کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان بەزێنەکانی ئێمە (مستەفا سەبزی)

16:32 - 17 خەزەڵوەر 2722

ئا: دیاکۆ دانا

مستەفا سەبزی خەڵکی ماکۆ، یەکێکی دیکە لە زیندانییانی سیاسیی کوردە کە لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری ماکۆ لەلایەن هێزەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

مستەفا بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدا بوو، پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە و دواتر لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ‌وە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. مستەفا و پارێزەرەکەی تانەیان لەو حوکمە دا، بەڵام ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگاشدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

مستەفا سەبزی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە لە زیندانە دەستەملانی زۆر ئازار، ئەشکەنجە و مەینەتی بووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەندی زیندانییانی تاوانە مەترسیدارەکاندا ڕاگیراوە. ئەو لەو سۆنگەیەوە لە ٢٢ بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤دا بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە ڕێگریی بەرپرسانی زیندان لە گواستنەوەی بۆ بەندی تاوانبارانی سیاسی مانی لە خواردن گرت. بەرپرسانی زیندان سەرەڕای بایەخ‌نەدان بە داواکەی، ئەوەندەی دیکەش ئازار و ئەشکەنجەیان دا و بۆ سللوولی ئینفڕادییان ڕاگواست. دواجار ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٥ هەتاوی لە بەندی زنیدانیان تاوانە ئاساییەکان لەلایەن چەند زیندانی بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بەتوندی بریندار بوو.

مستەفا ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٨ بۆ جاری دوویەم، بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دژایەتیی دەفتەری بەڕێوەبردنی حوکمەکان لە دادگای شۆڕشی ورمێ لەسەر گواستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ماکۆ کە زیدی خۆیەتی، مانی لە خواردن گرت. پێداگریی ئەو لە مانگرتنەکەی بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا و  لە ٢٥مین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە هۆش بچێت و بۆ بێهداریی زیندان بەڕێ بکرێت. پاش گەڕاندنەوەی مستەفا لە بێهدارییەوە بۆ زیندان، بەرپرسی زیندانی ورمێ لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا هەڕەشەی ئەوەی لێ کرد بێتوو واز لە مانگرتنەکەی نەهێنێ؛ بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی کوردستان دوور دەخرێتەوە.

مستەفا لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەو ساڵەدا (١٣٩٨) بە دانی وادە و بەلێنی بەرپرسانی زیندان لەسەر پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. بەڵام پاش ئەوەی دەفتەری بەڕێوەبەریی حوکمەکانی دادگای شۆڕشی ورمێ هیچ گرینگییەکی بە داواکەی نەدا، دیسانەکەش مانی گرتەوە و لە ئاکامدا ڕۆژی ٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ ڕێگە درا بۆ زیندانی ناوەندی شاری ماکۆ بگوازرێتەوە. کەچی پاش دوو ڕۆژ (٩ی سەرماوەز) ئەمجارەیان بەرپرسانی زیندان بوون کە ڕێگەیان لەو جێبەجێ‌بوونی ئەو بڕیارە گرت و سەرباری ئەوە بۆ قەرنتینەی زیندانیان ڕاگواست.

پێداگریی مستەفا لەسەر گواستنەوەی بۆ زیندانی ماکۆ و مانگرتنە بەردەوامەکانی هەتا ساڵی دواتریش هەبوو. مستەفا  ساڵی ١٣٩٩ پاش ئەوەی براکەی بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە گیانی لە دەست دا، بنەماڵەکەی بۆ بەشداریی ئەو لە ناشتن و پرسەی براکەی بارمتەیەکی یەک میلیارد تمەنی دادەنێن، کەچی ئەمجارەش ئەو مافەشی بەهۆی ڕێگریی قازی چاوەدێر و بەرپرسانی زنیدان پێشێل کرا و ئەوەش بووە هۆی دیسان مانگرتنی ناوبراو. دواجار مستەفا ڕۆژی یەک‌شەممە ٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی پاش ٧ ساڵ مانەوە لە زیندان لەژێر ئازار و جەزرەبەدا، بۆ چەند ڕۆژێک نێردرایە مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا تەمەنی ١٨ ساڵ بووە، لە هەشتەمین ساڵی بەندکرانیدا  داوای کەمکردنەوەی سزاکەی بەپێی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی تاوانەکانی تەعزیری کرد. ئەو داوایە پاش بەدواداچوونی زۆری پارێزەرەکەی بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، بۆ ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری کەم کراوەتەوە.

بێبەش‌بوونی مستەفا سەبزی و زیندانییانی سیاسیی دیکەی کورد لە مافەکانیان لە حاڵێک‌دایە کە ئێستاش دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی تاوانی سیاسیی پێناسە نەکردوە و زیندانیانی سیاسیی کورد هەمووی بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی ده‌گیرێن و حوکم ده‌درێن. پێناسەنەکردنی «تاوانی سیاسی» لەو وڵاتە دەستیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتیەکان ئاوەڵا کردووە بۆ ئەوەی چی نەیار و دژبەر و رەخنەگر و ئۆپۆزیسیۆن هەیە لەو وڵاتەدا، تاوان «هەوڵدان بە دژی ئەمنیەتی وڵات»یان بدرێته‌ پاڵ و؛ سزای قورسیان لەو سۆنگەیەدا بەسەردا بسه‌پێندرێ. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم دژبەران و ڕەخنەگرانی خۆی دەمکوت دەکا و ڕاپێچی سووچی زیندانیان دەکا، هەم بەو پەڕی ڕووهەڵماڵراوی دێ و دەڵێ وڵاتەکەی تاقە یەک زیندانیی سیاسیی نییە!

لە کوردستان ئەو دۆخە بۆ چالاکانی سیاسیی کورد و رەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێکی دیکەیە، واتە تێچووی چالاکیی سیاسی و بەرهەڵستکاری… لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ قورسترە. وەک چۆن بۆ کاری وەک یەک، سزای وەک یەک نییە و چالاکی سیاسی هەیە لە کوردستان بە تاوانی! ڕوماڵکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سزای 11 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاوە، بەڵام هەر هەمان کار لە تاران سزاکەی 6 مانگ بووە. ئەوە جیا لەوەی لە هەموو ئەو ساڵانەدا کوردستان لە ڕووی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بە سەر زیندانیانی سیاسیدا پشکی شێری بەرکەوتوە، هەروەها لە ڕووی سەپاندنی سزای زیندانیی درێژماوەی 25 ساڵ زیندان تا زیندانی هەتاهەتایی.

لەو سۆنگەیەوە ئەرکی پشتیوانی لە خەڵکانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەت پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی ئەرکێکی گشتگیر و جیهانییە و پێویستە هەموو ئازادیخوازان و هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان گوشار بۆ ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بێنن و دەنگی بێبەشیی زیندانیانی سیاسی بن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.