ئاکام ڕۆژهەڵات
مادام ڕەهەندی سەرەکیی تێکۆشان بۆ ئازادی بە ژن و پرسی ژنەوە دەستی پێ کردووە، دەتوانین لە هەموو بوارێکەوە بە چاوی ئەرێنی و خۆشبینانە سەیری بکەین. ئەگەر بەردەوام ژن ناوەند و چەقی پرۆسەکە بێت، ئیتر لە ڕەوتی چالاکییەکاندا بێجگە لەوەی وێسمان و ڕاوەستان ڕوو نادات بەڵکوو دووپاتەکاری و هەڵە و خەسارەکان کەم و کەمتر دەبێتەوە.
هۆکارەکانی تەندروستیی ئەو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەی ئێستە ئەوەیە کە ڕەگەزێک لە گۆڕەپاندا نییە و ڕەگەزێکی دیکە سەیری بکات، بەڵکوو ژنان و پیاوان وەکوو یەک بەشدارن و هەروەها هەتا کۆتایی و پاشان بەردەوامکردنی ڕەهەندەکانی دیکەی ژیان، ژنان شەریک و هاوبەشی پیاوان دەبن.
ئەگەر بزاڤ و بیرۆکە و فەلسەفەیەکی سیاسی لە قۆناغەکانی دووهەم و سێهەمدا ژنان بهێننە ناو پرۆسەی کار و تێکۆشانەوە، ئەوە لەوێدا پیاو ئەسڵ و ژن فەرعە و هەروەها بۆشاییی ڕەگەزایەتی بە هەموو شێوازێک بۆ هەمیشە لە ئارادا دەبێت. شکۆدان بە ژن و گەورە و بەڕێزکردنی، چەندە پێوەندی بە پیاوانەوە هەیە، ئەوەندەش ژنان بۆ خۆیان ڕۆڵیان هەیە؛ واتە ژنانی خۆبەکەمزان و تەمبەڵ، نەک ئاستی شکۆ و هەیمەنەیان لە بەرانبەر ڕەگەزی نێرینەدا دادەبەزێت، بەڵکوو دەبنە داردەست و هۆکاری ڕابواردنی پیاوان.
ئەگەر بۆ یەکجار ژنان پلە و شکۆی ڕاستەقینەی خۆیان بە دەست بێنن ئەوە بۆ هەمیشە لە دەستی نادەن، چونکە بەردەوام و نەوە بۆ نەوە پەروەردە و ڕاهێنانەکان درێژە دەکێشێت و سەقامگیری و ئاشتەوایی ڕەگەزی دابین دەبێت. بیرۆکەی ئازاد و لیبراڵی فمێنیستی وەک بەربڵاوترین و ڕێخکراوترین ڕەوتی ژنانە لە جیهاندا بەدوور لە هەر چەترێکی ئایدۆلۆژیکی ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشە و نەشەدایە، ئەو ڕەوتە لە کوردستان و ئێراندا بەپێی هەلومەرج و واقیعی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و هتد، بە شێوەی خۆڕسک و تەندروست لە کوردستانەوە دایک بوو. پشتیوانیی پیاوان لەو بیرۆکە و بزاڤە، هەم بوو بە مایەی دڵگەرمیی ژنان و هەم ئاستی وشیاری و پاڵپشتیی پیاوانی نیشان دا.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی هیواداربوون بەو ڕاپەڕینە ئەوەیە کە ژنان بەشێکن لە بزاڤ و ڕێکخستنەکان و چەندە پیاوان قورساییان لەسەر شانە ژنانیش ڕاستەوخۆ، بگرە زیاتر زەخت و ئەرکیان لەسەر ئەستۆیە و بە کردەوە لە گۆڕەپاندان. ئەو تایبەتمەندییە پۆزەتیڤە هۆکارێکه بۆ بەلاڕێدانەچوون و چەواشەنەبوونی ڕاپەڕینی سەرانسەری. دەرەتان و گۆڕەپاندان بە ژن لە مێژووی ئێراندا ئەوەندەی ڕاپەڕینی ئەم جارە ڕاستەقینە و بێخەوش نەبووە، چونکە لەلایەن پیاوان و ئایدئۆلۆژیایەکی تایبەتەوە شرۆڤە و نەخشەڕێگە بۆ ژن دیاری نەکراوە، بەڵکوو چەخماخەکە سەرەتا لە هەناوی ژنەوە دەست پێ کرد و بێگومانیش بۆ هەتاهەتایە پاشگەزبوونەوە و گەڕانەوەی نییە. دەیان ساڵ مێژووی چالاکی سیاسی و فەرهەنگی چەپ و لائیک لە سەردەمی شا و حیزبی توودەدا نەیتوانی چین و بەرەیەکی ژنانە پەروەردە بکەن کە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا بۆ ماوەیەکی کورت لە شەقامەکاندا لە دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا مانۆڕ و خۆپیشاندان بکەن.
