(پرسی مافی نەتەوەیی و شارومەندیی لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا)
د. کامران ئەمینئاوە
پرسی نەتەوەیی پرسێکی گرینگ له وڵاتێکی فرەنەتەوەی لە چەشنی ئێرانه. لە درێژایی دوو سەدەی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران بهپێی باوەڕیان به یەک نەتەوە یان ئومەتی ئیسلامی، نکۆڵییان لە فرەنەتەوەیی بوونی ئەم وڵاته کردووە. ئەم ڕێژیمانه به چەواشەکاری و بیانووی ناڕاستی وەکوو مەترسیی تێکچوونی یەکپارچەیی ئەرزیی وڵاتی ئێران، هەر لەجێدا ڕیگای چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی ئەم کێشەیان بەربەست کردووە و، به کەڵکوەرگرتن لە شێوە جۆراوجۆرەکانی سەرکوتکردن، بزووتنەوەی نەتەوایەتییان به تایبەتیی له کوردستان، ئازەربایجان، خوزستان و بەلوچستان قەڵتوبڕ کردووە.
ئێستا ٤٣ ساڵ پاش دامەزرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستپێکی کۆتایی حکوومەتی ئیسلامی هەر لەو کوردستانەیەوە سەرهەڵدەدات که ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێران به سەرکوتکردنی خوێناویی خەڵکەکەی، ژیانی سیاسی خۆی دەست پێ کرد. خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی به بایکۆتی گشتپرسیی "کۆماری ئیسلامی ئەرێ یان نا؟" یەکپارچە "نا"یەکی گەورەیان به کۆماری ئیسلامیگوت. دوو ڕێکخراوی سەرەکیی سیاسیی کورد -حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- هەر لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، خوازیاری دابەشینی دەسەڵات و دابینکردنی ماڤی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی"خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران" بوون. ئەگەر ئەم ویسته وەدی هاتبایه، بێگومان ئەم ڕەوته نەک کوردستان بەڵکوو تەواوی ناوچە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێرانیشی دەگرتەوە. قەبووڵی ئەم خاڵه لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، بیویستبایه یان نا، به مانای قەبووڵی دەسەڵاتی ناکۆجێیی بۆ گشت ئێران دەبوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وێرای سەرکوتی بەردەوامی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە قاڕنێ، قەڵاتان و ئیندرقاش، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ئازادیخوازانی کورد لە دادگای سەرپێی و بەندیخانەکانی ئێران، تێرۆری ڕێبەر، کادر و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە ئێران و دەرەوەی وڵات و هتد، هاوکات پاڵپشت به سیاسەتی "دووبەرەکی بنێوە و ئاغا بمێنەوە" و به بهکاربردنی فێلوتەڵەکە و تاوانبارکردنی ناڕاستی هێزە سیاسییەکانی کورد، هەوڵی دووبەرەکینانەوە و جیاییخستنی لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و، به تایبەتی تورکە ئازەربایجانییەکانی دەدا. هەرچەند حکوومەتی ئێران لەم پێوەندییەدا بۆ ماوەیەکیش دەستکەوتی هەبوو، بەڵام بزووتنەوەی ئێستای خەڵکی ئێران کە به ڕاپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی سەقز لە خەرمانانی ئەمساڵ و، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی نەمر ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد و، لەگەڵ پشتیوانیی تەواوی نەتەوە و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بەرەوڕوو بۆوە، لە یەک ڕۆژدا ڕیسەکەی کۆماری ئیسلامیی کردە خوری. یەکیەتی و هاودەنگی بێهاوتای نەتەوە و چین و توێژەکانی ئێران پیشاندەری ئاستی بەرزی ئاگایی و تێگەیشتنی سیاسیی خەڵک و هەرەسهێنانی سیاسەتە دووبەرەکینانەوەی ڕێژیمی سیاسیی ئێرانه. ئەگەر به هەر هۆیەکیش، ڕەوتی ڕووخاندنی ئەم ڕێژمە درێژە بکێشێ، ئیتر کۆماری ئیسلامی قەت ناتوانێ لەوە زۆرتر درز بخاته نێو ڕێزی خەڵک. حوکمی مێژوو بەرەو پێش دەڕوا و خەڵکی یەکگرتووی ئێران درەنگ یان زوو کۆتایی به ژیانی ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرەستە دەهێنێ و لە گۆڕستانی مێژووی دەپەستێون.
