کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکانی من

17:08 - 17 خەزەڵوەر 2722

ڕەزا دانشجو

ماکسیم گۆرکی، نووسەری شۆڕشگێڕ و بەناوبانگ، دامەزرێنەری ڕیئالیزمی کۆمەڵایەتی لە ئەدەبی ڕووسیدا، یەکێکە لە نووسەرە کاریگەرەکانی مێژووی ئەدەب نەک تەنیا لە ڕووسیە، بەڵکوو لە جیهاندا. ڕوانینی قووڵ و ڕەخنەگرانەی گۆرکی لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە و ئەوەی لەڕاستیدا لەژێر پێستی شاردا ڕوو دەدات، وێنەیەکی تەواو باوەڕپێکراو لە خۆی و کتێبەکانی دەخاتە ڕوو. بەبێ گوێدان بە مەکتەبی بیرکردنە گۆرکی، کە ڕەگ و ڕیشەی لە سۆسیالیزمی کرێکاری و خەباتی چینی خوارەوە دژ بە ڕووسیەی ژێردەسەڵاتی تزارەکان‌دایە، نووسینەکانی گۆرکی ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیە و بە جۆرێک ژیان لە خودی ڕووداوەکان‌دایە.

"زانکۆکانی من" بەرهەمێکی ماکسیم گۆرکییە کە دەرئەنجامی ئەزموونەکانی ئەو لە تەمەنی گەنجی‌دایە، ماکسیم گۆرکیی گەنج کە بە هیوای خوێندن لە زانکۆ دەچێتە "کازان"، بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە خوێندنەکەی بە نیوەتەواو بەجێ دەهێڵێت و ناچارە دەبێت وەک کرێکارێک کار بکات. ئەوەی گۆرکی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لەنێو خەڵک و لە پێوەندی لەگەڵ کەسانی جۆراوجۆر و لە دۆخی جیاوازدا فێر دەبێت، لەلای گۆرکیی گەنج گەورەترین زانکۆیە. لە ڕاستیدا ئەم جارە دوور لە ڕێکارە ئاساییەکانی فێربوون لە زانکۆ، گۆرکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەزموونی مرۆڤەوە فێر دەبێت، ئەم جارە ئامرازی فێربوون وەشانێکی کۆپیکراوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو فێربوون دیتنی ڕاستییەکانە لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شار. وەک نموونەیەک، لە گێڕانەوەی هەژاری و بێبەشیی ئەو خێزانەی کە لە سەرەتای هاتنی بۆ "کازان"، گۆرکی لە گەڵیاندا دەژی، دەنووسێت: "پیرەژن ناچار بوو سکی منداڵەکانی کە هەموو بەیانییەک بەبێ بیرکردنەوە داوای نانیان لێ دەکرد، هەڵبخەڵەتێنێت. هەر بیرکردنەوەیەک، بە شێوەیەکی سروشتی هەر پارووە نانێک کە لەلایەن ئەم خێزانەوە پێم دەدرا، کێشی وەک بەردێک لە سکمدا بوو، هەربۆیە هەموو بەیانیەک زوو بە بیانووی دۆزینەوەی کار لە ماڵەوە دەهاتمە دەرەوە بۆ ئەوەی نانی بەیانی لەگەڵیان هاوبەش نەبم!".

بەڵێ، گۆرکی بەباشی تێ گەیشت کە هەندێک جار مرۆڤ ناتوانێت ڕاستییەکان نە لە کتێبدا بدۆزرێتەوە و نە لە زانکۆکاندا، بەڵکوو ڕاستییەکان لەنێو شەقامەکاندا دەژین، هەندێک جار توێژینەوە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسییەکان ناتوانان لە لێکدانەوەی ڕووداوەکان، تەنها بە چەند ژمارە و ڕەقەم یان گریمانەیەکی ئەگەری قەناعەت دەکەن. هەندێک جار ڕەوتی پێشهاتەکان ئەوەندە خێرا دەڕوات کە کات بۆ شیکردنەوەی ئەکادیمی ناهێڵێتەوە، هەندێک جار شەقام خودی زانکۆیە.

شۆڕشی ژینا کە بە کوشتنی کچێکی بێتاوان لەلایەن حکوومەتەوە دەستی پێ کرد، ئێستا نە تەنیا جوغرافیای ئێران، بەڵکوو جیهانی داگیر کردووە. شۆڕشێک کە خاوەنەکانی ئەوەندە هەمەچەشن و فراوانن کە جگە لە شەقامەکان هیچ شوێنێکی تر نییە بۆ تێگەیشتن لێی. شۆڕشی ژینا شۆڕشی ڕەنگ و جیاوازییە. شۆڕشی ئەو ئازار و دەردەیە کە ساڵانێکە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهـ بەسەر خەڵکدا سەپاندوویەتی.  ئەو ئازار و دەردانەی کە هێندە گەشەیان کردووە کە کچێکی تەمەن ١٥-١٦ ساڵیان کردووە بە ڕەخنەگری سیاسی، ئەو کچانەی ئێستا باس لە مافی هەڵبژاردن دەکەن و گەندەڵی و هەڵاواردن مەحکووم دەکەن! 

