کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی توند لە دەوڵەتی ئاڵمان بەهۆی گەمارۆ نەخستنەسەر ڕێژیمی ئێران

15:01 - 19 خەزەڵوەر 2722

سەرۆکی پارلمانی ئورووپا، سەرەڕای بانگەوازێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی لێبڕاوانە لەسەر ڕێژیمی ئێران، داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەی لەسەر سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و هەروەها سەپاندنی گەمارۆگەلێکی نوێ بەدژی دەوڵەتی ئێران دەکات.

نوێنەرانی پارلمانی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە دەوڵەتی ئاڵمان و دواکەوتنی ئەو وڵاتە لە سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە، لە کاتێکدا یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی سەرکوتی شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێرانەوە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە خۆی ئامادە دەکات کە گەمارۆگەلێکی قورس بەسەر ئەو ڕێژیمە و بەرپرسەکانیدا بسەپێنێ، دەوڵەتی ئاڵمان بە سەرۆکایەتیی" ئۆلاڤ شۆلتز" تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە نەبووە.

نۆربێرت ڕۆتگێن، نوێنەری پارلمانی ئاڵمان، سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە دەوڵەتی ئاڵمان وتی: دەبێ دەوڵەتی ئاڵمان سەبارەت بە سەرکوت و کوشتنی سیستماتیکی شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران، پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و هەروەها سەرهەڵدانی شۆڕش بەدژی ڕێژیمی ئێران بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، هەڵوێستێکی لێبڕاوانەی هەبێ و گەمارۆ بسەپێنێ بەسەر ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەدا.

جێگەی ئاماژەیە کە یەکیەتیی ئورووپا پێشتر ١١ کەس لە بەرپرسان و ٤ ڕێکخراوی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کە لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێراندا دەور و نەخشی گرینگیان هەبوو خستۆتە لیستی گەمارۆکانەوە و ئێستاش خەریکی سەپاندنی گەمارۆی زیاترە بەدژی ئەو ڕێژیمە و بەرپرسەکانی.