بێگومان، پاش ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ئێران و دەوڵەتی نوێ کاتیی بەرەوڕووی کێشەی دامەزراندنی سیستمێکی ناکۆجێیی دێموکراتیک دەبێتەوە کە دەبێ وڵامدەری نەک تەنیا مافی شارومەندی، بەڵکوو پرسی نەتەوەییش بێ. گەڵالەکردنی دروست و چارەسەرکردنی دێموکراتیکی ئەم پرسه، چارەنووسی کۆمەڵگەی داهاتووی ئێران و به میلیۆن کەس دیاری دەکات کە هەر لە ئێستاوە ڕەنگدانەوەی ئاواته دێرین، ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆیانی تێدا دەبینن. بەڵام، پێداگریی دەسەڵات و نوێنەرانی سیاسیی ئێران لە داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی تەواوی پرسە هەڵپەسێرا و حاشالێکراوەکان و یەک لەوان پرسی نەتەوەیی به دابینکردنی مافی شارومەندیی، ناتوانێ وەڵامدەری داخوازییه مێژووییەکانی کورد و نەتەوەکانی ستەملێکراوی ئێران بێ.
چارەسەرکردنی هەر پرسێک لە سەرەتادا پێویستیی به داننان بە بوونی پرسەکە هەیە. بەگشتی، نەتەوە نافارسەکانی ئێران وەکو هەر ئێرانییەکی دیکە، وێرای پێشێلکرانی مافه شارومەندییەکانیان لەلای حکوومەتی ناوەندییەوە ، بە دەست ستەمێکی دووهێندەیی و چەندقاتی دی، واته نەتەوەیی دەچەوسێنەوە
خەڵکی ئێران، بێ لەبەرچاوگرتنی میللیەتیان ڕیزە داخوازییەکی هاوبەشیان هەیە، وەکوو ئازادیی چاپەمەنی و چالاکیی حیزبه سیاسییەکان، یەکسانیی ژن و پیاو، مافی دەرسخوێندنی به بەڵاش، مافی بەربژێر بوون و هەڵبژاردن، کێشەی بێکاریی، خۆشبژیویی و هەبوونی ماڵ و هتد. بەڵام ستەمی نەتەوەیی، ستەمێکی دووقاته و کەسێک تووشی ئەم هەڵاواردن و دووچاوەکییە نەبووبێ، ئەستەمە تێی بگات یان هەستی پێ بکات. هۆیەکەشی سادەیه، ستەمی نەتەوەیی و کاردانەوەی نەرێنیی ئەم چەوسانەوەیه قەت کێشەی و مەسەلەی ئەو نەبووە و نابێت. یەکێک لەم نموونه بەرچاوەکانی ستەمی دووقات، فێرکاری و خوێندنی منداڵان به زمانی زگماکیی وەکوو پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی ئەوان لە داهاتوودایه.
بۆ وێنە، ئەو منداڵه فارسزمانەی که یەکەم هەنگاوی ئەزموونی فێرکاریی لە قوتابخانه به زمانی زگماکی خۆیەتی، ناتوانێ لەو کێشەیه و، زەبر و ئازار ڕووحییە تێ بگات که له ڕەوانی منداڵی کورد، تورکی ئازەربایجانی، بەلووچ و هتد له کاتی هەنگاونانی لە قوتابخانه دەدرێ. ئەو قەت به هۆی جلوبەرگ و هەبوونی زاراوە لە کاتی قسەکردن به فارسی، سووکایەتی پێ ناکرێ و، هەر لە کاتی منداڵییەوە وەکوو شارومەندی پلە ٢ لە ئێران هەڵسووکەوتی لەگەڵ ناکرێ. ئەو لەبەر زاراوە و هەڵە لە دەربڕینی وشەگەلی فارسی لەلایەن مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی فارسییەوە سزا نادرێ و لەلایەن کەسانی دیکەوە گاڵتهی پێ ناکرێ. بێگومان پانتایی ستەمی نەتەوەیی زۆر بەرفراوانتر لە مەسەلەی فێرکارییه و، ڕیشەی لە سیستمی حاکم بەسەر ئەو وڵاته فرەنەتەوەییەوە هەیە که نەتەوەی دەسەڵاتدار بۆ پاراستنی نیزام و زاڵبوونی بەسەر تەواوی بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی نێو کۆمەڵ، وێرای دووچاوەکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە، به شێوەی جۆراوجۆر سەرکوتیان دەکات.
