کەیوان دروودی
هۆی خستنەڕووی ئەم بابەتە، سەرلێشێواویی ئەوانی تر بۆ لەقاڵبدانی کورد و ناپوختەییی بەشێک لە کوردە کە لە دەلاقەی بەدەر لە خۆی، سەیری بوونی دەکات. لای نووسەری ئەم دێڕانە، کورد تەنیا هەقیقەتێکی زاتییە؛ واتە نە نکۆڵی هەڵدەگرێت و نە ئەوەندە بەردەستە کە بیخەیتە چوارچێوەی ئایدئۆلۆژییەکەوە. ئەوەی زۆرتر حاشا لە کورد بکات، زیاتر گیرۆدەی هێزی هەقیقەتی کوردە و ئەوەی دەیخاتە نێو ئایدئۆلۆژی و ڕێکخراوەوە، تەنیا پەرژین بەدەور خۆیدا ئەکێشێت.
وەک لەو ڕۆژانە دەیبینین، هەموو پێکهاتەکانی نێو ئێران، هەر یەکە و بە جۆرێک ئەم وزە و گڕوتینەی کورد لێک ئەداتەوە. بەشێک لەوانەی سەرسامن، ئەم مەیلە بۆ ئازادی وەکوو هەوڵێکی هەڕەشەئامێز بۆ سەر خۆیان دەبینن، بەشێکی تر، دەرفەتێک بۆ "ئێرانی یەکپارچە"! کەچی کورد نە هەڕەشەی کردووە و نە هیچ کاتێک پێی ناوەتە ماڵی ئەوی تر، لە هەمان کاتدا پێملی ڕێسای هێزی پەتی (زۆرداری)ی دەوڵەت نەبووە تا بە بیانووی پاراستنی یەکپارچە پێداگری لەسەر بوونی خۆی و فرەیی بهگشتی نەکات. نە خۆی بەرانبەر بە کەسێک دەناسێنێت و ڕێگە ئەدات کەسێک بەو جۆرە پێی خۆشە یان پێی باشە بیناسێنێت، نە بەشداریی دەسەڵاتە و نە پشکی لە داهات دەوێت. هاوکات نە ڕووی دەسەڵاتخوازیی پێوە دیارە و نە داوای ئاوێتەبوونی بە سیستەمی ئابووری دەکات. ئەم دینامیزمە، تەنیا لە خۆبوونی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت. جۆرێک لە ڕوحی گشتی کە مەیلی سەردەستبوون (زاڵیەتی) پێ نییە و ژێردەستبوون (کۆیلەیی) بە شوورەیی دەزانێت.
هەر ئەمەش کوردی کردووە بە چەقی ڕووداوەکان، لە کاتێکدا، بە هیچ شێوازێک ناکرێت ئەم دیاردە بە داڕێژراو بزانین. کورد بە هیچ جۆرێک پلانێکی بۆ ئەوە نەبووە هەمووان لە پەراوێزی خۆی کۆ بکاتەوە، کەچی بێ کورد، ئەوانی تر مەیلی پەرتەوازەییان زاڵترە تاکوو خواستی پێکەوەبوونیان.
