ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، "عەلی بەهادۆری جەهرۆمی" وتەبێژی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵیک لە خوێندکارانی یەکێک لە زانکۆکان وتوویەتی کە حکوومەت لە بەرانبەر خۆپیشاندەران، هێمنانە جووڵاوەتەوە و وەکوو "منداڵانی خەتاکار"ی خۆی چاوی لێ کردوون.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وتوویەتی کە بۆ ڕێژیم زۆرهاسان بووە کە بۆ بەرنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران لە فیشەکی جەنگی کەڵک وەربگرێت و هەر کەس لە ماڵ هاتبا دەرەوە تەقەی لێ بکرێت، بەڵام ڕێژیم ئەو کارەی نەکردووە چونکە ناڕازییانی بە منداڵ و بنەماڵەی خۆی زانیوە.
وتەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەریی خەڵکی ئێراندا تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس بە فیشەکی جەنگی و چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کراوە و شەهید کراون.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا ٣٠٤ کەس گیانیان لەدەست داوە کە لەنێو ئەواندا ٤١ منداڵ و ٢٤ ژن بوونیان هەیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا"ش ئاماری ٣١٤ کوژراوی بڵاو کردووەتەوە.