کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەقاودانی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەقز لەلایەن مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئەو شارەوە

16:11 - 19 خەزەڵوەر 2722

مامۆستایان، فەرهەنگییان و باوک و دایکی قوتابییانی شاری سەقز لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای شەرمەزارکردنی "حوسێن سەیدمورادی"، بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و هەروەها "مەهدی کاوە"، کارناسی حەراستی ئیدارەی پەروەردەی سەقز، ڕایانگەیاند کە ئەو دووکەسە دەستیان لە سەرکوتی خەڵک و ڕاپۆرت لێدانی مامۆستایانی نیشتمانپەروەر هەبووە.

مامۆستایان، فەرهەنگییان و باوک و دایکی قوتابییانی شاری سەقز، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە زۆر خەمبارین لەوەیکە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەنوەر سەقز"حوسێن سەید مورادی" و کارناسی حەراسەت " مەهدی کاوە" قوتابخانەکانیان کردۆتە بنکەی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپەریوی سەقز.

ئەو کەسانە سەرەڕای ئەوەیکە ٨ کەس لە مامۆستایانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەریان داوەتە هەیئەتی سەرپێچی لە بڕیارەکانی ئەو ئیدارەیە، لەماوەی ئەو کاتانەدا کە شۆڕشی خەڵک لە شاری سەقز گەیشتبووە لووتکە بە باتۆمەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی وەحشیانە خەڵکی ڕاپەڕیوی سەقزیان سەرکوت دەکرد.

 ناوبراوان قوتابخانە دواناوەندییەکانی" شاهێد، مێعراج و نیایش"یان کردبووە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە سەرکوتکەرەکان و دوژمنایەتیی خۆیان بۆ خەڵکی شاری سەقز سەلماندووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووەکە، سەرەڕای دەبڕینی ڕق و کینە، خۆمان لەو جۆرە کەسانە کە بەناوی پەروردەوە خەڵک سەرکوت دەکەن، ڕادەگەیەنین کە بەرپرسایەتیی هەر جۆرە کێشەیەک کە بۆ مامۆستایان و قوتابییانی ئەو شارە بێتە پێشەوە لە ئەستۆی ئێوەدایە.