کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوكاری: بە "مەحارەب" ناساندنی خەڵكی ئازادیخواز نیشانەی داماویی ڕێژیمە

10:34 - 17 خەزەڵوەر 2722

ناوەندی هاوكاری: بە "مەحارەب" ناساندنی خەڵكی ئازادیخواز نیشانەی داماویی ڕێژیمە

 

خەڵكی خەباتكاری كوردستان و ئێران!

چالاكوانان، مامۆستایان، خوێندكاران و ژنانی خەباتكار!

ڕۆژێك پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی 227 نوێنەری مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لەبارەی بە مەحارەب ناوبردنی خەڵكی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێران، سەرۆكی دەزگای قەزایی ڕێژیمیش لە وتەیەكدا پشتگیریی ئەو بەیاننامەیە دەكات و ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ئێعدامی ژمارەیەك لە دەستبەسەركراوەكانی ئەم دواییە نیشان دەدات. غوڵامحسەین موحسنی ئێژەیی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی كە لە ئاخێزەكانی ئەم دواییە دەستگیر كراون، وەك دوژمنی ئەمنیەتی ئێران ناو دەبات و لەگەڵ ئەوەیە ژمارەیەكیان لەسێدارە بدرێن.

ئەم جۆرە لێدوانانەی نوێنەران و بەرپرسانی ڕێژیم لە مەحارەب ناوبردنی ئازادیخوازانی ئێران كە نیشانەی بێ‌دەرەتانی و داماویی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییە، لەكاتێك‌دایە كە ناڕەزاییەكان و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام لە كوردستان و زۆربەی ناوچەكانی ئێران لە هەشتەمین حەوتووی خۆی‌دایە و سەرەڕای سەركوتی دڕندانە لەلایەن هێزەكانی ڕێژیم، ژمارەی خۆپیشاندەران ڕووی لەزیادبوونە و ڕووخانی دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامی بووەتە خواستێكی گشتیی سەرتاسەری ئێراندا.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەیاننامەی 227 نوێنەری مەجلیس و لێدوانی سەرۆكی دەزگای قەزایی ڕێژیم بەتوندی مەحكوم دەكات و داوا لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك لە كوردستان و ئێران دەكات لە ناڕەزاییەكان و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام و بە هەر شێوازێكی گونجاو ئەم بەناو نوێنەرانەی مەجلیس و بەرپرسانی ڕژیم ڕیسوا و مەحکووم بكەن.

بەیاننامەی نوێنەرانی مەجلیس و بەدوای ئەوە لێدوانەكانی غوڵامحسێن ئێژەیی باس لە ئەگەری جێبەجێ‌كردنی پیلانێكی شومی دیكە دژە بە خەڵكی خەباتكاری كوردستان و ئێران، بەتایبەتی گیراوەكانی ئەم بزووتنەوە نوێیە و زیندانییە سیاسییەكان دەكات. هەر بۆیە داوا لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران دەكەین وێڕای محكومكردنی ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ بۆ لەقاودانی ئەم سیاسەتە شومە بدەن.

داوا لە سەرجەم ناوەند نێونەتەوەییەكان و دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین بۆ ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و گیراوەكانی بزووتنەوە نوێ، گوشارەكانی خۆیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی زیاتر بكەن و لەبەرانبەر سەركوت و كوشتاری بێ‌بەزەییانەی خەڵكی ئازادیخوازی ئێران بێدەنگ نەبن.

سەركەوێ بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و ئێران!

بڕوخێ دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی ئێران!

ژن، ژیان، ئازادی!

 

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

16ی خەزەڵوەری 1401(7ی نۆڤامبری 2022)