کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی مامۆستایان وفەرهەنگییانی سەقز سەبارەت بە شۆڕشی ژینا

10:49 - 17 خەزەڵوەر 2722

مامۆستایان و فەرهەنگییانی شاری سەقز لە پێوەندی لەگەڵ هاوکارییەکانی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەقز لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم  و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ئاگادارییەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

  پاش هەوڵە سەرکوتکارانەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی لە کاتی شۆڕشی ژینا، بەرپرسانی نابەرپرس و ئەو کەسانەی کە نان بە نرخی ڕۆژ دەخۆن، هەوڵیان بۆ کەمکردنەوەی حەقدەستی ئەو مامۆستایانەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شۆڕشی ژینا بەشداربوون داوە و لە ئێستادا ٨ کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز دراون بە هەیئەتی بەڕێوەبەریی سەرپێچیکارانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز.

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین کەس لە مامۆستایانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شاری سەقز بۆ لێپرسینەوە دراون بە بنکەی ئیتلاعاتی هێزەکانی ڕێژیم و لێکۆلێنەوەیان لێ کراوە.

ئێمە دەمانهەوێت ئەو کردەوە نەشیاوەی بەڕێوەبەری ئیدارەی بارهێنان و پەروەردە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر مامۆستایانی دڵسۆزی شاری سەقز لەماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر شۆڕشی ژینا بخەینە بەردەم بەردەنگەکانی مافی مرۆڤ و پێیان ڕابگەیینین لەماوەی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تەنانەت قوتابخانەکانیان کردۆتە پایەگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوی خەڵکی ئازادیخوازی سەقز و هێزەکانی ڕێژیم بە هاوکاریی بەسیجەکان لە قوتابخانەکانی مێعراج و نیایش خەریکی دەسبەسەرکردنی مامۆستایان وقوتابییانی ئازادیخوازن.