کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سیستمی بەرگریی دژ بە مووشەک و فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران دامەزراند

12:40 - 10 خەزەڵوەر 2722

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سیستمی بەرگری "باراک"ی دژ بە مووشەک و فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئیمارات دامەزراند کە دروستکراوی وڵاتی ئیسرائیلە.

دوو سیستمی دژە مووشەکی ئاسمانی لە جۆری "باراک ٨" لە نزیکی پایەگای ئاسمانیی "ئەلزەفرە" لە باشووری "ئەبووزەبی" دامەزراون.

ئەو سیستمە بەرگرییە، لە ماوەی ڕابردوودا توانیبووی فڕۆکەکانی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان کە بەرەو مەیدانی گازی "کاریش" هاویشترابوون، بە سەرکەوتوویی کۆنتڕۆڵ بکات.

ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا بە کەڵوەرگرتن لەو سیستمە بەرگرییە، توانیبووی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حیزبوڵڵا کە بەرەو دامەزراوەی گازی "کاریش" هەڵدرابوون بخاتە خوارەوە و یەکێکیش لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە تەقێندرابووەوە.

ئیمارات بۆ بەرگری لە خۆی لە بەرامبەر مووشەک و فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران کە لە دەستی هێزەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە یەمەندان، ئەو سیستمە بەرگرییەی دامەزراندووە.