کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکاران و قوتابییان ڕوو بە توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

19:21 - 18 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، خوێندکاران و قوتابییانی سەرتاسەری ئێران، ڕوو بە توێژەکانی "مامۆستا، کرێکار، پەرستار، وەرزێڕ، خانەنشین و پزیشکـ"ـەکان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا داوا لەو توێژانە کراوە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست تێکەڵ بە کاروانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ببن.

هەروەها لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا وتوویانە: ''ئێمە خوێندکاران هاوارمان کرد کە منداڵی کرێکارەکانین و لەلایان دەمێنینەوە، کاتێک هەواڵی مانگرتنی کرێکارانی نەوتمان بیست ئاگرمان گرت، کاتێک مامۆستایانیان بە سیخوڕ ناودێرد کردن خەو لە چاوانمان زڕا، ئێمەش ساچمەمان بەرکەوت کاتێک مافی وەرزێڕان خورا، ئێمە خوێندکاران گیانمان دا، کاتێک بەسیجی و ئاخوندەکان کادری دەرمانییان فێری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا دەکرد، کاتێک گەشتی ئیرشاد بە باتوم لەسەری ژنانی ئێمەی دا بە نیشانەی ناڕەزایەتی حیجابمان لابرد''.

بەڵێ ئێمە لە پەنا ئێوە بووین و دەمێنینەوە چونکە لەسەر ئەو باوەڕەین یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین یان هیچکەس، چونکە ئازادیی هەموومان بە یەکەوە گرێ دراوە.  

ئێمە دڵنیاین ئێوەش تەواو ئەو شۆڕشە بە هی خۆتان دەزانن و خۆتان دامەزرێنەرانی ئەو شۆڕشە بوون و هیچ کەمیتان بۆ گۆڕەپانی خەبات دانەناوە بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوێک بێنە پێشێ ئێمە خوێندکاران و قوتابییانی سەرتاسەری ئێران داواتان لێ دەکەین بێنە گۆڕەپانی خەباتەکە چونکە ئەو خەباتە پێویستی بە هەڵسووڕانی زیاتری هەموو چین و توێژەکانە.

بێ گومان هەموومان پێکەوە جێژنی سەرکەوتن دەگرین و ئەو ڕۆژە نزیکە، بەهیوای وەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و سێکۆلار و مرۆڤتەوەر، تا وەدیهاتنی ئامانجەکانمان تەنانەت تۆزێکیش ناگەڕێینەوە دوایە.