کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"با" و "ئانارشیسم"

20:06 - 17 خەزەڵوەر 2722

لێنا ستێفانوو/ و: عەلی فەتحی

ژنان قژیان پەخشان‌ دەکەن

تا بەدەم ڕۆیشتن با ‌لێی دا

دەیلەرێننەوە

دەیلاوێننەوە

ئەوان قژی ڕەشی پڕیان

ڕێک و شانەکراوە

تا شێوەی قژی سوورپێستەکان بدا

یا وەکوو هی هیندییەکانی لێ بێ

هەروەها چەشنی قژی چینییەکانی سەردەمی کۆن

بڕازێتەوە و

لە جۆری قژی داپیرە بڕازیلییەکان بچێ

قژی ئەوان هەرتەنیا پۆڕێ مووی ئاسایی نییە

کە بە ڕووناکیی مانگ بدرەوشێتەوە

بەرهەمی نێوەندە جوانکارییەکانیش نییە،

بەڵکوو میراتێکی نهێنییە

قژی ئەوان هێلانەیەکە بۆ باڵندەکان

پەرتووکخانەیەکی جادووییە

کە حەز دەکا شنەی "با" بەهەڵکەوت لاپەڕەکانی هەڵداتەوە.

مانگێکی وردیلە،

لەنێو قژی ئەواندا خۆی حەشار داوە

"دالیدا "، شاجوانی میسری

دەرکەوت جوانییەکەی چیرۆکێکی دەستکردە

ڕوخساری کیژۆڵەکانی ئێستا بەڵام،

ڕاستەکین،

خودایەکی سەردەمی باستان

ئەژدادی ئەو ڕوخسارانەیە

 

ئاخووندەکان چیرۆکی ئەو کیژۆڵانەیان بەراوەژوو کرد

بۆوەی ڕاستییەکان وەشێرن

قژی ئەو خاتوونانە وەختی هەنگاونان

لە هەوادا دەلەرێنەوە،

نهێنیی یەکگرتوویی و خوشک و برایەتییان

لە هەناویاندا پاراستووە

 

کە خەنجەرێ خۆی دەخزێنێتە نێو تاریکی بێهوودەیی

قژی ئەو خاتوونانە بەهێزتر و خێراتر لە ئەسپەکان

چیرۆکی ئەفسانەیی یەکگرتوویی دەهۆننەوە

 

لە چارەنووسی "وەشتی " ژنی خەشایارشای یەکەمەوە

هەتا دەگاتە مەهسا (ژینا)ی ئەمینی،

مێژوو فەرامۆشیان ناکا

خۆی ڕاستیی‌ بەسەرهاتی ئەوان وردورد دەچنێ و

لە داو و تەون ڕزگاریان دەکا و

بە سوێندی بێدەنگی دیسان دەیانڵێتەوە.

ئەگەر تۆش لەو ڕاستییانە ‌ورد بیەوە

بۆت دەردەکەوێ ئەوانەی کووڕ بوونەتەوە و

بە خەنجەرێ دوای قوربانییەکان کەوتوون

زۆربەیان ڕدێن‌تاشراون

گەلێک جاریش سەرتاسن

ڕەنگە خاوەن ڕیش و پەشمیش بن.

دیارە ئەگەر سەرتاسیش نەبن

ئەوەندە بە ترسەوە دەژین

ڕۆژێ لە ڕۆژان قژیان بە سەرەوە نامێنێ و

شێت ‌دەبن لە ترسی ئەو جینایەتانەی کردوویانە

بۆ خاتری چەند تاڵە موویەک.

ئەوانە لەبەر ئەوەی ژنان بەبەردەمیاندا ڕادەبرن و

گرینگیان پێ‌نادەن،

دەیانکوژن.

 

(پێشکەش بە مەهسا (ژینا) ئەمینی و ژنانی ئێران و هەموو جیهان)

چل ڕۆژ بەسەر کوژرانی مەهسا ئەمینی ٢٢ ساڵەدا تێپەڕی. ئەو خاتوونە بەدەست گەشتی ئیرشادی ئێران کوژرا، چونکە بەڕادەی "پێویست" بە حیجاب قژەکانی دانەپۆشیبوو. مەنجەڵەکە هەروا لە کوڵە (دۆخەکە هەروا شێواوە).

 

تێبینی:

a ئانارخی‌یا (ئانارشیزم) ئامانجی پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکە تێیدا کەسەکان بە شێوەیەکی ئازادانە و یەکسان ھاوکاری یەکتر دەکەن. ئانارشیزم دژ بە ھەموو جۆرە سیستەمێکی قوچکەیی کۆنترۆڵە، چ لەلایەن دەوڵەتەوە بێت، چ لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە.

b وەشتی، ژنی خەشایارشای یەکەم. خەشایاری هیخامەنیشی لە جێژندا داوای نیوەڕووت‌بوون لە شاژن، واتە لە "وەشتی" دەکا. بەڵام شاژن بەرهەڵستیی مێردەکەی دەکا و هەربۆیە پاشا لێی‌ جیا دەبێتەوە.