ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، بەدوای شەهیدبوونی "فایەق مام قادری" یەکێک لە برینداربووانی ڕاپەڕین لە مەهاباد، خەڵکی مەهاباد بۆ جارێکی دیکە هاتنەوە سەر شەقامەکان و ڕق و تووڕەیی خۆیان دژ بە ڕێژیمی داگیرکەر لە کوردستان دەربڕی.
خەڵکی مەهاباد لە سەرلەبەیانییەوە چاوەڕێی هاتنەوەی تەرمی شەهید "فایەق" لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بوون و لەگەڵ گەیشتنەوەی تەرمی شەهید "فایەق"، خەڵکی شار بە پیر و لاو و ژن و منداڵەوە ڕوویان کردە بەر دەرگای ماڵی شەهید "فایەق" و بە پێشوازی تەرمی پیرۆزی ناوبراوەوە چوون.
هەزاران کەس لە خەڵکی بەهەڵوێستی شار لە حاڵێکدا کە تەرمی شەهید "فایەقـ"ـیان لەسەر شان بوو، دەستیان کرد بە دروشمدان و بۆ ناشتنی شەهیدەکەیان بەرەو گۆڕستانی شار کەوتنە ڕێ.
دروشمەکانی "بژی حیزبی دێموکرات"، "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، "شەهید نامرێ"، "کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان"، "ژن ژیان ئازادی" و نەمان بۆ خامنەیی و جاشەکان لەو دروشمانە بوون کە لەلایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی شارەوە دەوترانەوە و زایەڵەی بەرزی دروشمەکان شاری هەموو داگرتبوو.
هاوکات لەگەڵ ئەو حەماسەیە لە هەندێک لە مزگەوتەکانەوە سروودی شۆڕشگێڕانە بڵاو کرایەوە و ئاڵای ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە ئاگری تێبەردرا و لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی شەهید "فایەقـ"ـدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا.
بەبێ ئەوەی هێزەکانی ڕێژیم بتوانن یا هێزی ئەوەیان هەبێ بەرەوڕووی خەڵک ببنەوە، خەڵکی مەهاباد شەهیدەکەیان ناشت و ڕق و تووڕەیی خۆیان دژی ڕێژیم نیشان دا.
"فایەق مام قادری" شەوی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە خۆپیشاندانی خەڵک و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە فەلەکەی "ساعەتـ"ـی مەهاباد، کاتێک کە براکەی واتە "مەسعوود مام قادری" کە ئێستا لە زینداندایە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و هێزەکانی ڕێژیم دەیانهەوێ لەگەڵ خۆیان بیبەن، شەهید "فایەق" لەتاو براکەی خۆی بە هێزەکانی ڕێژیمدا دەکات و هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە بە چەکی کڵاشنیکۆف و چەکی ساچمەیی تەقەی لێ دەکەن و لەلای سەر و پشتییەوە بەتوندی برینداری دەکەن.
سەرەنجام ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، شەهید فایەق دوای نزیک بە ٢٥ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە شەهید دەبێت و تێکەڵ بە کاروانی سووری شەهیدانی نەتەوەی کورد دەبێت.
باوکی شەهید "فایەق" بەدوای ئەو ڕووداوەدا سکاڵای تۆمار کردووە و داوای کردووە کە تەقەکەران سزا بدرێن. لە ڕۆژانی ڕابردوودا باوکی شەهید فایەق بانگ کراوە بۆ شاری ورمێ و لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە داوای لێ کراوە کە لە سکاڵاکەی بکشێتەوە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوە کە بیکەن بە ئەندامی بۆنیادی شەهید بەڵام ناوبراو ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی کە ڕێژیم بکوژی کوڕەکەیەتی و هەر لەسەر ئەوە لە ئێستادا ڕێژیم خەریکی دۆسییەسازی بۆ باوکی شەهید فایەقە و دەیانهەوێت تۆمەتی ناڕەوای لێ بدەن.