کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، سەقامگیریی ئەمنییەتیی ئێران دەچێتە قوناغێکی ترەوە؟

20:40 - 19 خەزەڵوەر 2722

ئارمان حوسێنی

پاش ڕووخانی نیزامی بنەماڵەی پەهلەوی لە ئێران و بەتاڵانبردنی شۆڕشی ۵٧ لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرانیەوە و هەروەها سەپاندنی خۆیان و بیروڕای خۆیان بەسەر جوگرافیا و کۆمەڵگەی ئێراندا، ئاڵوگڕێکی جیددی لە سیاسەتەکانی ناوخۆی ئێران و هەروەها سیاسەتی ئەمنییەتیی ئێران هاتە ئاراوە. خاڵێکی گرنگ کە دەبێت لەبەرچاو بگیردرێت، ئەوەیە کە سیاسەتی ڕێژیمی شایش هیچی کەمتر لە خومەینی نەبوو، بەڵام لەم نووسراوەیەدا زیاتر جەخت لەسەر ڕێژیمی خومەینی دەکرێ، بەو واتایە کە ستراتیژیی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو بەپێی یاسا بنەڕەتییەکی کە لە بنچینەخوازیی ئیسلامیی خومەینییەوە سەرچاوەی گرتبوو، هەموو خەڵکی بە "ئومەتی ئیسلام" پێناسە دەکرد و لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بە کافری لەقەڵەم دەدا.

بەپێی ئەو پێناسەیە، هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە ئومەتی ئیسلامن و دەبێت پێڕەوی یاساکانی ئیسلام بن. بەڵام لە بەرانبەردا بیرۆکە و ئەندێشەی ئازادیخوازی و نەتەوەتەوەریی کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان و نەتەوە و کەمینە ئایینی و ڕەگەزییەکانی تر لەو وڵاتەدا بوونیان هەبوو کە لە بازنەی وێژمانی ئیسلامتەوەریی خومەینیدا جێگەیان نەدەبووە و ئاخوندە تازە بەدەستەڵاتگەیشتووەکان لە پێشەوە بوون و هەموو خەڵکانی تری دەرەوەی ئەو بازنەیە بەرەو لەناوچوون دەچوون، بەڵام بە خۆڕاگری و بەرخۆدانی بەردەوامی ئەو چین و توێژ و نەتەوە جیاوازانە پلانەکەیان هەڵوەشایەوە و بۆیان نەچووە سەر.

ئەمنییەت، داخوازیی تاکەکەسی، نەتەوەیی و نێونەتەوەیی کە پێوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ ماف، ئاشتی و ئازادیدا هەیە، لەو جۆرە بابەتانەیە کە مرۆڤ دەبێت بەدواچوونیان بۆ بکات و زۆربەی ڕووناکبیرانیش لەو باوەڕەدان کە ئەمنییەت یەکێک لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە و باسێکی مێژوویی و داڵغەی هەمیشەیی مرۆڤ بووە. بەبێ هەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش، ئەگەی بەراوەردکردنی پێویستی و پێداویستییەکانی تری ژیان مرۆڤ و مرۆڤایەتی دژوار و نەلواوە و بە هەبوونی ئەمنییەت توانایییەکانی مرۆڤ زیاتر گەشە دەکات. کەوا بوو دەکرێت ئەمنییەت بە گرنگترین پێویستیی مرۆڤ و بە یەکێک لە گرنگترین پێویستییەکانی کۆمەڵیش ئەژمار بکرێت و هاوتەریبی پێویستییەکانی تری ژیان وەکوو دادپەروەری و ئازادی لەقەڵەم ئەدرێت. لە یاسای ئیسلامیشدا ئەمنییەت بە گەورەترین و بەنرخترین نێعمەتی ئیلاهی ئەژمار دەکرێت کە هەموو خەڵک پێویستیان پێیەتی و بەبێ ئەمنییەت، هیچ کام لە سامان، دارایی و نێعمەتەکانی ژیان بەنرخ و بۆ بەکارهێنان نابن.

بەپێی یاسای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەبەست لە ئەمنییەتی نیشتمانی و ناوخۆی وڵات، یەکیەتی، یەکپارچەیی و یەکگرتووییی خەڵکە، بەو پێیەش هەموو خەڵک نەتەوەی خۆیان لە چارەنووسی وڵات بە پشکدار دەزانن و بۆ پێشکەوتووییی وڵاتیش هەوڵ ئەدەن. نسکۆ و دابڕان لەنێوان خەڵکدا بووەتە  هۆکاری ئەوەی کە لەنێو زۆربەی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانیشدا ببێتە یەکەیەکی یەکگرتووی دۆڕاو و لە زۆربەی بوارەکانیشدا بووەتە وڵاتێکی ئۆتۆمیزە و دابەشکراو و جێگەی و پێگەی خۆشی لەدەست بدات.