مێژووی ئێران بهتایبەتی لە سەردەمی قاجارەوە هەتا ئێستا شایەتی سەرکوتکرانی هێزە ئازادیخوازە نافارسەکانی بەرهەڵستکار به ستەمی نەتەوایەتی له ئێران به گشتی و، لە کوردستان به تایبەتییه. حکوومەتە ناوەندییەکانی ئێران هەمیشە به بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی تەواویەتی ئەرزی ئێران و، هەڵبەستنی تاوانی ناڕاستی سەر به بێگانەبوونی نوێنەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و نافارسەکانی دیکە، هەر چەشنه داخوازی و بانگی ئازادیخوازی ئەوانیان به زەبری زۆر سەرکوت کردووە. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم سەرکوتکردنانهش، خەباتی کورد و نەتەوەکانی دیکە ئێران نەک کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵكوو بەهێزتر بووە و پەرەشی سەندوە.
ئەزموونی دوو سەدەی ڕابردوو پێشانی داوە نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکی بڕاوە و، لەبەرچاونەگرتنی پرسی نەتەوەیی نەک یارمەتی به چارەسەرکردنی ئەم پرسە له کۆمەڵگە نادات، بەڵکوو دەبێتە هۆی توندتر و ئاڵۆزتربوونی گیروگرفتەکە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر دابینکردنی مافی شارومەندیی وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی تاکی ئێرانی بێ، ناتوانێ ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی واته داخوازی کۆی نەتەوەیەکی چەوساوە بێ کە دەیەوێ وەکوو بەشێک لە وڵاتی پان و بەرینی ئێران مافی یەکسانی لە ژیانی سیاسی و فەرهەنگیی خۆی لە ئاستی میللی به تایبەتی و، ئاستی ئێران بهگشتی بێ. نەتەوە و گەلانی پێکهێنەری ئێران وێرای هەبوونی مێژوویەکی هاوبەش، هاوکات تایبەتمەندیی نەتەوەیی وەکوو وڵات، زمان، فەرهەنگ و داب و نەریتی نەتەوەییان هەیە و دەیانەوێ لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئێراندا بەشدار لە کاروباری ناوچەی خۆیان بن و، به هەبوونی مافی نەتەوەیی و دەسەڵاتی سروشتی، لە وڵاتێکدا بژین که بە دوور لە دەسەڵاتی تەنیا ناوەندێک و نکۆڵیکردن له مافی پەراوێزییەکان بێ.
ئەو دەسەڵاتە تەسکەی نێو یاسای بنەڕەتیی ئێران که لە سەردەمی مەشروته به ناوی "بنەمای ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان" بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکان پەسەند کرا، لە ترسی تێکچوونی پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوەند قەت به ئەیالەت و ویلایەتەکانی ئێران و قۆناخی بەڕێوەبردن نەگەیشت، بەڵام ئەمڕۆکه لە زۆربەی وڵاته پێشکەوتوو و فرەنەتەوییەکانی جیهان کە سیستمی فیدرالیزم یاخود کۆنفیدرالیزم زاڵه، بێئەوەی یەکپارچەیی ئەرزیی ئەوان خەوشدار بێ و تێکبچێ، نەتەوەکانیان لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی سیاسیی هاوبەشدا، بە چەشنێکی چالاک بەشدارن لە ژیان و کاروباری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خۆیان.
نابێ لەبیر بچێتەوە کە یاسای بنەڕەتیی ئێران و یەکەم یاسای هەڵبژاردنی پەسەندکراو له ساڵانی ١٢٨٦-١٢٨٥ هیجری (١٩٠٧-١٩٠٦ زایینی) کە جاروبار هێزە مەشروتە و سەڵتەنەت خوازەکانی ئێرانی وەکوو سەرچاوەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی "قەومی"ی ئاماژەی پێ دەکەن، بۆخۆی نیشانەی بەرچاوی ستەمی نەتەوەیی و هەبوونی سەرپشکی تایبەتی بەبۆنەی فارس و شیعەبوونه. بۆ وێنە لە نێوان ١٥٦ کورسی بۆ تەواوی نوێنەرانی ئێران لە مەجلیسی ئێران، ٦٠ کورسی به تارانێک درابوو کە زۆرینەی دانیشتووانی فارس بوون. ئەمە لە حاڵێکدابوو، بە ئازەربایجان کە دانیشتووانی گەلێک زۆرتر لە تاران بوون تەنیا مافی ١٢ کورسی درابوو. بۆ کوردستان و هەمەدان ٦ کورسی و، خوزستان، لوڕستان و بروجێردیش لەسەریەک ٦ کورسی درابوو.
