کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە سینەماکارانی ژن لە ئێران پەیوەست بە خۆپیشاندەران بوون

18:26 - 19 خەزەڵوەر 2722

بەشێک لە سینەماکارانی ژن لە ئێران لەچکەکانیان لە سەریان هەڵگرت و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ حیجاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندەران دەربڕی و تێکەڵ بە دەنگی خەڵکی ناڕازی بوون. 

بەشێک لەو سینەماکارانە بریتین لە "کەتایوون ڕیاحی، شەونم فەرشادجوو، نیووشا مودەبێر، دونیا مەدەنی، تەرانە عەلیدووستی، خەزەر مەعسوومی و مینا کەرەمی".

هەتا ئێستا بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان، ورزشوانان، نووسەران، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراجۆر پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەربڕیوە.

دوای ئەوەیکە "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی٢٥ خەرمانان لە شاری تاران لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیم شەهید کرا، ژنان و کچانی ناڕازی لە قوتابخانە و زانکۆکان هاتە شەقامەکان و دژی یاسانی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران و کوردستان لەچک و سەرپۆشەکانیان لە سەریان فڕێ دا و دژی ئەو یاسایە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.