کۆماری ئازەربایجان لە کاردانەوە بە مانۆڕە سەربازییەکەی ڕێژیمی ئێران لە ئەرەس ڕایگەیاند کە هیچکەس و وڵاتێک ناتوانن ئێمە بترسێنن.
هاوکات لەگەڵ شۆڕشە سەرتاسەرییەکەی ئێران و کوردستان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێژیمی ئێران بۆ بەلاڕێداربردنی بیروڕای گشتی، هێزەکانی خۆی گواستووەتەوە بۆ سنوورەکانی ئازەربایجان و بە مەبەستی پشتیوانی لە وڵاتی ئەرمەنستان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئازەربایجان، ''ئیلهام عەلی ئۆف''، سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی وڵاتەکەی لە شەڕ لەگەڵ وڵاتی ئەرمەنستان و هەروەها بە ئاماژە بە مانۆڕە سەربازییەکەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەرەس، ڕوو بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ''هیچ وڵاتێک ناتوانێ ئێمە بترسێنێت''.
ناوبراو سەبارەت بە لەشکەرکێشییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی لە ئەرمەنستان ڕوو بە خەڵکی ئەرمەنستان وتی: ''هیچکەس و دەوڵەتێک بە جێگەی ئێوە شەڕ ناکات تەنانەت ئەگەر بیانهەوێت شەڕ بکەن ئەوە لەگەڵ ئەرتەشی ئازەربایجان بەرەوڕوو دەبنەوە''.