کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند حیزب و لایەنی ڕۆژاوای كوردستان سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتیان كرد

19:16 - 18 خەزەڵوەر 2722

چەند حیزب و لایەنی ڕۆژاوای كوردستان لە سەردانێکدا بۆ نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، دڵخۆشیی خۆیان لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەربڕی و هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپات كردەوە.
 
لە ڕۆژەكانی ٧ و ٨ی نۆڤامبری ٢٠٢١ی زایینی بەرامبەر بە ١٦ و ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، شاندەكانی "حیزبی یەكیەتیی دێموكراتی كورد لە سووریا" بە سەرپەرەستیی خاتوو "فەسڵە یووسف" سكرتێری حیزبەكە، "ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا" بە سەرپەرەستیی دوكتور "كاوە عەزیزی" نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستان و "پارتی پێشەنگی كوردستان-سووریا" بە سەرپەرەستیی دوكتور "ئیسماعیل حەساف" سكرتێری پارتی "پێشەنگ"، سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن شاندی حیزبی دێموكرات بە سەرەپەرستیی "محەممەدساڵح قادری" نوێنەری حیزب لە هەولێر پێشوازییان  لێ کرا.

شاندی لایەنەكانی ڕۆژاوای كوردستان وێرای دەربڕینی دڵخۆشیی خۆیان لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپات كردەوە.

 لەلایەن نوێنەری حیزبەوە، وێڕای تیشك خستنەسەر دوایین بارودۆخی نێوخۆیی و كاردانەوەی جیهانیی پەیوەندیدار بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران، سپاسی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان كرا كە بۆ پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نواندوویانە.

لەو دیدارانەدا لەسەر كۆدەنگیی لایەنەكان بۆ پاراستنی یەكڕیزی كوردستانییان و بەردەوامی پەیوەندی و هاوكاریی نێوانیان لەپێناو چارەنووسێكی هاوبەشدا جەخت کرایەوە.