کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان

11:38 - 18 خەزەڵوەر 2722

لە درێژەی شۆڕشە سەرتاسەرییەکەی ئێران و کوردستان کە بەرەو دوو مانگ دەڕوات، ئەمڕۆ داوای بانگەوازی شۆڕشی سەرتاسەری بۆ خاوەندارەتی لە شەهیدانی هەینیی زاهیدان زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیان دایە مانگرتنی گشتی.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، دوابەدوای بانگەوازی گشتی بۆ شۆڕشی سەرتاسەریی و خاوەندارەتی لە شەهیدانی هەینیی خوێناوی زاهیدان، ڕۆژی چوارشەممە، بازاڕیان و دووکاندارەکانی شارەکانی ''سنە، سەقز، کرماشان و بانە'' مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێ لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەموو شارەکانی ئێران و کوردستان بۆ پشتیوانی لەو شۆڕشە مەزنە مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان ''نا''یەکی دیکە بە ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران بڵێنەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە یەکدەستی و یەکپارچەیی خەڵکی ئێران و کوردستان بە دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و هەروەها ''مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی'' تەنگی بە کۆنەپەرەستانی ڕێژیم هەڵچنیوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر کورسیی دەسەڵات لە هیچ جۆرە جینایەتێک دژ بە مرۆڤایەتی سڵ ناکەنەوە، بەڵام ئەمجارە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لێبڕاوانە بۆ کۆتاییهینان بە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.