ئێستە بە دڵنیایییەوە خوێندنەوەی فەلسەفەی سیاسیی "هانا ئارێنت" یان خود بۆچوونە شۆڕشگێڕەکانی "کارل مارکس"  یارمەتیدەر نابێت بۆ شیکردنەوەی شۆڕشی ژینا و ئەوەی لە شەقامەکان ڕوو ئەدات. بۆ تێگەیشتن لە شۆڕشی ژینا، پێویستە گوێ لە قسەی قوتابییانی قوتابخانەکان و زانکۆکان بگرێت، دەبێت گوێبیستی ژان و ئازاری دەیان ساڵەی کرێکارانی "نیشکر هفت تپە" بیت. بۆ شیکردنەوەی ترس، پێویستی بە تێئۆرییە دەروونییەکانی "شۆپنهاوەر" نییە، مانای ترس دەبێت لەو کەسانە بپرسیت کە بە ئاگایانە بەرەوپیری گوللە و مردن دەڕۆن، ئەم  ئازار و دەردانە بە فێرکارییەکانی مەسیح دەرمان ناکرن، پێویستە لە دایکی ژینا بپرسیت مانای ئازار و ژان، لە دایکی سارینا، لە "دایکانی خەزەڵوەر" و هەموو ئەو دایکانەی کە تا هەمیشە دڵبریندارن. ئیتر خوێندنەوەی نووسراوەیەکی فێمینیستی لەلایەن چەند کەسێک لە کۆبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی ژن وەڵامی ڕاستی ئەم ڕۆژانە نییە، ئێستە لە سەردەمی پێوەندییە بێسنوورەکان و میدیا لە ڕێگەی بیستن و بینینەوە کچان فیر بوون کە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان لە جیاتی قسەکردن و دەرکردنی چەند نوسراوە، ڕەفتار بکەن. ئەوان بە ئاگادارییەوە ڕۆیشتوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ هەموو نۆرمەکانی ڕێژێمی دەسەڵاتدار، ڕەنگە تەنانەت ناوی "کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژی ژنان"یان نەبیستبێت.  ئەو نەوە ئازایەی کە لە جیاتی قسەکردن فێری کردار بوون، دەزانین دەبێت بە زمانێکی جیاواز لەگەڵ دیکتاتۆر قسە بکەی. بەڵێ شۆڕشی ژینا زانکۆیەکی تەواوە، زانکۆیەک کە تێدا وشیاری تەنیا بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی یان فیکرێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە. 

بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژێمی ویلایەتی فەقیهـ، ئەوەی کە ئێستە کچانی بوێری شەقامەکان بەدوایدا دەگەڕێن، دووبارە پێناسەکردنەوەی ژنان وەک هاندەرێکی نایاب و بەهێزی کۆمەڵگەیە بۆ گەیشتن بە کەرامتی مرۆڤایەتی، بەبێ گوێدان بە ڕەگەز و هەر فاکتەرێکی جیاکەرەوە. لەم زانکۆیەدا دەتوانیت هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی شتێکی تازە بیت، جووڵانەوەیەکی نوێ، کردەوەیەکی چاوەڕواننەکراو، داهێنانێک بۆ پێشکەوتن. بەڵێ، هەموو ڕۆژێک دەتوانیت چەکێک بدۆزیتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆر. شەقام پڕە لەم کەسانەی کە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ دیکتاتۆریان دۆزیوەتەوە، ڕێگەیەک کە نە لە نووسراوە زانستییەکان و نە لە هیچ زانکۆیەکدا ئاماژەی پێ نەکراوە، ڕێگەیەک کە ئاکامی ژیانی چەندین ساڵە لەگەڵ ئازار و ژان و جیاکارییەوە، لە شۆڕشی ژینا، ژن ڕەگەزی بەرانبەر نییە، ژن وتەبێژی یەکسانی و پێکەوەبوونە. لێرەدا ژیان بە هەموو دژواری و ئازارەکانییەوە بەردەوامە، ئێتر ئازادی تەنیا چەمکێکی فەلسەفی و سیاسی بۆ نووسین و خوێندنەوە نییە، ئازادی درێژکراوەی ژن و ژیانە، سێ وانەی ڕزگاری و پێکەوەبوون.

 ئەمە شەقام نییە، ئەمە زانکۆیە، زانکۆیەکی بێسنوور بۆ فێربوون و دووپاتکردەوەی ڕاستییەکان.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.