کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: توانای چالاکیی سەربازییمان بەدژی دامەزراوە ناوکییەکانی تاران هەیە

15:03 - 19 خەزەڵوەر 2722

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە، لە بواری سەربازییەوە توانایی ئەوەمان هەیە کە هێرش بکەینە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی ئیسرائیل وتی: ئێمە وەکوو ئیسرائیل هێزی ئەوەمان هەیە کە چالاکیی سەربازی بەدژی دامەزراوە ناوکییەکانی تاران ئەنجام بدەین و دەبێ ئیسرائیل بۆ بەهێزترکردنی ئەو چالاکییە هەوڵی زۆرتر بدا و درێژە بەو کارە بدا، ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە لە چالاکییەکی سەربازیدا دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەناو ببەین و هێرش بکەینە سەری.

بەرپرسانی پلەبەرزی ئیسرائیلی چەندین‌ جارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا، بێنی گانست پێشتریش ڕایگەیاند کە دەبێ ئیسرائیل خۆی بۆ هەنگاوی سەربازی بەدژی بەرنامەی ناوکیی ئێران ئامادە بکا، لەلایەکی دیکەشەوە دوای ئەوەیکە "جۆ بایدن" لە مانگی پووشپەڕدا بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەفەری کرد، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەنیسبەت ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی تاران لەگەڵ بایدن لەو بارەیەوە قسە کراوە و ڕەزامەندیی دەربڕیوە.