کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"فایەق مام‌ قادری" لە برینداربووانی ڕاپەڕینەکەی مەهاباد تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

12:48 - 18 خەزەڵوەر 2722

"فایەق مام قادری"یەکێک لە بریندارانی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی خەڵکی مەهاباد، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کورد و کوردستان بوو.

"فایەق مام قادری" شەوی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی مەهاباد دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر و پشتی بەتوندی بریندار ببوو کە سەرەتا ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کراوە و دواتر بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ گواسترابووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەر "فایەق مام قادری" بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوو.

بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو بگەڕێندرێتەوە بۆ شاری مەهاباد و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی شار داوایان لە خەڵکی شار کردووە بچنە پێشوازیی تەرمی ئەو شەهیدە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوە بەرن.