ئەوە ئەویترە کە پێی ناوەتە خاکی کورد، کەچی دەرکەوتنی بوونی هەقیقەتی کورد وای لێ دەکات، بکەوێتە پەلەقاژەی دوورخستنەوەی کورد لە خۆی. ئەمە بە ڕێسا باوەکانی دیاردەناسی لێک نادرێتەوە، کە چۆنە کورد لە خۆیدا تەبایی دەوێت، هەمووانیش بە ناوی تەبایی دەدوێن، بەڵام تێگەیشتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فۆرماڵیان بۆ ئەو تەباییە پێیە. با هەر باسی ئورمیە بکەین، تا لەم هێزی هەقیقەتە بگەین.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەهید و بریندار و گیراوانی کورد لەو شارە ئەو ڕاستییەی درخست کە لەوێ بوونی کورد خۆی دەنوێنێت و بەوەشەوە کە دەزانین ئەوانەی دەستیان لە گرتن، کوشتن و ئەشکەنجەی کورد لەو شارە هەیە، بە زۆری هەر لە تۆرەمەی ئەوانەن کە دژی کورد هەڵوێست دەگرن، کەچی ئەم شوورەیییە لە خۆیان دوور ئەکەنەوە. بەڵام سەیر دەکەین کە کورد ناپەڕژێتە سەر ئەوەی تاوانباران کێن، چونکە لە بنەڕەتەوە بەلایەوە گرینگ نییە کێن! ئەو تەنیا خۆی دەردەخات و ئەوانی تر بە شاراوە چەکی بەرانبەر ڕادەکێشن و بەئاشکرا چاوی لێ سوور دەکەنەوە! ئەی چی وا دەکات بە پشتیوانیی هێزی نێوخۆی ئەو وڵاتە و پشتگیریی دو وڵاتی تر، هێشتا ئەوان کورد بە مەترسی بزانن؟! سەیر نییە کە کوردی بێدەوڵەت، ئەوی تر بە هەڕەشە نازانێت، کەچی ئەوان لە دەستی بەتاڵی کورد تووشی هیستریا ئەبن! و تەنانەت بەشێک لە کوردەکان بێ ئەوەی بیر بکەنەوە و لە قاڵبی فۆرمە باوە ئایدئۆلۆژیک و ڕێکخراوەیییەکاندا، باوەش بۆ مەیلی هێرشبەرانەی ئەوی تر ئەکەنەوە!
لێرەوە پێویستە ئەمانەی بەناوی پێکەوەژیان، خەریکن دەست بە ڕووی کوردەوە دەنێن، بێژین؛ کامە کورد گوتوویە تورک دەسڕمەوە؟ بۆچی ناوهێنانی ئورمیە بە ئازەربایجان بەئاسایی وەردەگرن، کەچی لەلایەکی ترەوە ناوهێنانی بە کوردستان، گرێ دەدەن بە ڕێکخراو و ئایدئۆلۆژیی "سەرەڕۆیانە"وە! ئاخۆ باوەڕیان بە سنووردانانی تاران هەیە کە کوردستانی خستووەتە نێو چوارچێوەی پارێزگای سنەوە؟! جا ئەگەر وایە خۆ دەبێت دەست لە کرماشانیش هەڵگرن، ئەی بۆ دەستی لێ هەڵناگرن؟ بەدڵنیاییەوە کورد بێ ئەوەی مەیلی گرژی و بەریەککەوتنی تێدا بێت، لە بوونی کورد لە ئورمیە پاشەکشە ناکات، چونکە هەقیقەت پێڕەوی لە یاسای هێز ناکات. وەکوو خۆر چۆن هەر دەبێت هەڵبێ و گرینگ نییە، ئاسمان وەشت بێت یان ساماڵ، سەرما بێت یان گەرما، هەر تیشکی ڕۆشنایی خۆی دەرئەخات، کوردیش بێ ئەوە بۆ بەزاندنی ئەوی تر هەنگاو هەڵبگرێت، ڕووگەی خۆی کە دەرکەوتنی بوونییە بەر نادات.
کێیە نەزانێت، دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی و تورکی و سووریەی و عێراقی، بە زێڕی ڕەش (نەوت) خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە؟! ئەگەر ئەو داهاتە لە خەزێنەداریی وڵاتانەوە نەڕژێتە گیرفانیان و بەوەش هێزی سەرکوت دروست نەکەن، کوا پێیان دەکرێت درێژە بەم فۆرمە هەنووکەییە بدەن؟ هێزی ئەوان لە زۆرداری و هێزی کورد لە هەقیقەتدایە. وەک چۆن کەسی بێتاوان بێباکە لەوەی بەهۆی یاسای نادروستەوە تووشی تۆمەت بێت، کوردیش هیچ ترسێکی لەوە نییە کە لەبەر پێداگری لەخۆی لە بەرانبەر فراوانخوازیدا، قسەی هەڵبەستراوی وەپاڵ بخرێ. چونکە بە وردی لە خۆی دڵنیاییە و دەزانێت سنووری تۆمەت و تاوان چییە.
