کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەردەوامە

12:32 - 19 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە بۆکان، مەهاباد، سنە، کرماشان، سەقز، کامێران، قوروە، مەریوان و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دژی ڕێژیم بەردەوام بوو.

لە بۆکان لەسەر ڕێگای "حەسار" خەڵک ڕژانە سەر شەقام و ئاگریان کردەوە و دروشمی دژی دیکتاتۆریان گوتەوە.

لە مەهاباد هەزاران کەس لە خەڵکی شار بە پێشوازی تەرمی شەهید "فایەق مام قادریـ"ـیەوە چوون و لە گۆڕستانی ئەو شارە ناشتیان و دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، بژی حیزبی دێموکرات و کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان" و دەیان دروشمی دیکەیان وتەوە و ئاڵای ڕێژیمیان ئاگر دا و ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد، سروودی شۆڕشگێڕی لە مزگەوتەکانەوە بڵاو کرایەوە و زۆربەی ژنان و کچان لەچکەکانیان بە نیشانەی ڕق و بێزاری ئاگر دا.

لە سنە، بەتایبەت لە ناوچەی "نایسەر" و چەندین شوێنی دیکە خەڵکی بەهەڵوێستی شار ڕژانە سەر شەقامەکان و زۆربەی ڕێگاکانیان گرتبوو. خەڵکی بەهەڵوێستی شار دروشمی دژی ڕێژیم و جاشەکانیان دا و هەروەها پشتیوانییان لە خەڵکی برینداری زاهیدان کرد.

لە کرماشان خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و بۆ جارێکی دیکە جینایەتی ڕێژیمیان مەحکووم کرد و دروشمیان دا و ڕاپەڕینیان پڕشنگدارتر کرد و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

لە کامێران لە چەندین گەڕەکی شار، لاوان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و ئاگریان کردەوە و دروشمیان دا و جینایەتی ڕێژیمیان مەحکووم کرد.

لە سەقز لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بەتایبەت لە کەریم ئاوا خەڵکی شار هاتنە سەر شەقامەکان و ڕێگاکانیان گرت و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.

لە مەریوان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی بەهەڵوێستی شار بەردەوام بوو و هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خەڵک و زەرەر و زیانی زۆریان لە خەڵک دا.

لە قوروە، قوتابییانی قوتابخانەکان هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی ڕێژیمیان گوتەوە و بەو شێوەیە درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.