دیارە کە یاسای ڕێژیمی ئێران جەخت لەسەر نەتەوەی ئێران دەکاتەوە و بیرۆکەکانی خومەینییش کە جەخت لەسەر ئومەتی ئیسلام دەکەنەوە، دوو واتا کە لە فەلسەفەی خومەینیدا بە تەواوەتی دژی یەکتر و پێکەوە دژواز و پارادۆکسن، بەڵام بۆ پەرەپێدانی بازنەی دزەکردن و دەسەڵاتی خۆیان و ڕوو بە ناوخۆی ئێران لە نەتەوەی ئێران و بۆ دەرەوەی ئێرانیش ئومەتی ئیسلام بەکار دەهێنن.

ئێستە باسەکەمان لەسەر ناو جوگرافیای ئێرانە و دەپڕژینە سەر باسی کاروباری ئەمنییەتیی خەڵکانی ئێران. بەپێی پێناسە و شیکاریی خودی ڕێژیم لەسە ئەمنییەت و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی و خامنەیی، کاتێک کوردێک یان بەلووچێک و ... هەست بە ئەمنییەت و ئاسایش دەکەن کە بە تەواوەتی شوناسی خۆیان لەبیر بکەن و حاشاشی لێ بکەن و خۆیان بە بەشێک له شوناسی دەستکردی ئێرانیی داسەپاو و سەپێندراوی ئەوان بزانن. هەر بەپێی ئەو یاسای ڕێژیمی ئیسلامییە، نەک خەبات و تێکۆشان لە پێناو شوناسی نەتەوەیی و کەمینەبوونی خۆت، تەنانەت باسکردنەکەشی دەچێتە بازنەی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەتی گشتیی کۆمەڵگە و بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی لەقەڵەمی دەدەن، هەر وەکوو ئەوەی کە بەردەوام لە ئێران ڕووی داوە و ئاگادارین بە تۆمەگەلێکی بێبنەمای (تجزیەطلبی) جیاییخوازی، تێرۆریستبوون، گرێدانەوە بە بێگانە و ... خەڵک ئازار و ئەشکەنجە دەکەن و لە زۆر بواریشدا خەڵک لەسێدارە ئەدەن و تەنانەت کۆمەڵکوژیش دەکەن.

ڕوون و بەرچاوە کە بە وەها یاسا و تێڕوانینێکەوە کە بەداخەوە زۆربەس ناوەندگەراکان هەیانە، ناتوانین ئەمنییەتی نەتەوەکان و کەمینە ڕەگەزی و ئایینی و ... لە ئێراندا پارێزراو نییە. دەبێت هەر لە ئێستە بیر لە ڕێکارێکی گونجاودا بین کە هەم بتوانین ئەمنییەتی هەموو خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران بە سەرجە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، ترک، لوڕ و ... پارێزراو بێت و هاوکاتیش شوناس نکۆڵی لێ نەکرێت و لە ئێران و بەتایەت لە پێتەختدا سانسۆر نەکرێن و بەو جۆرەی کە لە ناوەندی ئێران هێزە ئەمنییەتییەکان دەبینن و خەڵک لە لایاندا هەست ئە ئاسایش و ئارامی دەکات، لە ناوچە و هەرێمەکانی تر ئێرانیشدا بەو شێوەیە بێت، ئەو جار دەتوانین وابێژی ئەوە بکەن کە ئێران نیشتمانێکی موزاییکی بۆ هەموو پێکهاتەکان و بۆ ژیان شوێنێکی ئەمن و ئارامە. ئایینی و ... لە ئێراندا پارێزراو نییە. دەبێت هەر لە ئێستە بیر لە ڕێکارێکی گونجاودا بین کە هەم بتوانین

ئەمنییەتی هەموو خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران بە سەرجە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، ترک، لوڕ و ... پارێزراو بێت و هاوکاتیش شوناس نکۆڵی لێ نەکرێت و لە ئێران و بەتایەت لە پێتەختدا سانسۆر نەکرێن و بەو جۆرەی کە لە ناوەندی ئێران هێزە ئەمنییەتییەکان دەبینن و خەڵک لە لایاندا هەست ئە ئاسایش و ئارامی دەکات، لە ناوچە و هەرێمەکانی تر ئێرانیشدا بەو شێوەیە بێت، ئەوجار دەتوانین وابێژی ئەوە بکەن کە ئێران نیشتمانێکی موزاییکی بۆ هەموو پێکهاتەکان و بۆ ژیان شوێنێکی ئەمن و ئارامە.