کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆ و شۆڕش

20:51 - 19 خەزەڵوەر 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣١٤ دامەزرا، ساڵێک دواتر بۆ یەکەم جار خوێندکارانی زانکۆ بۆ دابینکردنی هەندێک پێداویستی ناڕەزایەتییان دەڕبری. لەو کاتەوە تا بە ئەمڕۆ بزووتنەوەی خوێندکاری بە شێوازی جیا هەبوون، جا هەندێک جار زۆر بەهێز و هەندێک جار لاواز. هەندێک جار لە چەقی گۆڕانکارییەکاندا بوون و هەندێک جاریش لە پەراوێزدا خۆیان دیوەتەوە؛ بەڵام هیچ کات بەتەواوی لە دڵی ڕاستییەکان و ڕووداوەکانی کۆمەڵگە دانەبڕاوە.

وشیاری و هەبوونی هێزی پرسیار و لێپرسینەوە لە خوێندکاری زانکۆدا وای کردوە کە زانکۆ و خوێندکار بۆ هەر دیکتاتورییەک پرسێکی گرینگ بێت، بە تایبەت ئەگەر ئەو دیکتاتورییە دیکتاتوریی مەلاکانی جەماران بێت، ئەو پرسە بۆ ئەوان ترسێکی گەورەشە. ئەو ترسە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە جێگای سەرنجی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بووە و تەنانەت هەر لە سەرەتای ساڵانی بە دەسەڵات‌گەیشتنیان بە پاکتاوکردنی زانکۆ کە ناوی "شۆڕشی فەرهەنگی"یان لەسەر دانا و بە گۆڕینی بەرپرسانی خوێندنی باڵا و زانکۆکان، دەرکردنی خوێندکارانی غەیرەخۆیی و تەنانەت گۆڕینی سەرچاوەکانی خوێندن بە تەواوی دانانی میکانیزمی جیاوازی ئیداری و لەشکری بۆ کۆنتڕۆلی قوتابیان هەوڵیان دا ئەو ناوەندە گرینگە کە ڕۆڵی بەرچاوی لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە، کۆنتڕۆڵ بکەن.

لەوانەیە هیچ بەڵگە و فاکتێک لەو قسەیەی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی تێڕوانین و ترسی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆ باشتر دەرنەخات کە بە ئاشکرا لە تریبونەوە دەیگوت، "زانکۆ لە بۆمبی ئەتۆم مەترسیدارترە." بەڵام سەڕەڕای ئەو هەمووە پلان و پیلان و کۆنتڕۆڵکردنی بە زەبری سەرکوت، دیسان نەتوانرا دەنگی زانکۆ و قوتابییان کپ بکرێت و خوێندکاران و زانکۆ بەردەوام لە هەر گۆڕانکارییەکدا بە نرخی خوێن لە گەڵ ئازار و ویستە ڕەواکانی خەڵک بەشدار بوون. وەک چۆن لەو خۆپێشاندانەشدا کە نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە، ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ یەکێک لە فاکتەکانی بەردەوامی شۆڕش زانکۆ، خوێندکاران و قوتابییانن.

بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد هەر لە سەرەتاوە دو ڕێگەی لە بەردەم بوو، یان دەبوا ببا بە بەشێک لە بزووتنەوە جیاوازەکانی خوێندکاری کە لەنێو نەتەوەی باڵادەست هەبوون و ئەگەر لەگەڵ ئەوان دژایەتی دەستەڵاتیشی کردبا، نەدەبا باسی لە ڕاستی کۆمەڵگەی کوردی و بە تایبەتی پرسی نەتەوەیەکەی کردبا. چونکە هەموو ئاراستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بە چەپ و ڕاستەوە نەک لەگەڵ داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد نەبوون، بەڵکو زۆر جاریش دژیشی بوون. یان دەبوو ڕێگەی دووەم هەڵبژێرن، ئەویش پەیوەست‌بوون بە شۆڕشی کوردییەوە کە ڕۆڵێکی تایبەتیان لەو بوارەدا بینیوە، نموونەی گرینگی ئەو شێوازە چالاکییە پەیوەست‌بوونی سمایل شەریفزادە و هاوڕێکانی بە حیزبی دێموکرات بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەرییەکی زۆریان دانا و ئەو ڕەوتە لە کات و سەردەمی جیاوازدا هەر بەو شێوەیە درێژەی هەبوو.

ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی شۆڕشدا دەبینین وێڕای ئەوەی کە سەرکوتی ڕێژیم لە زانکۆ بە دڕندانەترین شێوە بەردەوامە، بەڵام هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی ئەو خۆپێشاندانانەوە زانکۆ لە شۆڕش دانەبڕاوە.

ئەوەش نیشان دەدات کە زانکۆ هەروەک پێشتر تەنانەت ئەو جار زیاتریش گرینگە و دەبێ بە گرینگیەوە کاری لە سەر بکرێت، لە ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار خوێندکار لە زانکۆکانی پارێزگاکانی کوردستاندا دەخوێنن، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خوێندکارانی کورد لە زانکۆکاکی دەرەوەی کوردستانن کە باشتر پرسەکانی کورد بۆ ناوەند دەگوازنەوە و، ئەو ژمارەیە زۆرەی خوێندکاری زانکۆ ڕاستی گرینگی ئەو ناوەندە زیادتریش دەردەخات.

ئەوەی تا ئێستا دەبینین چالاکییەکانی نێوخۆی زانکۆکان کە زۆرتر لە زانکۆکاندا ماوەتەوە زۆر و کاریگەرن، بەڵام بەباشی بۆ شەقامەکان نەگوازراونەتەوە و، دەبێ کار بۆ ئەوەی بکرێت ئەو چالاکییانە بگوازرێنەوە بۆ سەر شەقەم. گواستنەوەی چالاکییەکانی نێوخۆی زانکۆ بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی پاراستنی زیاتری گیانی خوێندکاران، چونکە لەنێو زانکۆ گەمارۆ دەدرێن و باشتر دەبنە ئامانجی هێزەکانی ڕێژیم و ئەو بابەتەش زیانی گیانیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە گواستنەوەی ئەو چالاکییانە بۆ سەر شەقام وێڕای پاراستنی گیانی خوێندکاران دەبێتە هۆی بەرفراوان‌بونەوەی خۆپێشاندەران و کاریگەریی زۆرتر، بەتایبەتی کە خوێندکاران لە هەموو بوارێکەوە دەتوانن لەگەڵ خەڵک ئەو خۆپێشاندانانە بەڕێوە ببەن. بۆیە پێم‌وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەکردەوە پەیوەست‌بوونی زانکۆ و شەقام زیادتریش دەبینین. ئەو بابەتە زیادتر بۆ قوناغی ئێستایە بەڵام لە داهاتووی سەرکەوتنی شۆڕش و بە تایبەتی لە ئازادیدا دەبێ ئەو بزووتنەوە ڕۆڵی جیدی بگێڕێ بۆ ئەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕش شۆڕش بەرەو ئاراستەیەک نەبردرێ کە مێژوو دوبارەببێتەوە. هەر بۆیەش کارکردن لە سەر ئەو بزوتنەوەیە بە دەرفەتێک بۆ شۆڕش و دوای شۆڕش هەژمار دەکرێت و پێویستە ئەو دەرفەتە کەڵکی لێ وەربگیرێ.