کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە کۆچی دوایی کرد

19:13 - 18 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، "ڕۆستەم مینبەری" ئەندامی دێرینی حیزب و کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

کاک "ڕۆستەم مینبەری" ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، لە گوندی "نییەر"ی ناوچەی سنە لە دایک بووە.


 دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، دەکەوێتە هاوکاری لەگەڵ حیزب و دەبێتە یەکێک لە شۆراکانی حیزب لە گوندی نییەر و هەروەها بەرپرسی هێزی بەرگری لەو ناوچەیە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٦٢ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی یازدە مانگ لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکاندا دەبێت و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت، بەڵام  بە چۆکدا نایەت و خۆڕاگرانە نهێنییەکانی حیزبی دەپارێزێت.

ناوبراو هەروەها لە ساڵەکانی ٦٥ و ٦٧ی هەتاویش بۆ جاری دووەم و سێهەم بۆ ماوەی چەندین مانگ دەسبەسەر دەکرێت، بەڵام زیندان و دەسبەسەری تۆزێک لە ورە و ئیرادەی بەرزی ناوبراو کەم ناکاتەوە.

کاک "ڕۆستەم" لە ساڵی ٦٠ی هەتاوییەوە کە پێوەندی بە حیزبەوە دەکات تا کاتی ماڵاوایی یەکجاری لە ژیان،  لەسەر بیر و باوەڕی خۆی بە ڕێبازی حیزب وەفادار دەمێنێتەوە. 

یەکێک لە ئاواتە گەورەکانی کاک ڕۆستەم ڕزگاریی کورد و کوردستان بوو.

"کاک ڕۆستەم" لەنێو خەڵکدا کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانە بوو و ڕێز و حورمەتێکی تایبەتی لەلای خەڵکی ناوچەکە هەبوو.

تەرمی کاک "ڕۆستەم" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە گوندی دیموکرات پەروەری نییەر بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی مینبەری و خەڵکی ناوچەکە بە گشتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.