کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕاپەڕینی خەڵکی ئازادیخواز لە مەهاباد

11:47 - 20 خەزەڵوەر 2722

شەوی پێنجشەممە ۱۹ی خەزەڵوەر، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی خەڵک لە شەقامەکانی مەهاباد هەروا درێژەی هەبوو و تا دێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەچنە قۆناخی نوێتر و جیاوازترەوە.

وەکوو شەوانی پێشتر  لە گەڕەکی "بەری شیلانان" لاوانی شار دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و ئاگریان کردەوە و  دروشمەکان لە کۆڵان و شەقامەکانی شار دەنگیان دەدایەوە.

دروشمەکانی "داگیرکەر داگیرکەر لە نیشتمان بڕۆ دەر، بژی کوردستان، بژی حیزبی دێموکرات نیشاندەری ڕێی خەبات، نەمان بۆ خامنەیی و جاشەکان، نەسرەوتن تا سەرکەوتن، ژن ژیان ئازادی، شەهید نامرێ، دایە مەگری بۆ ڕۆڵە'' و چەندین دروشمی دیکە دەوترانەوە.

هەروەها لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە سروودی شۆڕشگێڕانە بڵاو کرایەوە و هەر لەوێشەوە داوا لە خەڵک کرا کە پەیوەستی خۆپیشاندان بن و لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە لاوانی شار خوێنی هاونیشتمانییانی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی ئێرانییان لەبیر نەکرد و  هاوخەمییان بۆ شەهیدانی شاری زاهیدان دەربڕی و هەروەها پشتیوانییان لە خۆپیشاندانی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران کرد و دروشمی "لە کوردستان تا سیستان، دەبێت ئازاد بکرێ"ـیان بەرز کردەوە.

شەوی ڕابردوو شەقام و کۆڵانەکانی مەهاباد لە دەستی لاوانی شۆڕشگێڕدا بوو و خەڵک ئازادانە دروشمیان دەدا و چەپڵەیان لێدەدا و زایەڵەی سروودە شۆڕشگێڕییەکان دەنگی دەدایەوە و هێزەکانی ڕێژیم نەیانتوانی لە هیچ شوێنێک بەرەوڕووی خەڵک ببنەوە.