ئاسۆ مێنبەری
مەرگ، هەمیشە یەکێک لە وێستگەکانی ژیان بووە کە بۆ زۆربەی مرۆڤەکان لێوڕێژە لە پرسیار، پرسیارگەلی سەرسووڕهێنەر کە ڕەنگە زۆر جاریش ئاوێتەیەک لە ترس و نیگەرانی بن؛ چونکە لەو ڕووداوانەی ژیانە کە ڕەنگە کەمترین بایەخی پێ بدرێت و کەمترین زانیاریی ڕاستەقینەی لە سەر هەبێت، ڕووداوێک کە وەکوو ئەزموونێکی نەناسراو بۆ هەموو کەسێک ڕوو دەدات و تەنیا شێوازەکەی جیاوازە.
لە هەر باوەڕ و ئایین و کۆمەڵگەیەکیشدا بێگومان پێناسەکردنی مەرگ، خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی پارامێترە جیاوازەکانی خۆی پێناسەی بۆ دەکات. لە کۆمەڵگەیەکدا ڕەنگە وەکوو ڕووداوێکی سروشتیی ژیان چاوی لێ بکرێت و بە کۆتاییهاتنی ژیان ناوی لێ ببردرێت، لە کۆمەڵگەیەکیشدا ڕەنگە وەکوو حەق و سەرەتای ژیانێکی دیکە ببیندرێت، بەڵام لە هەر هەموویاندا نەمانی فیزیکیی مرۆڤەکان و بەجێهێشتنی جیهانی ماددی خاڵی سەرەکییە. زۆر کەس لە سەر ئەو بڕوایەن کە بە مردن پێوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهان دەپچڕێت و ئەو بوونە لە جیهاندا بۆ هەمیشە دەسڕدرێتەوە.
بەڵام زۆرجار پێناسە و باوەڕ و بایەخەکانی کۆمەڵگە وا دەکەن کە هەندێک مەرگ جا بە هەر هۆکارێک بێت ببنە سەرەتا بۆ ژیانێکی دیکە، نەک ژیانێکی نوێ بۆ خودی ئەو تاکە، بەڵکوو ژیانێکی مەزن کە دەتوانێ مانای زۆر شت بگۆڕێ یان مانا و پێناسەی نوێ بۆ هەندێ شتی تر بێنێتە ئاراوە!
لەم گۆشەنیگایەوە ئەگەر لە مەرگی ژینا بڕوانین دەتوانین ڕێک ئەو پێناسەیەی بۆ بکەین کە توانیی گۆڕانێکی ئێجگار گەورە درووست بکات، مەرگێکی جیاواز بوو کە ڕەنگە ئەزموونەکەی بۆ ژینا قورس و پڕئازار بووبێ و لە هەمان کاتیشدا نەمانی ئازارێکی زۆر گەورەی بە بنەماڵە و دەوروبەرییەکانی گەیاندبێت، بەڵام توانیی ببێتە خاڵێکی دەسپێک، خاڵێک بۆ سەرەتایەکی نوێ، خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوویەکی پڕ لە ترس و سڵکردنەوە لە داگیرکەردا کە ڕەنگە ڕووداوێکی تر نەیتوانیبا بەو ڕادەیە بزوێنەر بێ و کۆمەڵگە بخاتە سەر هەست.
لە فەلسەفەی ژیاندا، مانەوە و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئەم مانەوەیە، پارامێتری سەرەکین، هەموو کردەوەیەک لەو پێناوەدا دێتە ئاراوە کە بتوانێ مانەوە و ژیان مسۆگەر بکات، بۆیە لە چوارچێوەی ژیانی شۆڕشگێرانەشدا هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە مردن لە پێناو ژیانی باشتر جێگای شانازییە، بۆیە زۆر بوون و هەن ئەو کەسانەی کە ئامادەن لەپێناو ژیانی باش و ئازادانەدا، گیان بسپێرن و هەموو گیانفیداییەک بکەن.
ژینا وەکوو هەموو کچەکانی ئەم نیشتمانە حەزی لە ژیان بوو و بە خواستی خۆی باوەشی بە مەرگدا نەکرد، بەڵام مەرگی ژینا توانی ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانیشدا، بە جۆرێک کە سەرەتا کوردستان و دواتر هەموو ئێران و دوای ئەوەش هەموو جیهانی بەنیسبەت دۆخی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو جوگرافیایەدا هەستیار کردەوە.
خاڵی گرینگ لە مەرگی تراژیکی ژینادا، هەستیارکردنەوەی باقی توێژەکانی کۆمەڵگە بوو، نەوەیەکی نوێ کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ساڵانێکی زۆر پارەی بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی تەرخان بوو، بە دژی خودی ئەو ڕێژیمە هاتە مەیدان و ئەمە کاردانەوەیەک بوو بەرانبەر بە مەرگی ژینا، ژینایەک کە نموونەیەک لە هەزاران کەس لەو نەوەیە بوو، ژینایەک کە نوێنەری هەموو خواست و ویستەکانی نەوەیەکی ستەملێکراو بوو کە زۆر بێپەنا و دڕندانە و بێ هیچ هۆکارێک بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کرا.
پیرۆزبوونی ژیان و ئامادەبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ دانی گرانترین نرخ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، لەم قۆناغەی دواییدا تەنیا یەک سەرەتای هەبوو، سەرەتایەک بۆ کۆمەڵگە کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی فیزیکیی ژینا!
کاتێ لە سەر کێلی مەزاری ژینا نووسیان: ژینا گیان، تۆ نامری، ناوت دەبێتە ڕەمز، پەیامێکیان بە گوێی جیهان گەیاند، ئەویش ئەو پەیامە گرینگە کە مردن کۆتایی نییە و هەندێ جار مەرگ جوانترین سەرەتا و دەسپێکە؛ مەرگی ژینا دەسپێکی شۆڕشێک بوو کە کۆماری تەمەن ١٦ ساڵی هێنایە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەر و وای کرد کە کۆمار وا لە ژیان بڕوانێ کە لە هەر شتێک زیاتر ئازادیی خۆش بوێ! کەوایە ئەمە بەو مانایەیە کە ژیان مانا ڕاستەقینەکەی خۆی وەرگرتووەتەوە، چیدیکە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران نایانەوێ بە بێ ئازادی بژین هەر بۆیە ئامادەن لەم پێناوەدا، واتە لەپێناوی ژیاندا، بمرن!
مەرگی ژینا، لەو ڕووداوە گرینگانە بوو کە پاش تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ، دیسان برینەکەی تازەیە، بۆ ساڕیژکردنی ئەم برینەش هەر ڕۆژ لە شوێنێکی ئەم کوردستانە گیانفیداییەکی تر ئەکرێت و هەرجار و لە هەر سووچێکی ئەم نیشتمانە چیرۆکێکی تازە لە قارەمانەتی و لەخۆبوردوویی تۆمار دەکرێت؛ ئێستا چیرۆکی ژیان ئەو چیرۆکە مێژووییەیە کە پێشەکییەکەی بە مەرگی ژینا تۆمار کرا و نێوەڕۆکەکەی پڕ بووە لە وێنەی لەبیرنەکراوی تێکۆشانی بوێرانەی گەل و بێگومان کۆتاییەکەشی بەدەستی ئازادیخوازانی ئەم نیشتمانە بە براوەیی دەنووسرێتەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.