کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی ئوسترالیا سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ئێران خراوەتە بەرباس

09:58 - 19 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە پارلمانی فیدراڵی ئوسترالیا یەکێک لە نوێنەران لە "ڤیکتۆریا" بە ناوی "کیت والھان" ڕوو بە سەروکوەزیران "ئاڵبەنیزی" وتوویەتی: ''ژمارەیەکی زۆری ئەو ئێرانییانەی کە لە وڵاتەکەمان دەژین داوا دەکەن کە ئوسترالیا پێویستە نەک بە قسە بەڵکوو بە کردەوە سەرکوتی خۆپیشادەران لەلایەن ڕێژیمی ئێران مەحکوم بکات.

هەروەها دەبێ وەکوو وڵاتانی "ئامریکا، کانادا، بریتانیا" و وڵاتانی دیکە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو ڕێژیمە.

 "والهان" پرسیارێکی لە پارلەمان کردووە و پرسیوویەتی: "ئوسترالیا لەو بارەیەوە چ کاردانەوەیەکی دەبێت''؟

سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە "ئاڵبەنیزی" لە وڵامدا وتوویەتی کە ئێمە بەداخین خەڵکی ئێران لەسەر داوای ویستەکانیان سەرکوت دەکرێن بەتایبەت ویستی ژنانی ئەو وڵاتە کە پاش کوژرانی ناخھەژینی "ژینا ئەمینی" ڕوویان داوە.

ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمان سەبارەت بەو بابەتە لە پێوندیداین و لەو چەند ڕۆژەشدا بڕیارە کۆبوونەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە "ئەندۆنێزی" ببەسترێ لەوێش سەرۆکی وڵاتان دەبینم و ئەو بابەتە لەگەڵیان دەخەمە بەر باس.

سەرۆکوەزیران باسی ئەوەشی کردووە کە وڵاتەکەی پێوەندییەکی بەھێزی ئابووریی لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام ئامادەین ھەموو شتێک بکەین تەنانەت ئەگەر بە زیانیشمان تەواو بێت، چونکە ئەو هەڵسوکەوتانەی دەسەڵاتدارانی ئێران دژی تاکەکانی کۆمەڵگا، پاساوهەڵگر نین.

دوای سەرۆک وەزێران، سەرۆکی ئوپوزیسۆن "پیتەر داوتۆن" و سەرۆکی حیزبی لیبڕال و دوھەم حیزب لە ئوسترالیا وتی: ''منیش ئەو هەڵسوکەوتانەی دەسەڵاتدارانی ئێران دژ بە ژنان و خۆپێشاندەران کە لەگەڵ ھیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی نایەنەوە شەرمەزار دەکەم و وەک ئێوە نوێنەران داوا دەکەم کە ھەنگاوی کاریگەر دژی ئێران ھەڵبگرن، لەو پێوەندییەدا ئێمە پشتیوانیی لە ھەموو ھەنگاوەکانی حکوومەت دەکەین کە دژ بە دەسەڵاتی ئێرانن.