مافی بەربژێربوونیش تەنیا بە کەسێک دەدرا کە شارەزای زمانی فارسی بایە. هەروەها لەو یاسا بنەڕەتییه و، یاساکانی دوایی ئێران ئایینی شیعه، هەمیشە وەکو ئایینی فەرمی ئێران پێناسه کراوە و، تەنانەت لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تەنیا کەسێک مافی سەرۆک کۆماربوونی هەیە که شیعه بێت.
نەتەوە نافارسەکانی ئێران لە تەواوی بوارەکانی ژیان وەکوو وەبەرهێنان و گەشەکردنی دامەزراوە و پیشەسازییە ئابوورییەکان تا دامەزرانی قوتابخانه و زانکۆ، هەروەها گرنگیدان به زمانی زگماکی و هتد بەر تیغی دووچاوەکی کەوتوون. ستەمی نەتەوەیی و هەڵاوارنی سیستماتیکی ڕێژیمەکانی قاجار، پەهلەوی و ئیسلامیی ئێران هەمیشە لەگەڵ خۆڕاگری و خەباتی نەتەوەکانی ستەملێکراو بەڕەوڕوو بوونەتەوە و نوێنەرە سیاسییەکانی ئەوان بۆ گەیشتن به دێموکراسی، ئازادی و مافی بەشداری لە چارەنووسی خۆیان و ئێرانێکی بهدوور له ستەمی نەتەوایەتی خەباتیان کردووە و، قوربانیی زۆریان داوە. بێگومان قەبووڵی ڕەنگاڵەیی کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی ئێران و تەیارکردنی بارودۆخی شیاو بۆ ژیانی خۆویستانهی نەتەوەکان پێکهێنەری بەستێنی شیاو بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تەواوی ناوچەکانی ئێران و بەشداریی خەڵکی ئەو ناوچانه به هەر میللیەت و ئایینێکەوە لەم ڕەوتە بێ. ئەم دیاردەیە تەنیا لە وڵاتێک دەرفەتی سەرهەڵدانی هەیە که ناکۆجێی و دێموکراتیک بێ.
نەمر پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەوەڵین سەرۆککۆماری کوردستان نزیک به ٨ دەیە لەوەپێش، لە یەکێک لە نوتقەکانی خۆی لە جۆزەردانی ١٣٢٥دا وێرای باسکردن له ژیانی نەتەوەکانی یەکیەتیی سۆڤییەتی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سوئیس، دەبێژێ "ئەگەر بیتوو ئازادی له ئێراندا بەرقەرار بێ، چه مانعێک هەیە ئەوی لە ئێرانیدا دەژین تێکڕا دەستی برایەتی بدەن به یەکتری".
ئەم وتانەی پێشەوا قازی محەممەد هەڵگری پەیامێکی تایبەت و ڕوونه. هەر کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پابەند به دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوەیی گەلانی ئێران بێت، ئەوان دەتوانن لە چوارچێوەی یەکێک لە سیستمە ناناوەندییەکان وەک فیدرالیزم یان کۆنفیدرالیزم به هەبوونی مافی یەکسان بژین، بەڵام بێگومان پێداگریی دەوڵەتی ناوەندی بۆ درێژپێدان به سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی گەڵان، جیایی و دووربوونەوەی ئەوانی لە ناوەند لێ دەکەوێتەوە. نەبوونی بەستێنی پێویست بۆ ژیانێکی خۆویستانه و بەشداریی نەتەوەکانی ئێران به مافی بەرامبەر لە دەسەڵات و، دابەشنەکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی وڵاتی پان و بەرینی ئێران، هەروەها نەبوونی سازوکاری دێموکراتیک بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەند لەلایەن نوێنەری نەتەوە و چین و توێژکانی خەڵک، ڕێ بۆ جووڵانەوە سەربەخۆییخوازیەکانی گەڵانی ژێر ستەم وەکوو مافێکی ڕەوای ئەوان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەکاتەوە. ئەوانەی به درێژەدان به سیاسەتی ستەمی نەتەوەیی دەیانەوێ وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران بەرێوە بەرن، لە ڕاستیدا ڕێگا بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم وڵاته ئامادە دەکەن.
لەم پێوەندییەدا پێویسته لە ئەزموونی ڕابردوو بۆ سازکردنی ئێرانێکی نوێ کەڵك وەربگیرێ کە تەواوی نەتەوە ستەملێکراوەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەدیهاتنی ئاواتە نەتەوەیی، چینایەتی و جنسیەتی خۆیان تێدا ببینن. نکۆڵیکردن لە کێشەی نەتەوەیی و چارەسەرنەکردنی دێموکراتیکی، ڕێگا بۆ دریژەپێدان به گیروگرفته نەتەوایەتییەکان لە داهاتوودا دەکاتەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.