فایەق مامقادری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی بەسەختی بریندار ببوو، پاش ٢٥ ڕۆژ مانە لە "کۆما" گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، تەرمی فایەق مامقادری لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گەڕێندرایەوە بۆ شاری مەهاباد و لە پێشوازییەکی گەرمی هاووڵاتییانی ئەو شارەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپیردرا و خەڵکی قارەمانی مەهاباد بە شێوەیەکی بەربڵاو خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە دروشمی "دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، حەتمەن دەستێنین تۆڵە" ڕق و تووڕەیی خۆیان ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و بەڵێنیان دا کە تۆڵەی شەهیدانی ڕاپەرینی سەرانسەریی لە هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران بکەنەوە.
خەڵکی بوێر و قارەمانی مەهاباد، لە پێشوازیی تەرمی فایەق مامقادری لەنێو شاردا خۆپیشاندانێکی گەورەیان بەدژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە برد و تەرمی شەهید "فایەق"ـیان لەسەر شان بوو و بە دروشمی "کوردستان ناوت بەرزە، دوژمن دێنێتە لەرزە" شەقامەکانی ئەو شارەیان پڕ کرد لە دەنگی دلێریی کورد بەدژی تاریکپەرەستانی ڕێژیمی ئێران.
جێی ئاماژەیە کە شەهید مامقادری تەمەن ٣٧ساڵ کوڕێکی تەمەن ١٣ساڵان و کچێکی ٧ ساڵانی هەبوو، کە لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن هێزە تێرۆریستەکانی خامنەییەوە شەهید کرا.