کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن تایمز: تەنیا بە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران خەڵک دەتوانن بە ئازادی بگەن

18:10 - 19 خەزەڵوەر 2722

لە وتارێکدا لەژێر ناوی "بۆچی ڕێژیمی ئێران لە خەڵکی کورد دەترسێت؟" کە لەلایەن ڕۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"وە بڵاو کراوەتەوە باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێڕان بۆیە لە نەتەوەی کورد ترسی هەیە چون هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی تارانەوە خەڵکی کورد دەنگی "نا"یان بەو ڕێژیمە دا و بەو پێیەش "خومەینی" فتوای جیهادی دژی نەتەوەی کورد دەرکرد.

هەروەها باس لەوە کراوە کە خومەینی بۆ ئەوەیکە کوردەکان دەست لە ویست و داخوازییەکانیان هەڵگرن ئامادە بوو بڕی ٧٥ میلیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران بە نەتەوەی کورد بدات بەڵام خەڵکی کورد ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردەوە.

"واشنتۆن تایمز" لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چیرۆکی ژیانی کوردانی ئێران وەکوو کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەوانە "تورکیە، سووریە و عێراقـ"ـە و کوردبوون لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێران وەک تاوانێک دێتە ئەژمار.

ئەو ڕۆژنامەیە هۆکاری سەرەکیی ترسی ڕێژیمی لە نەتەوەی کوردی بۆ هەڵوێستی ڕوون و داخوازیی یاسای جیهانداگریی خەڵکی کورد لە بەرانبەر گوتاری "خومەینی" گەڕاندووەتەوە کە هیچکات خەڵکی کورد تەسلیمی ڕێژیم نەبوون و هەمیشە داکۆکییان لە خۆیان کردووە.

لە بەشی کۆتایی ئەو وتارەدا هاتووە کە بۆ بونیادنانی ئێرانێکی ئازاد دەبێ تەوای گەلانی ئێران ترس لە نەتەوەی کورد وەلا بنێن و هاودەنگ و هەماهەنگ لەگەڵ کوردەکان پەیوەست بە شۆڕشی "ژینا" ببن و ئیتر ڕێگە نەدەن بکەونە داوەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە.