کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی سەرئاڵاوای کۆمەڵێک لە یاساناس و پارێزەرانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات ڕوو لە کۆمەڵگەی جیهانی

16:37 - 10 خەزەڵوەر 2722

کۆمەڵێک له یاساناس، پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر سەرکوت و تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیو، نامەیەکی سەرئاوەڵایان ڕوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی وڵاتانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم کۆمەڵگەی جیهانی بڵاو کردەوە.

لەو نامەیەدا داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کراوە لە هەمبەر کردەوە دڕندانەکان و جینایەتی دژی مرۆڤایەتیی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ناڕەزایەتیی ئاشتییانەی خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵوێست بگرن. لە بەشێک لە نامەکەدا هاتووە: "داواکارین بۆ هەڵوێستگرتن و شەرمەزارکردنی کردەوەی دژەمرۆڤیی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە کردەوەی ئاشتییانەی خەڵکی ناڕازیی ئێران و داڕشتنی ڕێگەچارەیەک بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە توندوتیژی و پاراستنی پێکهاتەکانی تری ئەم کۆمەڵگەیە وەک کەمینە ئایینی، ئیتنیکی و ڕەگەزییەکان لە بەرانبەر مەترسیی کۆمەڵکۆژی و ژینوسایدی مرۆڤی، زمانی و کولتووری".

لە بەشێکی تری ئەو نامەیەدا هاتووە: "ئێمە وەک پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە شێوەی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پشتگیری و سپاس و پێزانین لە وتە بەنرخەکانی بەڕێز جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری تایبەت شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، داواکارین لە بەڕێزیان بەرانبەر بە ڕەفتاری دژە مرۆڤی بەسەر خەڵکی ئێران و تایبەتتریش دەرحەق بە ڕەگەزە جیاوازەکان و نەتەوەکانی تری بندەسەڵات و کەمینە ئایینییەکان دەکرێت، بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی بنجینەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر جینایەتی دژەمرۆڤی ڕێژیم لە ئێران هەڵوێست بگرن و خەڵکی مەدەنی بپارێزن." لە درێژەی ئەو نامەیەدا داوا کراوە کە کۆمەڵگەی جیهانی بەفەرمی سەرکوتی خەڵکی مەدەنی کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە هاتوونە سەرشەقام بۆ ڕێپێوان و مانگرتن و داواکارییان هەیە، هەروەها سەرجەم کردەوە نامرۆڤانەکانی ئەو ڕێژیمە بەتایبەت لەسەر خەڵکانی کوردستان و بەلووچستان کە لە هیچ تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی دەستی نەپاراستووە، شەرمەزار و ئیدانە بکرێت.

هەروەها لەو نامە سەرئاواڵایەدا داوا کراوە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە و خێرا کۆمیتەیەکی تایبەت لەسەر تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئێران و بەتایبەت لە بەلووچستان و کوردستان و ناوچەکانی تری ئێران پێک بهێنێت و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە بکەن.

بەشێکی دیکە لە داوای واژۆکەرانی ئەم نامەیە ئەوەیە کە چاوەدێرێکی تایبەت لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری بکرێت و ئەرکی تایبەت پی بسپێردرێت تاکوو دێکۆمێنت و بەڵگەی پێویست لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ژیندوسایدی ئیتیکی و زمانی و کولتووری و ... لە ئێران کۆ بکاتەوە و هەموو خەڵک بتوانن بە ئاسانی بەڵگەکانی خۆیان بگەیەننە دەستی.

لە کۆتاییی ئەو نامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی منداڵان بە ڕێژەیەکی دیار و بەرچاو و پێشێلکردنی بە ڕادەیەکی زۆر مافی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ... داوای دەرکردنی ئەو ڕێژیمە لە کۆمیسیۆن و کۆنڤانسیۆنەکانی مافی مرۆڤ، مافی منداڵان و کۆنڤانسیۆنەکانی تر کراوە.