ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە ناوی "بارام یارئەحمەدی" خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر بەهۆی ڕووداوی کارەوە پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، کاک بارام یارئەحمەدی ئەندامی دڵسۆزی حیزب و کەسایەتیی خۆشناوی ئاوایی تەنگیسەر و ناوچەکە بەهۆی ڕووداوی کارەوە پاش ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانەکانی سنە و تاران دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوبراو کەسیکی خۆشناو و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە و یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزب لەو ناوچەیە بوو.
کاک بارام کەسێکی نێشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو و لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا بێ دوودڵی چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبرد.
هەموو کات لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تەنگیسەر بەشداریی کردووە و ڕۆڵی گرینگی لەو چالاکییانەدا هەبوو و هیچکات لەبەر پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆڵی نەداوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری تەنگیسەر و ناوچەکە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.