شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر، دایە "زارا ئەحمەدی" دایکی شەهیدان "عەلی ئەبووبەکری" و "محەممەدئەمین ئەبووبەکری" و عەزیز ئەبووبەکری" لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
دایە "زارا" کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو و ئاواتی ئەوە بوو کە ڕزگاریی خاک و نیشتمانەکەی بە چاوی خۆی ببینێت بەڵام مەرگ مەودای نەدا.
دوو کوڕی دایە "زارا" بە ناوەکانی "عەلی ئەبووبەکری" و "محەممەدئەمین ئەبووبەکری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون و گیانیان لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەخت کردووە.
کوڕێکی دیکەی دایە زارا بە ناوی شەهید "عەزیز ئەبووبەکری" لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بووه کە گیانی فیدای خاکەکەی کردووه.
شەهیدان "عەلی ئەبووبەکری" و "محەممەدئەمین ئەبووبەکری" لە تەمەنی لاوێتیدا پەیوەست بە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون و هەتا کاتی شەهیدبوونیان ئەرک و ئەسپاردەکانی حیزبیان بەوپەڕی شانازییەوە بەڕێوە برد.
دایە "زارا" هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی و گشت شەهیدانی کوردستان مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی شاری بۆکان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.