیان دەیانگرێ و هەدا نادەن، ڕا دەبن سەر هەڵدەدەن. وەک ئاژێرێک دەژینەوە وەک شەتاو دەبنە خۆزگە و تینوایەتی دەشکێنن، دەبنە تۆشە ڕێگا دەبڕن و دەبنە ئاسمان بۆ فڕین و هەوایەکی ئازاد بۆ هەڵمژتن...

چل سوار بەسەر خاکی نیشتمان دەئاژوون لە ڕۆژمێرێکی دژواری ڕابوون، چل هەناسە بۆ داگرتنی چاوێکی چاوەڕێ، چەمەری دێتە گۆ چل چەمە و چلوورە و چاوانی پڕ لە خولیای درێژەدان بۆ هەتا گەیشتن. هەر ئەو چوارانەی دەبنە یەک و چڕ، چیا، چنار هەموو چێوێک بەدەست بۆسەری هەژدیها لە زەماوەند و شایی و هەڵپەرکێی سەرشەقام بەگژ شین و شەپۆڕ و شەو دادەچینەوە. کاتێک لە شەقام هۆتاڤ و دروشمی ئازادی دەبێتە هەور و وەک ڕێژنەیەک باران بەسەر شار دادەبارێت و نەمانی مرۆڤێکی دڵڕەشی گەنیو دەبێتە سروودی پێکەوەبوونمان هەتا چوارسووچ دادەگرێ و ڕزگاری و سەربەستی دەبێتە مزگێنیی چلەیەک لە نەمان و خەونێک بۆ ژیان.