جا بۆیە هەرکات مرۆڤی تۆمەتبار لە خۆی دڵنیا نەبوو و لە یاسا (کە هێز دروستی دەکات) ترسا، ئەوە دیارە ملی بۆ ئەو یاسا ڕاکێشاوە و تووشی سزاش دەبێت. بەڵام ئەوەی ململانێی هێزی ڕەت کردووەتەوە، یان تووشی تاوان نابێت، یان ئەگەریش بەتاوانبار ناسێندرا، ئەوە دڵنیایە یاساکە ناڕەوایە نەک کردەوەی خۆی.
ئەوە کورد نییە کە دەستی داوەتە ناساندن و دابەزاندنی بوونی ئەوی تر، بەڵکوو ئەوە ئەوانن لە سەدان دامەزراوەی نیزامی، سیاسی، ئابووری و .. بەکار دێنن تاکوو بوونی مێژوویی کورد لێژ بدەنەوە نێو دەفری دەوڵەت-نەتەوەی سەد ساڵەوە. بە دیوێکی تردا ئەوە کێشەی کورد نییە کە دەرکەوتنی بە سادەیی، ڕاستەوخۆ مەترسیی لەسەر فۆرمی ساختەی هێز دروست دەکات، ئەوە زۆردارییە کە دەبێت مل بۆ هێزی هەقیقەت ڕابکێشێت! هەر بۆیە لێرەدا پێویستە دووپاتی بکەینەوە، کورد بوونێکە کە بەرگەی فرەڕەنگی و فرەلایەنی دەگرێت، بۆیە دەست نابات بۆ ناسنامە و سنووری ئەوی تر و ئەوە ئەوانن دیواری بوونیان لەسەر کورد هەڵچنیوە و بەر لەوەی خۆیان بناسێنن، بەوپەڕی ترس و لەرزەوە چاویان لەسەر کوردە، بەشکم بە ملدان بەهێز و هەڕەشە، ئەو کەلاوە بنلەق و لە ڕواڵەتدا ڕازاوەیە هەڵنەتێکێنێت و لە بوونی خۆی پاشەکشە بکات.
ئەگەر ئەمریکا لەسەر تەرمی سوورپێستەکان بونیاد نرا، وڵاتانی باکووری ئافریقا بە ناسنامەی ساختەوە، حاشا لە بوونی ئامازیغی دەکەن. ئەگەر چین هەمان هەنگاو دژی تەببەتییەکان هەڵدەگرێت و دەنگێکی بەهێز ئەو ڕاستییە نادرکێنێت، ئەوە دەنگی کورد شەپۆلێکی دژەستەمە کە بێ ئەوەی خۆی وشیارانە بڕواتە پێش، سنوورەکان کاڵ دەکاتەوە و کۆی ئەم نەزمە داسەپاوە لە چوارچێوەی ئەزەلی-ئەبەدی و بێ کەموکورتی بۆ حاڵەتی ڕاستەقینەی خۆی کە فۆرمێکی ساختەی هێزە دەگەڕێنێتەوە. ئەگەر ئەم هێزی هەقیقەتە ئەوەندە پێشخانی دەوڵەمەند و قووڵی هەیە، کەواتە دەبێت بەدەمیەوە بچین و بەجێی ئەوەی لە دەلاقەیەکی تەسکەوە و لە دوورەوە سەیری بکەین، لە نزیکەوە ڕێگە بدەین ڕەوایەتی خۆی، وەک ئەوەی هەیە، بگێڕێت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٤ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.