برایم چووکەڵی
کاتێک گەلێکی بندەستە دەیهەوێ لە دیلی ڕزگاری بێت، قوربانییەکانی بە خوێن‌بایی سەرکەوتن دادەنێ و تارای سووری بەمرادنەگیشتووی لاوان، بەپێی نەریتی کۆن و لەمێژینە، وەکوو ئاڵای سووری خویناویی شۆڕش بە سەر گۆڕی شەهیداندا دەکێشێ و بەرەو پێشەوە دەڕوا. یەک لەو شەهیدانەی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەیی شەهید موزەفەر تابعییە کە لە "هەگبەی شۆڕش و شاخ"ی ئەم ژمارەیەدا یادی دەکەینەوە.
شەهید موزەفەر تابعی لە گوندە خنجیلانەکەی "لۆن" لە ناوچەی بێڵەوار لەدایک بوو. ئەویش وه‌ک زۆربه‌ی منداڵانی کورد هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ینه‌تی و ئاواته‌کانی نیشتمانه‌که‌ی ئاشنا بوو، هەتا گه‌وره‌تر دەبوو و توانای بیرکردنه‌وه‌ی زیاتر پەلوپۆی دەهایشت، پتر له ڕاستییه‌کانی ژیانی وڵاتەکەی تێدەگەیشت.
موزەفەر هەتا دیپڵۆم درێژه‌ی به خوێندن دا و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی، ئه‌ویش که لاوێکی تازه‌پێگه‌یشتوو، له‌سه‌ر هه‌ست و وریا بوو، پێی نایه گۆڕه‌پانی کاری سیاسییه‌وه. لەگەڵ دەسپێکی شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیمیشدا موزەفەر زوو تێگەیشت کە دەبێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆنه‌په‌ره‌ستی و به‌رگری له ده‌سکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردستان چه‌ک هه‌ڵگرێ و ڕوو بکاته به‌ره‌کانی شه‌ڕی ڕێژیمی ئیسلامی. بۆیە بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی لەبەر کرد و شانی وەبەر ئەرک و بەرپرسایەتی دا.
ڕۆڵه‌ی كوردی زه‌حمه‌تكێش و یاری به‌وه‌فای هه‌ژارانی ناوچەکانی سنە کە به دنیایەک ئاواتەوە بۆ داهاتووی دەڕوانی، زۆر زوو له‌نێو هاوسهنگهرانیدا جێگای خۆی كرده‌وه. مزەفەر پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ئه‌خلاق و له‌به‌ردڵان و له شه‌ڕه‌كانیشدا ئازا و بەدەستوبرد بوو. قارهمانهتییهكهی له شه‌وی نه‌ورۆزی 59ی شاری سنه‌دا وه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕین له كارنامه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێموكرات‌دا، جێی خۆی كرده‌وه و موزەفەری گه‌یانده فه‌رمانده‌ری لك. ئەو له‌و بەرپرسایەتییەشدا هه‌موو وزه و توانایی و پسپۆڕیی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەرکە حیزبییەکان بەکار هێنا. شەهید موزەفەر به‌وپه‌ڕی بیروباوه‌ڕ و ئیمانه‌وه ئاماده‌ی فیداكاری بوو. باش له ئوسوولهكانی حیزبی گه‌یشتبوو و وه‌ك فەرماندەیەکی نموونه و به‌نه‌زم چاوی لـێده‌كرا. لە چالاکییەکدا لەنێو شاری سنە و لە شەڕێکی سەختدا هه‌ر چوار ده‌وری موزەفەر گیرا و به ته‌واوی كه‌وتە گه‌ماڕۆی دوژمنه‌وه. هه‌رچه‌ند له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌وته به‌ر پڕیشكی نارنجۆك و برینداریش بوو، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی وره به‌ربدا و له به‌رانبه‌ر دوژمن‌دا بهچۆك دابێ به ئیمانێكی قایم و وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه گه‌ماڕۆی پاسداره دژی گهلییهكانی تێك شكاند.
دڵسۆزی، قارەمانەتی و ژیریی سیاسیی بوونە هۆی ئەوەی شەهید موزەفەر وەک جێگری هێزی شەهید شەریفزادە دیاری بکرێ و تا كاتی شه‌هیدبوونی له‌و ئه‌ركه‌شدا ڕووسور هاته ده‌ر.
