کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە سنە و مەریوان دەستی پێ کردووە

19:19 - 18 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵکی بەلووچستان و ڕێزگرتن لە شەهیدانی بەلووچستان مانگرتن بەڕێوە چوو.

لە داوی مانگرتنی شارەکان و داخستنی زۆربەی دووکان و بازاڕەکان لە هەندێک شار خۆپیشاندان دەستی پێ کردووە.

لە شاری سنە و مەریوان بەپێی زانیارییەکان خەڵک دەستی بە خۆپیشاندانەکان کردووە و دۆخی شارەکان ئاڵۆزه.

ئەمڕۆ لە شاری قوروە قوتابییان بە دروشمی "تەماشاچیمان ناوێ پەیوەست بە ڕیزەکانی ئێمەوە بن" ڕژانە سەر شەقامەکان.

جیا لەوە لە زانکۆکانی کوردستان و ئێرانیش خوێندکاران بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان.

لە بەلووچستانیش خەڵک لە هەوڵێكی یەکگرتووانەدا دووکان و بازاڕیان داخستووە.

ئەمڕۆ چلەی شەهیدانی زاهیدان بوو و لە ئێران و بە تایبەتی کوردستان بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ خەڵكی بەلووچستان دووکان و بازاڕیان داخست.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کردبوو کە بۆ چلەی شەهیدانی زاهیدان دەست بدەنە مانگرتن و خەڵکیش بەدەم ئەو بانگەوازەوە هاتن.