گرینگی و بایەخی پرسی ژن دەکرێت لەنێو پرسە ستراتیژیک و هەرە بەربڵاوەکانی ژیانی مرۆڤایەتییدا خوێندنەوە و حەسابی بۆ بکرێت.
ئەوەی پێوەندی بە پرسی ژن و ڕاپەڕینی نێوخۆی ئەم جارەی کوردستان و ئێرانەوە بێت، ئەوەندە جێگە تێڕامان و سەرنجە کە بێجگە لەوەی کە بووەتە ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، سەرسوڕمانی جیهانی لێ کەوتووەتەوە. بێ هیچ دەمارگرژییەکی سیاسی دەبێ بوترێت کە ئەگەر ڕووداوی کوشتنی ژینا لەنێو شارێکی دیکەی دەرەوەی کوردستاندا بوایە، بێگومان ئەو دەنگدانەوە و هەرایەی لێ نەدەکەوتەوە. کوردستان بە هۆی پێشینەی سیاسیی ڕەسەن و دیموکراتیکەوە، هەلومەرجی بۆ هەموو سەرهەڵدان و بزاڤ و ڕێکخستنێک ئامادەیە. سروشتی کوردستان سروشتێکە کە خۆی یارمەتییدەری هەموو ڕەوتێکی دێموکراتیکە. لەمێژە کوردستان بە هۆی جوگرافیا سروشتییەکەیەوە بەبێ جیاوازی و هەڵاواردنی ڕەگەزی، ژنانی لەنێو پرۆسەی ژیاندا وەکوو پیاوان بەشدار کردووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ژن، هەم مایەی ژیان بووە و هەم سیمبۆلی ئازادی. هەرێمی زاگرۆس ئەزموونی دەسەڵاتداریی دەیان ئایین و مەزهەب و شاخەی ڕەسەن و ناڕەسەنی بە خۆیەوە دیوە و خەڵکەکەی بە ژن و پیاوەوە لەنێو کوانووی مێژوودا برژاوە.
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەبێت بە حورمەتی ژینای کوردەوە بۆ بگۆڕدرێت. وشەی ژینا لە زمانی کوردیدا مانای نوێبوونەوە و نۆژەنبوونەوەی ژیان ئەدات و تۆمارکردنی ئەو دروشمە بۆ ژنی کورد، هەم لە ئاستی جیهاندا و هەم بۆ مێژوو بایەخێکی نەبڕاوەی مەعنەویی دەبێت. قامووسی ژنی کورد دەوڵەمەندە بە سەدان شانازی و ڕووداوی وەک مەرگی ژینا، هەر بۆیە ژنی کورد دەبێت هەوڵ بدات ڕۆژبەڕۆژ شکۆ و مەزنایەتیی خۆی بەردەوام لە لووتکەدا بهێڵێتەوە.
هیچ فەلسەفەیەکی فمێنیستی لەو چەند دەیەی دوایییانەدا نەیتوانیوە بەو شێوەیە کۆمەڵگەی ژنان لە ئاستی جیهانیدا بخرۆشێنێت و یەکڕیزیان بکات. فەلسەفەی فمێنیستیی ژنی کورد لەسەر بنەمایەکی ئازاد و دێموکراتیک پێی گرتووە و هیچ ئایدئۆلۆژی و بیرۆکەیەکی پیاوڕەهەند و دەرەکی ناتوانێت نە بەلاڕێیدا ببات و نە ژێردەستەی بکات. کۆتا وتە ئەوەیە کە ئاسۆی ڕزگاریی ئازادی وڵات ڕوون و ئاشکرایە، چونکە ڕێبەرایەتیی ڕاپەڕین لە دەستی ژنانی، بوێر، کوردپەروەر و ڕووناکبیردایە.
# ژن، ژینا، ئازادی... .
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.