رۆژی 27 هەتا 29ی گەلاویژی 1362 ناوچه‌ی له‌یلاخی سنه، گۆڕه‌پانی حه‌ماسه و هه‌ڵمه‌تی ده‌سته‌یه‌ک له پێشمه‌رگه فیداکاره‌کانی هێزی شه‌ریفزاده بوو که جوامێرانە و ئازایانه له‌به‌رانبه‌ر هێرشی دڕندانه‌ی به‌کڕێگیراوانی کۆماری ئیسلامی‌دا، سه‌نگه‌ری دیفاع له بوون و مانی نه‌ته‌وه‌که‌یان ڕاگرت، و تا دوا فیشه‌ک و دوا دڵۆپی خوێن و دوا هه‌ناسه‌ی ژیانیان، له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان شه‌ڕیان کرد و کۆڵنه‌دان و به‌چۆک دانههاتنیان وەک وانەیەک بۆ هاوسه‌نگه‌رانیان تۆمار کرد.
لەو سێ ڕۆژەدا هێزێکی لە ئەژمارنەهاتووی ڕێژیمی ئیسلامی به پشتیوانیی تانک و تۆپ و خۆمپارە و کاتیوشا، له هه‌موو لایه‌که‌وه بە خەیاڵی خۆیان به مه‌به‌ستی ته‌فروتونا کردنی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه‌ی سنه، دڕندانه په‌لاماری ناوچه‌ی "ڕمشت و میراوه"ی دا. دوژمن هه‌موو ڕێگاکانی له پێشمه‌رگه گرتبوو و هیچ بوارێکی ده‌ربازبوونی بۆ نه‌هێشتبوونه‌وه. پێشمه‌رگه‌ی دیموکرات دوو ڕێگای له‌به‌ر بوو، یا ته‌سلیم بوون یان مه‌رگی سه‌ربه‌رزانه، بۆیه وه‌ک هه‌میشه ڕێگای دووهه‌میان هه‌ڵبژارد و به‌ڵێنیان دا به شانازییه‌وه گیانی خۆیان فیدا بکه‌ن، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر دوژمن‌دا سه‌ر نه‌وی نه‌که‌ن. پاش ئه‌و به‌ڵێنییه به مه‌به‌ستی شکاندنی گه‌مارۆی دوژمن ده‌ست به‌کار بوون. لەو شەڕەدا کە بە بەشداریی چەندین فه‌رمانده‌ی قارەمانی وەک سەروان ئیقباڵ کەریمنژاد کرا، پێشمەرگەکان بە چڕی هێرشیان کرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن و چه‌ندین کوژراویان پێ به‌جێ هێشتن.
ناوچه‌ی "ڕمشت و میراوه" ئاگر و ئاسنی به‌سه‌ردا ده‌باری و نوقمی گڕ و دووکه‌ڵ بوو. له هه‌موو لایه‌ک گرمه‌ی تۆپ و قریشکه‌ی بیکەیسی، هاژه‌ی کاتیوشا و لووره‌ی خۆمپاره ده‌نگی ده‌دایه‌وه و شاخ و پێده‌شتی ده‌دڕی و به‌ره‌و سه‌نگه‌ری ڕۆڵه‌کانی دێموکرات ده‌چوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه کە قه‌ت له ئاور و ئاسنی دوژمن نه‌ترساوه، هه‌ر به‌ره‌و سه‌نگه‌ری دوژمن پێشڕه‌وییان ده‌کرد.
سه‌رئەنجام پاش سێ ڕۆژ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه و سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر، سێ ڕۆژ حه‌ماسه خوڵقێنی و قارهمانهتینواندن به فه‌رمانده‌ریی موزەفەر تابعی و سه‌روان ئێقباڵ که‌ریمنژاد گه‌مارۆی دوژمن تێک شکێندرا. له ماوەی ٣ ڕۆژ شه‌ڕدا به‌داخه‌وه سینگی پڕ له ورە و غیره‌تی فه‌رمانده‌ری لێوه‌شاوه‌ی حیزبه‌که‌مان موزەفەر تابعی له گه‌ل 15 هاوسه‌نگه‌ری دیکه‌ی کە بەشیکیان فەرماندە بوون، که‌وتنه به‌ر گولله‌ی دوژمنی کۆنه‌په‌ره‌ستی و تێکه‌ڵ به کاروانی به خوێن سووری شه‌هیدان بوون.
ئەوان شەهید بوون، بەڵام ڕێبوارانی ئەو کاروانە و قوتابییانی ئەو شەهیدانە هەر ئێستاکە ئاگریان لەسەر پشتی دوژمن کردۆتەوە و هەتا سەرکەوتنی یەکجاری هەدا نادەن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.